چۆن منداڵەکەت لە تووشبوون بە ئیفلیجی و نەخۆشیی سیل دەپارێزیت؟

چۆن منداڵەکەت لە تووشبوون بە ئیفلیجی و نەخۆشیی سیل دەپارێزیت؟
بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراسە، د. کاوێس زەنگەنە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵانە و باسی سوودە تەندروستییەکانی بەکارهێنانی ڤاکسین دەکات، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کوتانی منداڵان ئەرکێکی زانستی و سەرەکیی دایکان و باوکانە، هەروەک چۆن بەخێوکردن و پەروەردەکردنیان لە ئەستۆدایە.

د. کاوێس زەنگەنە روونیدەکاتەوە کوتان یان ڤاکسین ژیانی منداڵ لەو نەخۆشییە کوشندانە دەپارێزێت کە چارەسەریان نییە یان زۆر سەختە، دەشڵێت: (بیرۆکەی کوتان بریتییە لە ناساندنی میکرۆبێکی کوژراو یان لاوازکراو بە سیستمی بەرگریی لەش، بۆ ئەوەی لەش دژەتەنی بۆ دروست بکات و لە کاتی تووشبوونی راستەقینەدا بتوانێت بەرگری بکات و نەخۆش نەکەوێت).

خشتەی کوتان، کە لە کوردستان پەیڕەو دەکرێت، خشتەیەکی جیهانییە و لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و یونیسێفەوە داڕێژراوە. ئەم خشتەیە لە یەکەم رۆژی لەدایکبوونەوە دەست پێدەکات و تاوەکو تەمەنی پێش چوونە قوتابخانە بەردەوام دەبێت. دکتۆر کاوێس هۆشداری دەدات لەوەی کە نابێت هیچ ژەمێکی کوتان پشتگوێ بخرێت یان دوابخرێت، چونکە هەر ڤاکسینێک بۆ پاراستنە لە نەخۆشییەکی دیاریکراو لە تەمەنێکی گونجاودا و تەواونەکردنی خشتەکە منداڵەکە لە مەترسیی تووشبووندا دەهێڵێتەوە.

د. کاوێس زەنگەنە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لەگەڵ دکتۆر ئاراس ئاماژە بە مەترسییەکانی نەخۆشیی سیل و ئیفلیجی منداڵان دەکەن ئەگەر کوتان بۆ منداڵان نەکرێت، دکتۆر ئاراس دەڵێت چارەسەری سیل پرۆسەیەکی درێژخایەنە و نەخۆش پێویستی بە خواردنی هەزاران حەب دەبێت کە کاریگەریی لاوەکییان هەیە، لە کاتێکدا ئیفلیجی منداڵان هیچ چارەسەرێکی نییە و دەبێتە هۆی کەمئەندامیی هەمیشەیی یان گیانلەدەستدان. دکتۆر ئاراس بە گرافیک روونیدەکاتەوە بەهۆی ڤاکسینەوە، ژمارەی تووشبووانی ئیفلیجی لە جیهاندا لە 400 هەزار حاڵەتەوە لە ساڵی 1980 بۆ تەنیا 6 حاڵەت لە ساڵی 2021 کەمبووەتەوە.

لە کۆتاییدا، دکتۆر کاوێس زەنگەنە، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە گوایە ڤاکسین دەبێتە هۆی ئۆتیزم یان دواکەوتنی گەشەی منداڵ و بە "قسەی کەسانی نامەسئوول" ناویان دەبات کە هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە. ئەو روونی دەکاتەوە کە کاریگەرییە لاوەکییەکانی وەک تایەکی سووک و ئازار ئاسایین و کاتین، بەڵام مەترسیی نەخۆشییەکان زۆر گەورەترن. ئەو جەخت دەکاتەوە کە ڤاکسین، لەگەڵ پاکوخاوێنی و دژەبەکتریاکان، یەکێکن لەو سێ هۆکارە سەرەکییەی کە مرۆڤایەتییان لە نەخۆشی و مردن پاراستووە.