Dr Aras - نەخواردنی دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەکان کارەساتی لێدەکەوێتەوە
چارەسەرنەکردنی بەشێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان، رەنگە بە خۆکوشتن کۆتاییان بێت
رووداو - تەندروستی
بەرنامەیەکەی نوێی دکتۆر ئاراسە و باسی نەخۆشییە دەروونییەکان دەکرێت، پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکان دەڵێت: هەموو کەسێک پێویستە راوێژی پزیشکی دەروونی بکات و باشترە پێش نەخۆشکەوتن سەردانی پزیشکی دەروونی بکرێت.
دکتۆر رێدار ئەمین، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان رایدەگەیێنێت، بەهەڵە کۆمەڵێک لێکدانەوەی نازانستی بۆ نەخۆشیی دەروونی دەکرێن، هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات کە لانیکەم ساڵانە جارێک سەردانی پزیشکی دەروونی بکرێت.
دکتۆر رێدار ئەمین دەڵێت: بەشێوەیەکی بەرچاو سەردانکردنی پزیشکی دەروونی ئاسایی بووەتەوە، ''خەڵک زۆرتر و بەبێ شەرمکردن سەردانی پزیشکی دەروونی دەکەن''.
ئەم سپپۆڕەی دەروونی هۆشداری دەدات کە خۆدزینەوە لە سەردانکردنی پزیشکی دەروونی کارەساتی لێدەکەوێتەوە، چونکە نەخۆشیی دەروونیش وەکو نەخۆشیی جەستەیی چارەسەری هەیە، هاوکات دەڵێت: نابێت سەردانکردنی پزیشکی دەروونی
دوابخرێت.
لەبارەی دەرمان و چارەسەرییەکانی نەخۆشییە دەروونییەکانەوە گوتی، نەخۆشانی دەروونی بە دروستی چارەسەربکرێن، خۆکوشتنەکان کەمدەبنەوە و نەخواردنی دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەکان کارەساتی لێدەکەوێتەوە، چونکە دەبێت تەنیا
پزیشک بڕیار لە وەستاندنی خواردنی دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەکان بدات.
هاوکات روونیشی دەکاتەوە کە نەخۆشییە دەروونییە درێژخایەنەکان دەرمانی درێژخایەنیان دەوێت، ''هەندێکیان چاکدەبنەوە و هەندێکیش کۆنتڕۆڵدەکرێن''.
ئەم پسپۆڕە گوتیشی، هەندێک کەس پزیشک نین و بەناوی چارەسەر خەڵک بەلاڕێدادەبەن و رێنوێنیی دایک و باوکان دەکات کە زۆر رووبەڕووی خاڵە نەرێنییەکانی منداڵەکەیان نەبنەوە، چونکە پەروەردەیەکی دروستی منداڵ، لە داهاتوودا لە نەخۆشیی دەروونی دەیپارێزێت.
''زەیتوون وەکو میوە بۆ نێو زەڵاتە و وەکو زەیت بەکاربهێندرێت''
بەشێکی بەرنامەکە تایبەت بوو بە باسکردنی سوودەکانی زەیتی زەیتوون و خۆراکناسێک دەڵێت: زەیتوون دەوڵەمەندە بە زۆربەی کانزا و ڤیتامینە بەسوودەکان، هەروەها بڕێکی زۆر لە ریشاڵەکانی تێدایە کە کۆئەندامی هەرس
رێکدەخات.
نوور ئوسامە، خۆراکناس دەڵێت: زەیتوون دەوڵەمەندە بە چەورییە سوودبەخشەکان و مادە دژەئۆکسێنەکان، هاوکات گوتیشی، زەیتوون وەکو میوە بۆ نێو زەڵاتە و وەکو زەیت بەکارهێندرێت.
نوور ئوسامە ئاماژە بەوەش دەکات، زەیتوون دەوڵەمەندە بە کالسیۆم و پووکانەوەی ئێسک کەمدەکاتەوە و پیربوونی پێستیش دوادەخات.
''نابێت ستیان تەسک بێت و 100٪ پەمۆی تێدا بەکارهاتبێت''
دکتۆر سنوور ئاکرەیی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری باسی چەند راستییەک لەبارەی جلی ژێرەوە دەکات و دەڵێت: جلی ژێرەوە پەیوەندی راستەوخۆی بە تەندروستیی پێست هەیە.
ئەم پسپۆڕەی پێست گوتی، جلی تەسک هۆکارێکی هەوکردنە کەڕوویی و بەکتریاییەکانە بەتایبەت هەوکردنی میزەڕۆ، هەروەها گوتیشی، ''دەبێت جلی ژێرەوە لە قوماشێکی باش دروستبکرێت''.
دکتۆر سنوور ئاکرەیی لەبارەی ''ستیان''ەوە دەڵێت: ''نابێت ستیان تەسک بێت و 100٪ پەمۆی تێدا بەکارهاتبێت، لەگەڵیشیدا گرنگە هیچ پارچەیەکی ئاسن لەنێو ستیان نەبێت''، هاوکات ئەوەش ئاشکرا دەکات کە دوورنییە جلی خراپی ژێرەوە هۆکارێکی نەزۆکی بێت.
ئەم پسپۆڕە پێی باشە کە خانمان لەکاتی خەوتندا ستیان نەبەستن و دەڵێت: ''بۆ دووربوون لە شێرپەنجەی مەمک، باشترە ستیان تەسک نەبێت''.
بە گوتەی دکتۆر سنوور، دەبێت جلی ژێرەوەی خانمان و پیاوان 100% لە پەمۆ دروستکرابێت و نایلۆن لە پێکهاتەی جلی ژێرەوەدا نەبێت، چونکە نایلۆن لە جلی ژێرەوەدا بێت، هۆکارە بۆ ئارەقە و بۆنی ناخۆش.
لەبارەی جلی ژێرەوەی پیاوانیشەوە گوتی، زۆر تەسک و زۆر فراوان نەبێت و رۆژانە جلی ژێرەوە بگۆڕدرێت.