فیچەر : عەزیز گەردی | زانای زمان و زەمانێک

فیچەر : عەزیز گەردی | زانای زمان و زەمانێک

عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا، ناسراوە بە عەزیز گەردی، لە ساڵی 1948 لە ناحییەی بەحرکە لە هەولێر لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە بەحرکە تەواو کردووەو بۆ ناوەندی چووەتە ناو شاری هەولێر.

بەپێی قسەی مامۆستا کوردۆی برای پرۆفیسۆر د. عەزیز گەردی، لە ساڵی 1955 چووەتە قوتابخانە، قۆناخی ناوەندی و دواناوەندی لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا لە هەولێر تەواوکردووە، دوای ئەوە چووەتە خانەی مامۆستایان و هەموو قۆناخەکانی بە پلەی نایاب تەواو کردووە، بەهۆی زیرەکییەکەی دوای دەرچوونی لەناو هەولێر وەکو مامۆستا دامەزراوە.


بەهۆی کەمدەرامەتییەوە زوو نەیتوایوە لە خوێندن بەردەومبێت. بەڵام دواتر بەکالۆریۆسی لە زمانی فەرەنسی لە زانکۆی موسڵ تەواو کردووە. هەروەها لە ساڵی 1994 ماستەری لە ئەدەبی کوردی بەدەستهێناوەو دواتر دکتۆرای لە هەمان بەش لە ساڵی 1999 بەدەستهێناوە. لە ساڵی 2009 دکتۆرای دووەمی لە کۆلێژی زمانی زانکۆی کۆیە بەدەسهێناوە.


د. عەزیز گەردی، لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین مامۆستا بوو. زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، فەرەنسی و فارسی زۆر بەباشی دەزانی. لە ماوەی 74 ساڵ ژیانیدا 200 کتێبی لە زمانە جیاوازەکانەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. مامۆستا کوردۆ دەڵێ: ئەگەر خۆی ماندوو نەکردبێ، لەخۆڕا فێری ئەو هەموو زمانە نەدەبوو.


پ.د. مەولوود | هاوڕێی د. عەزیز گەردی و مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین دەڵێ : کە شتێکی وەردەگێڕا لە زمانێکەوە. نەیدەویست کولتووری ئەو زمانە وەکو خۆی بمێنێتەوە. ئەوەندە خۆش وەریگێڕاوە، کەسی وا هەیە زیاتر لە جارێک ئەم ئەفسانانەی مامۆستا عەزیزیان خوێندووەتەوە.


وەرگێڕانەکانی عەزیز گەردی زۆر وردبوون. ئەگەر وشەیەکی نەزانیبا، گوندە بە گوند و شار بەشار دەگەڕا لەلایەن پیرەژن و پیرەمێردەکان وشەی رەسەنی کوردی بۆ دەدۆزیوەتەوەو لە وەرگێڕانەکانی بەکاریدەهێنا.

سابیر رەشید | هاوڕێی عەزیز گەردی دەڵێ : لە رۆمانەکانی عەزیز گەردی نزیکەی 100 لاپەڕە فەرهەنگم بۆ خۆم دەهێناوە.

بۆچی پەرتووکەکانی عەزیز گەردی چاپی دووەمیان نییە؟

هەموو پەرتووکەکانی د. عەزیز گەردی تەنیا یەک چاپیان هەیە و چاپی دووەمیان نییە. لەم بارەیەوە مامۆستا سابیر رەشید، کە ئێستا خانەنشین بووەو هاوڕێیەکی زۆر نزیکی عەزیز گەردی بوو دەڵێ : رۆژێک پێمگوت مامۆستا بۆ رێگەنادەی کتێبەکانت چاپ بکرێنەوە، زۆر کتێبت هەن لە بازاڕ نەماون. گوتی هەر کتێبێک چاپی دووەمی بۆ بکەمەوە، پێویست دەکات جارێکی دیکە پێیدابچمەوە. هەتا ئەمن ئەو هەموو کاتەم بۆ ئەو کتێبە تەرخان دەکەم و دووبارە پێیدا دەچمەوە، کتێبێکی دیکە ئامادە دەکەم بۆ کتێبخانەی کوردی. 

