فیچەر - ئارەزوو یەزدانیفەڕ، دەنگێکی نوێ بۆ پاراستنی کولتووری کوردی لە ورمێ

فیچەر - ئارەزوو یەزدانیفەڕ، دەنگێکی نوێ بۆ پاراستنی کولتووری کوردی لە ورمێ
لە کۆڵانە ئارامەکانی شاری ورمێ، گەلەرییەکی هونەری بچووک دەنگی کولتووری کوردی بەرزدەکاتەوە. لەم شوێنەدا، ئارەزوو یەزدانیفەڕ، هونەرمەندێکی بەتوانا، بە فڵچە و رەنگەکانی مێژوو و کلتووری کوردی دەگێڕێتەوە.

یەزدانیفەڕ، بەبێ خوێندنی ئەکادیمی گەشەی هونەری کردووە، توانیوییەتی شێوازێکی تایبەت بە خۆی بخولقێنێت. هونەرەکەی بەتایبەتی چاوی بڕیووەتە دایکی کورد و جلوبەرگە رەنگاوڕەنگەکانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان.

دیوارەکانی گەلەرییەکەی بووەتە پەڕتووکێکی زیندوو لە مێژووی کوردەواری. هەر تابلۆیەک چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، هەر رەنگێک مانایەکی قووڵی کولتووری تێدایە. دایک و ژن وەک ناوەندی سەرەکی زۆربەی کارەکانی دەرکەوتووە.

سەرکەوتنە هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندە گەنجە ئەوەندە بەرچاو بووە کە نەک هەر سنوورەکانی ناوچەکەی بڕیووە، بەڵکو سەرنجی هونەرمەندانی دیکەی راکێشاوە. بۆ نموونە، ئەمین گوڵشەنی، سینەماکاری ناوداری کورد، سەردانی کردووە بۆ گفتوگۆ لەسەر پردی نێوان هونەری وێنەکێشان و هونەری سینەما.

دوایین دەسکەوتی یەزدانیفەڕ، پێشانگایەک بوو لە گەلەری میدیا لە هەولێر کە دەرفەتێکی باشی رەخساند بۆ ناساندنی هونەرەکەی بە بینەرانی زیاتر.