مریشکی بازاڕەکان تەندروست نییە و بە حەڵاڵی سەر نەبڕدراوە

مریشکی بازاڕەکان تەندروست نییە و بە حەڵاڵی سەر نەبڕدراوە
بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراس، کۆمەڵێک جۆری مریشک، بەستوو، هاوردە، زیندوو و خۆماڵی لە ستۆدیۆ هەن، دوو میوانی پسپۆڕ لە بوارەکە باسی جۆرە جیاوازەکان، کوالێتی و پێکهاتەکانیان دەکەن، روونیدەکەنەوە کام جۆری مریشک نابێت بخورێت.

د. دیلان هوشیار، پزیشکی ڤێتێرنەری و د. شیلان ئارام، پسپۆڕی بەخێوکردن و بەڕێوەبردنی پەلەوەڕ و مریشک کە دکتۆرای لە بوارەکە هەیە میوانی بەرنامەی دکتۆر ئاراسن، ئەوان کۆکن لەسەر ئەوەی یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییەکان، مریشکی بەستووی هاوردەکراوە. دەڵێن: (نازانرێت چی پێدراوە، ئایا بە زیندوویی سەربڕاوە یان مردار بووەتەوە، هەروەها لە ماوەی گواستنەوەی درێژخایەندا چەند جار خاو بووەتەوە و دووبارە بەستوویەتییەوە. ئەمەش  جگە لەوەی کە بەها خۆراکییەکەی لەدەست دەدات، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی رێژەیەکی زۆری کێشەکەی ئاو و بەفر بێت کە بە نرخی گۆشت دەکڕدرێت).

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە هاوردەکردنی مریشکی بەستووی قەدەغە کردووە. بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەشێوەی تەلەفۆن لە بەرنامەکە بەشدارە و رایگەیاند بەرهەمی ناوخۆیی زۆر زیاترە لە پێداویستیی بازاڕ و لە رووی تەندروستییەوەش تێبینییان لەسەر جۆری ئەو مریشکانە هەیە کە لە دەرەوە دەهێندرێن. لە وەڵامی دکتۆر ئاراس دەڵێت: (ئەو وەک دایکێک و ژنێکی ماڵەوە، جەختی لەوە کردەوە کە خۆی مریشکی زیندووی ناوخۆ بەکاردەهێنێت و هیچ مریشکی بەستووی هاوردەکراو ناخوات).

یەکێک لەو پرسیارە باوانەی کە لەنێو خەڵکدا هەیە، بەکارهێنانی هۆرمۆنە لە کێڵگە پەلەوەرییەکاندا. دکتۆر دیلان، پزیشکی ڤێتێرنەری، ئەو بابەتە بە تەواوی رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "لۆجیک نییە" چونکە نرخی هۆرمۆن زۆر گرانە و لە رووی ئابوورییەوە بۆ خاوەن کێڵگەکان بەسوود نییە".

بەپێی رای پسپۆڕە میوانەکان، مریشکی خۆماڵی (کوردی) بە باشترین و تەندروستترین جۆر دادەنرێت. چونکە بە شێوەیەکی سرووشتی بەدوای خۆراکدا دەگەڕێت، جووڵەی زۆرە، ئەمەش وادەکات رێژەی چەوریی کەمتر و پرۆتینی زیاتر بێت. گۆشتەکەی تام و بۆنێکی خۆشتری هەیە و ماددەی کۆلاجینی زیاترە، کە بۆ تەندروستیی جومگە و پێست بەسوودە.

لە کۆتاییدا، پزیشکە بەشداربووەکان پێیان وایە، شێوازی سەربڕین کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کوالێتیی گۆشتەکە هەیە. سەربڕینی مریشک لەسەر شەقام و کۆڵانەکان ناتەندروستە، چونکە خوێن باشترین ژینگەیە بۆ گەشەکردنی بەکتریا. هەروەها، ترساندنی ئاژەڵەکە پێش سەربڕین دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی سترێس، کە نەک هەر تامی گۆشتەکە ناخۆش دەکات، بەڵکو بەپێی هەندێک سەرچاوەی زانستی، دەکرێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر باری دەروونی ئەو کەسەش هەبێت کە دەیخوات.