فیچەر - شەپۆل مەجیدپوور: دایکی ئەسپە کوردییەکان

فیچەر - شەپۆل مەجیدپوور: دایکی ئەسپە کوردییەکان
لە گوندی سەرا نزیک شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەپۆل مەجیدپوور فێرگەیەکی تایبەتی پەروەردەکردنی ئەسپی کوردی دامەزراندووە. شەپۆل ساڵی 1988 لە سلێمانی لەدایکبووە و تا تەمەنی حەوت ساڵی لەوێ ژیاوە، دواتر بنەماڵەکەی گەڕاونەتەوە بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەسپەکانی شەپۆل هەموویان لە ڕەگەزی ئەسپی کوردین، کە نرخی هەندێکیان دەگاتە 8 هەزار دۆلار. 
ساڵانە 12 جوانوو لە فێرگەکەی لەدایک دەبن. شەپۆل پێیوایە ئەسپ پێویستە لە سروشتدا بژی بۆیە ڕۆژانە لە سەعات حەوتی بەیانییەوە هەتا پێنجی ئێوارە دەرفەتیان دەداتێ لە دەرەوە بمێننەوە. ئەمەش یارمەتیان دەدات تا تووشی نەخۆشی و حاڵەتی دەروونی نەبن.
شەپۆل وەک دایکێکی دڵسۆز مامەڵە لەگەڵ ئەسپەکانی دەکات. لە تەمەنی سێ ڕۆژییەوە دەست بە پەروەردەکردنیان. بە وتەی خۆی: "پەروەردەی ئەسپ هەر وەک پەروەردەی مرۆڤ وایە، تەمەنی پەروەردەی ئەسپ لە لەدایکبوونەوە تا پێش دەورانی بلووغە."
چاودێری تەندروستی ئەسپەکان بەشێکی گرنگی کاری شەپۆلە. هەفتانە دوو تا سێ جار سمی ئەسپەکان چەور دەکات و ڕۆژانە پاکیان دەکاتەوە. ئەو سم بە "دڵی دووەمی ئەسپ" ناودەبات و پێیوایە "کاتێک کە سم ئیلتیهاب بکات، ئیلتیهابەکە دەچێتە هەموو بەشەکانی جەستەی ئەسپ."
سەختترین کاری شەپۆل ئەو کاتەیە کە ماینەکان لە کاتی وەچەخستنەوە نزیکدەبنەوە. دەبێت شەو و ڕۆژ چاودێرییان بکات و پارێزگاری لە جوانووە ساواکان بکات. شەپۆل دەڵێت: "کاتێک کە جوانوو لەدایک دەبێت، بە تایبەت بیست و چوار سەعاتی یەکەم، کۆمەڵێک کار هەیە دەبێت بکرێن. جوانوو کە بە دونیا دێت زۆرجار ناتوانێت شیر بخوات، دەبێت من یارمەتی بدەم."
یەکێک لە دژوارترین کارەکانی شەپۆل، لەشیرکردنەوەی جوانووەکانە. وەکخۆی دەڵێت: "جوانوو لەشیرکردن زۆر زۆر سەختە، چونکە تۆ پەیوەندی سۆزداری نێوان دایک و منداڵ دەپچڕێنی."
شەپۆل مەجیدپوور تەنها ڕاهێنەری ئەسپ نییە، بەڵکو هونەرمەند، ئەکتەر و نووسەرێشە خاوەنی سێ کتێب و چەندین کورتە چیرۆکە. بەڵام زۆربەی کاتی لەگەڵ ئەسپەکان بەسەردەبات. 
بەهۆی کارەکەی، لە چەندین فێستیڤاڵدا لە ئێران خەڵاتی وەرگرتووە و وەک ئافرەتێکی بەهێزی کورد ناسێنراوە. ئەو نموونەیەکی باشە بۆ پاراستنی میراتی کولتووری کورد لە بواری ئەسپەوانی و پەروەردەی ئەسپی ڕەسەنی کوردی.