عەزیز گەردی بۆچی ژنی نەهێنا؟
د. عەزیز گەردی 74 ساڵ ژیا، بەڵام ژیانی هاوژینی پێکنەهێنابوو، حەزیشی نەدەکرد کەس ئەو بابەتەی لەگەڵ بکاتەوە.
کوردۆ ئەحمەد | برای د. عەزیز گەردی دەڵێ :ئەوەی لێیدەپرسی بە توندی وەڵامی دەدایەوە. دەیگوت ئەوە ژیانی تایبەتی خۆمە و بۆ خۆم ئەوەم هەڵبژاردییە، خەڵک حەقی چییە ئەو پرسیارانە دەکات؟
بەڵام سابیر رەشید دەڵێ :ئافرەتێک لە ژیانی بوو، ناتوانم ناوەکەی بڵێم. زۆر حەزی دەکرد ژیامی هاوژینی لەگەڵ ئەو ئافرەتە پێکبێنێ، بەڵام بە قسمەتی نەبوو بۆیە دوای ئەوە حەزی نەکرد ژن بێنێ. پێمدەگوت مامۆستا لەبەر چ ژن ناهێنی و ژیانی خێزانی خۆت پێکەوەنانێی. دەیگوت حەزدەکەم ژیانی خۆم بۆ ئەدەب تەرخان بکەم، بۆ کتێب دەژیم. بە پێکەنینەوە کتێبێکی هەڵدەگرت و دەیگوت ئەم کتێبە ژنی منە.

د. عەزیز گەردی تەواوی ژیانی بۆ نووسین تەرخان کردبوو، گرنگی زۆر بە وەرگێڕانی ئەفسانەی وڵاتان دەدا، زۆربەی وەرگێڕانەکانی ئەفسانەی وڵاتای جیاواز بوو.

د. عەزیز گەردی بە دەگمەن کتێبی خۆی دەدایە کەسی دیکە، هەروەها پێی ناخۆش بوو کەسیش کتێبی پێشکەش بکات. ئەو دەیویست خۆی کتێب لە بازاڕ بکڕێت. 
سابیر رەشید | هاوڕێی عەزیز گەردی دەڵێ : دەیگووت پێمخۆش نییە کتێب لە کەس وەربگرم. ئێمە دەبی ئەو داب و نەریتەی کتێب بەخۆڕایی لەنێوان نووسەران نەهێڵین، ئەگەر کتێبی توو نەکڕم و بە بەلاش بیدەیە من کێ پشتیوانی تۆ دەکات. 

لە کتێبخانەی د. عەزیز گەردی لە بەحرکە هەزاران کتێب بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی، فەرەنسی و ئیسپانی هەیە. کە لە ژیانی رۆژانەیدا وەکو سەرچاوە بۆ نووسینەکانی بەکاری هێناون. مامۆستا کوردۆی برای داوا دەکات، کە زانکۆ، وەزارەتی رۆشنبیری و حکوومەت هاوکاری بکەن، بۆ ئەوەی کتێبخانەکەی لە شوێنی خۆی بکەنە مۆزەخانەی د. عەزیز گەری و خەڵک سەرادنی بکات.

عەزیز گەردی، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی گورچیلە لە ساڵی 2022 لە تورکیا نەشتەرگەری بۆ کرا. دوای گەڕانەوەی بۆ هەولێر دوای چەند رۆژێک دۆخی تەندروستی تێکدەچێت. لە رۆژی دووشەممە 6ی حوزەیرانی 2022 لە هەولێر کۆچی دوایی کرد.  ئەگەرچی وەسیەتی کردبوو لەناو باخی خانووەکەی لە بەحرکە بینێژن. بەڵام عەزیز گەردی لە گۆڕستانی گەورەی بەحرکە لە تەنیشت باوکی بەخاک سپێردراوە.