دەرزی تێکەڵە،کهول، سیر و پیاز ،کامیان ڤایرۆس و پەتاکان لەنێودەبەن؟

11 December 2025
دەرزی تێکەڵە،کهول، سیر و پیاز ،کامیان ڤایرۆس و پەتاکان لەنێودەبەن؟

بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراسە.. دکتۆر ئاراس بوتڵێك کهولی بەدەستەوەیە، دەڵێت ئایا ئەمە چارەسەری پەتاکان دەکات، ئایا دەتوانێت ڤایرۆسەکان بکوژێت؟ د. پشدەر عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵانە، لە بەرنامەکەدا رۆڵی کهول لە چارەسەری پەتاکان رووندەکاتەوە.

بەشێکی بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئاراس لەبارەی پەتاکانی وەرزی زستانە و بەشێکی دیکەشی لەبارەی زیانەکانی سۆس، کەچەپ و مایۆنیزە، د. دوعا شێخموس کە دەرمانساز و پسپۆڕی خۆراکە دەڵێت، چەندین مادەیان تێدایە کە دوژمنی مرۆڤن، نایشارێتەوە پڕن لە شەکر، خوێ و مادەی دیکەی وەکو جۆرە جیاوازەکانی بەهارات.

د. پشدەر عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت هۆکارێكی بەربڵاوی پەتا وەرزییەکانی ئێستا جۆرێكی ڤایرۆسە بەناوی RSV، کە 90٪ـی منداڵان تووش دەکات، لەدوای ئەو ڤایرۆسەکانی دیکەی وەکو ئەنفلەوەنزا و رەنگە کۆرۆناش هەبن وەکو هۆکاری تووشکەر.

 د. پشدەر عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان روونیدەکاتەوە ڤایرۆسەکان بۆ چارەسەر پێویستیان بە خواردنەوەی شلەمەنی، پشوودان و وەرگرتنی ئازارشکێن و دەرمانی دژە تا-ـیە نەک دەرزی تێكەڵە و دەرمانە دژە بەکتریاکان.

لە باسکردنی دەرمانە تێكەڵەکان و دەرزی تێكەڵەدا، دکتۆر ئاراس لە د. پشدەر دەپرسێت، ئەگەر دادوەری تەندروستی بیت؛ سزای ئەو کەسانە چییە کە دەرزی تێكەڵە بەکاردەهێنن؟، د. پشدەر عەبدوڵڵا دەڵێت سزاکەیان دەبێت وەکو سزای کەسی بکوژ بێت، چونکە دوورنییە دەرزییەکە کەسەکە بکوژێت.

بەگوتەی د. پشدەر عەبدوڵڵا سیر، پیاز و سەوزەکان یارمەتیدەرن لە رووبەڕووبوونەوەی پەتاکان و دژەڤایرۆسن، بەرگریی جەستە بەهێزدەکەن و کەسەکە خێراتر چاکدەکەنەوە.

بینەری بەرنامەکە بن، د. دوعا باسی کەچەپی تەندروست دەکات.