Dr Aras - یەکێک لە مەترسییەکانی تاتۆ بڵاوکردنەوەی نەخۆشییە گوازراوەکانە
رووداو - تەندروستی
ئەم هەفتەیە لە بەرنامەی دکتۆر ئاراس باسی پاشهاتە تەندروستییەکانی تاتۆ کران و پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست دەڵێت:
دکتۆر شادیار ئەکرەم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایدەگەیێنێت، نابێت لە هەموو شوێن و لای هەموو کەسێک تاتۆ بکرێت و یەکێک لە پاشهاتەکانی تاتۆکردن هەوکردنی پێستە.
دکتۆر شادیار گوتی، یەکێک لە پاشهاتەکانی تاتۆکردن هەستیارییە بە رەنگی تاتۆ، هەروەها دەڵێت: ''تاتۆ بۆ کەسێک ناکرێت حەبی خوێن شلکردنەوە بخوات''.
ئەم پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی خوێن هۆشداری دەداتە تووشبووانی نەخۆشیی ''سەدەف'' کە نابێت تاتۆ بکەن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوەی دەگەڕێنێتەوە کە پاشهاتی خراپتر لەسەر پێست دروستدەکات.
دکتۆر شادیار باسی ئەوەش دەکات کە پێویستە کەلوپەلەکانی تاتۆ لە پاکەتی داخراودابن و تەنیا یەکجار بەکاربهێندرێن و ئامێرەکانی تاتۆ بە رێگەی پزیشکیی تایبەت پاکبکرێنەوە، هاوکات پێش تاتۆکردنیش رێنمایی بەو کەسانە بدرێت کە پێستیان هەستیارە.
بە گوتەی پسپۆڕەکە، یەکێک لە مەترسییەکانی تاتۆ بڵاوکردنەوەی نەخۆشییە گوازراوەکانە بۆیە بە پێویستی دەزانێت، ئەو کەسەی تاتۆ دەکات هیچ نەخۆشییەکی گوازراوەی نەبێت.
لە بەشێکی قسەکانیدا گوتیشی، کەسێک تاتۆی هەبێت دەتوانێت خوێن ببەخشێت، بەمەرجێک بە خاوێنی تاتۆکەی کردبێت، باسی ئەوەشدەکات کە رەنگە تاتۆکردن ببێتەهۆی شێرپەنجەی پێست.
بڕگەیەکی بەرنامەکە تایبەتە بە سوودەکانی گوڵەبەڕۆژە و لەنێو ستۆدیۆ ''عەرەبانەیەک'' لە گوڵەبەڕۆژە دانراوە و دکتۆر ئاراس لەگەڵ میوانەکەی باسی دەکەن، میوانەکەشی دەڵێت: گوڵەبەڕۆژە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین، پرۆتین و کانزاکان، بەڵام پێویستە رۆژانە مشتێکی لێ بخورێت.
کاژین یونس، بەکالۆریۆس لە خۆراک، لەبارەی پێکهاتەی گوڵەبەرۆژەوە گوتی، گوڵەبەڕۆژە سەرچاوەیەکی باشی وزە و چەورییە سوودبەخشەکانە، هەروەها دەشڵێت: گوڵەبەڕۆژە زۆر بخورێت هەوکردن لە جەستەدا دروستدەکات.
کاژین یونس دەشڵێت: باشترە گوڵەبەڕۆژە بە خوێ سوێر نەکرێت و زیادەڕەوی لە خواردنی گوڵەبەڕۆژەی سوێرکراو نەکرێت، چونکە دەشێت پەستانی خوێن بەرزبکاتەوە و زیپکەی پێست دروستبکات.
بەشێکی بەرنامەکەش تایبەت بوو بە باسکردنی ئەو مەرجانەی ناو ئۆتۆمبێلە کە پێویستە لەسەر منداڵ جێبەجێبکرێن، پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵانیش دەڵێت: لەباوەش گرتنی منداڵ لەکاتی شۆفێری مەترسیدارە، چونکە ''منداڵ لەباوەش
بگیرێت، رەنگە لەکاتی رووداودا تووشی خوێنبەربوونی مێشک ببێت''.
دکتۆر عەبدولمەتین عەبدولرەحمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان گوتی، لەکاتی رووداوەکان مەترسیی لەسەر سەر و ملی منداڵ زۆرە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت کە منداڵ تەنیا لە کوشنی پشتەوە دابندرێت.
پسپۆڕەکەی منداڵان ئاشکراشی دەکات، ''منداڵ پێش 13 ساڵان لە پێشەوەی ئۆتۆمبێل دانەنیشێت و باشترە منداڵ لەسەر کوشنی تایبەتی خۆی دابندرێت''.دکتۆر عەبدولمەتین عەبدولرەحمان دەڵێت: ''منداڵی کەمتر لە دوو ساڵ رووی لەدواوەی کوشنی پشتەوە دابندرێت.