د. کاوان شاڵی، راوێژکاری نەشتەرگەریی گشتی

02 May 2024
د. کاوان شاڵی، راوێژکاری نەشتەرگەریی گشتی

بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراس، پزیشکێکی راوێژکاری نەشتەرگەریی گشتی و نەشتەرگەرییەکانی کۆڵۆن و رێکە لە گلاسکۆ میوانی بەرنامەکەیە، بە درێژایی بەرنامەکە رۆژانی کارکردنی لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە، راوێژکاری و دواتر لە زانکۆ پێشاندەدەین و رۆژانی پڕ لەکاری دەخەینەڕوو.

د. کاوان شاڵی، راوێژکاری نەشتەرگەریی گشتی و نەشتەرگەرییەکانی کۆڵۆن و رێکەیە لە گلاسکۆ، لە سەرەتای بەرنامەکە بە دکتۆر ئاراس دەڵێت شوێنەکەیان هێندە ساردە، نزیکەی 20 ساڵە لەو وڵاتەیە و لەگەڵ سەرماکە رانەهاتووە، دکتۆر ئاراسیش دەڵێت سەرماکەیان سەرمایەکی راستییە.

دکتۆر ئاراس برادۆستی سەردانی پارکێکی ناوچەکە دەکات، دەبینێت گەنجێک کە خەریکی پاککردنەوەی پارکەکەیە پارێزەری بۆ گوێچکەکانی داناوە و لەگەڵی دەکەوێتە قسەکردن و گفتوگۆ، گەنجەکە دەڵێت ئامانجی لە دانانی پارێزەرەکان سەلامەتی توانای بیستنییەتی و دکتۆر ئاراسیش پارێزەرەکە تاقیدەکاتەوە و دەڵێت ئەم خۆپارێزییە، ئەلفوبێی کاری پیشەییە و دەبێت هەموو کرێکاران ئەمەیان بۆ ئامادەبکرێت و بەمشێوەیە بپارێزرێن.

لەنێو بەرنامەکە تیمی بەرنامەی دکتۆر ئاراس سەردانی کۆلێژی شاهانەی پزیشکان و نەشتەرگەرانی گلاسکۆ دەکەن، کە زانکۆیەکی جێگەی بایەخە بۆ هەموو پزیشکان لە جیهاندا و لە رۆڵی زانکۆکە تێدەگەن، لەنێو زانکۆ د. کاوان باسی رۆژانی 
خوێندن و هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دەکات، دەڵێت هەموو پزیشکەکان بەم قۆناخانە تێپەڕیون کە هەڵگری بڕوانامەی زانکۆکەن.

جۆن کامیلا برێنان، جێگری سەرۆکی کۆلێژی شاهانەی پزیشکان و نەشتەرگەرانی گلاسکۆ دەڵێت: کۆلێژەکەمان یەکێکە لە چوار کۆلێژی جیهان کە کۆلێژێکی هاوبەشی پزیشکان و نەشتەرگەرانە، ئێمە شانازی دەکەین کە لە پێشەنگی پەروەردەی نەشتەرگەری و پزیشکیداین لە جیهاندا، کۆلێژەکەمان لە ساڵی 1599 لەلایەن مامۆستا پیتەر لۆوە دامەزراوە و لەو کاتەدا پشتیوانیی شاهانەی پێدرا و کۆلێژەکە بەردەوام بوو لە گەشەکردن و و فراوانبوون بەدرێژایی ساڵان.

جێگری سەرۆکی کۆلێژی شاهانەی پزیشکان و نەشتەرگەرانی گلاسکۆ هەروەها دەڵێت: ژمارەیەکی زۆر ئەندام و هاوڕێی چالاکمان هەیە لە کوردستانەوە و 60یان خەڵکی ئەوێن کە چالاکن و ئەوانیش ڕاهێنانیان کردووە و تاقیکردنەوەکانیان لەڕێگەی کۆلێژەکەمانەوە هەیە، بە دڵنیاییەوە زۆر کەسی تریش هەن کە بۆ بەشی یەکەمی تاقیکردنەوەکان خۆیان داناوە کە لە ئێستادا بۆ تاقیکردنەوەکان دەخوێنن بە مەبەستی پێشخستنی پیشەکانیان.

بینەری ئەم بەرنامەیەی دکتۆر ئاراس بن، کۆمەڵێک وردەکاری دیکەی زانستی و جوانی تێدایە، لەنێو بەرنامەکە گفتوگۆیەک لەگەڵ بێلانەکان ببینن، کە دکتۆر ئاراس لەگەڵیان قسەدەکات و باسی ژیانی خۆیان دەکەن.