فیچەر - لە باتمانەوە بۆ ئێکس فاکتەری ئەڵمانیا؛ چیرۆکی هونەرمەندێکی ئێزدی

فیچەر - لە باتمانەوە بۆ ئێکس فاکتەری ئەڵمانیا؛ چیرۆکی هونەرمەندێکی ئێزدی

بەدیل ئیبراهیم، هونەرمەندی کوردی ئێزدی، چیرۆکی ژیانی خۆی لە گوندێکی باکووری کوردستانەوە بۆ گەورەترین شانۆ هونەرییەکانی ئەڵمانیا دەگێڕێتەوە. ئەو بەهۆی فشاری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ناچار بە کۆچکردن بووە، بەڵام لە ئەڵمانیا نەک هەر درێژەی بە کاری هونەری داوە، بەڵکو بووەتە یەکێک لە بەشداربووە دیارەکانی بەرنامەی بەناوبانگی "X-Factor" و لە کاتی هێرشی داعشیشدا رۆڵێکی بەرچاوی لە هاوکاریکردنی ئاوارەکانی شنگالدا هەبووە.

بەدیل ئیبراهیم، لە گوندی "کەلهۆک"ی سەر بە شاری باتمانی باکووری کوردستان لەدایکبووە. هەر لە منداڵییەوە بەهرەی دەنگخۆشیی تێدا دەرکەوتووە، بەڵام کاتێک مامۆستایەکی ویستوویەتی بیباتە ئیستەنبووڵ بۆ پەرەپێدانی بەهرەکەی، باوکی رێگریی لێکردووە. بەدیل دەڵێت، "باوکم گوتی، لەوێ لە رێ لادەدەن. ئێستا دەڵێم کارێکی باشی کرد، ئەگەرنا رەنگە ئێستا ببوومایە گۆرانیبێژێکی تورک."

بەهۆی ئەو گوشارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینیانەی لەسەر کوردی ئێزدی هەبوون، بەدیل و خێزانەکەی ناچار بوون کۆچ بکەن بۆ ئەورووپا. ئەو پێیوایە لە ئەورووپا دەرفەتی زیاتری بۆ رەخساوە تا ئازادانەتر خزمەتی میوزیکی کوردی بکات، چونکە لەو کاتەدا میوزیکی کوردی لە تورکیا قەدەخە بوو.

لە ئەڵمانیا، بەدیل ئیبراهیم یەکەم کاسێتی خۆی تۆمار دەکات و بە گۆرانیی "سالێ" ناوبانگێکی زۆر بەدەستدەهێنێت. یەکێک لە وێستگە دیارەکانی ژیانی هونەریی، بەشداریکردنی بوو لە بەرنامەی بەهرەمەندانی "X-Factor"ی ئەڵمانیا.

بەدیل، باس لەوە دەکات کە لەلایەن خودی بەرنامەکەوە پەیوەندیی پێوەکراوە و دەڵێت، "پێیان گوتم کارەکانتمان لە ئینتەرنێت بینیوە و دەمانەوێت بەشدار بیت". ئەو بە ئامانجی ناساندنی کولتوور و هونەری کوردی بە ئەورووپییەکان بەشداریی کرد. بۆ ماوەی 5 قۆناخ بە گۆرانیی کوردییەوە سەرکەوتنی بەدەستهێنا و کاردانەوەی بینەران و لیژنەی دادوەران زۆر ئەرێنی بوو. بەڵام کاتێک داوای لێکرا لە قۆناخەکانی کۆتاییدا بە زمانی ئینگلیزی گۆرانی بڵێت، پاشەکشەی کرد، چونکە دەیویست تەنیا بە هونەری کوردییەوە دەرکەوێت.

لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، بەدیل ئیبراهیم لەگەڵ هونەرمەند دەشنێ موراد، هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری راگەیاند. ئەو خۆی هاوکارییەکانی گەیاندە کوردستان و سوور بوو لەسەر ئەوەی سەردانی چیای شنگال بکات کە ئەو کاتە لەژێر گەمارۆدا بوو.

بەدیل، بە هەلیکۆپتەر خۆی گەیاندە سەر چیاکە و وێڕای تۆمارکردنی دۆخە مرۆییە سەختەکە، هاوکاریی لە گواستنەوەی بریندارەکاندا کرد.

بەدیل ئیبراهیم خاوەنی 6 ئەلبووم و ژمارەیەکی زۆر گۆرانیی سینگڵە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لە کاری هونەری. هاوکات، هەوڵدەدات رێچکە هونەرییەکەی لە رێگەی منداڵەکانیەوە درێژە پێبدات.