فیچەر - خەڵکی موسڵ بە دەهۆڵ بۆ پاشیڤ هەڵدەستنەوە

فیچەر - خەڵکی موسڵ بە دەهۆڵ بۆ پاشیڤ هەڵدەستنەوە


دەنگی دەهۆڵ و هاواری دەهۆڵکوت، هەموو شەوێک لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری موسڵ دەبیسترێت.
ئەمە نەریتێکی کۆنی رەمەزانە، بۆ بە خەبەرهێنانەوەی موسڵمانان تاوەکو بۆ پاشیڤ هەستنەوەو خواردن ئامادە بکەن.
غوفران سامر، گەنجێکی موسڵە و لە ساڵی 1992 لە موسڵ لە دایکبووە، هەموو شەوێک جلوبەرگی تایبەت بە دەهۆڵکوتەکان لەبەردەکات، دەهۆڵەکەی هەڵدەگرێ و بە کۆڵانەکانی موسڵدا دەڕوات و دەهۆڵدەکوتێت.
غوفران سامر، دەهۆڵکوتی موسڵ دەڵێ :ئەمە ئەو رستەیەیە، کە خەڵکی موسڵ بەکاریدێنن. هەستە ئەوەی لە خەودایە خودا یەکە، ئەوەی لە خەودایە خودا یەکە. بەردەوام ئەم رستەیە بەردەوام دەڵێم و شوکر بۆ خودا.
جاران دەهۆڵکوتین لە زۆربەی گەرەک و شارەکان هەبوو، بەتایبەت لە شەوانی درێژی زستاندا، کە خەڵک بە ئاسانی بەخەبەر نەدەهاتن. بەڵام ئێستا کارەکە لە زۆربەی شارەکان کەمبووەتەوە.
غوفران سامر، دەهۆڵکوت دەڵێ :ئەمە کولتوورێکی کۆنە و لەناوچووە، بەڵام بە هیممەتی خوا، ئێمەی گەنجانی موسڵ توانیومانە لەم شارە ئەم کولتوورە بگەڕێنینەوە. ئەمە حەوتەم ساڵە لەسەر یەک کاری دەهۆڵکوتین دەکەم. خزمەت بە موسڵی کۆن دەکەم. سەرەتا بە دەهۆڵێکی بچووک دەستم بە کارەکەم کرد و ئێستاش ئەم دەهۆڵەم کڕیوە، سوپاس بۆ خودا.

لەکاتی دەهۆڵکوتین لە نێو شاری موسڵ، هەندێکجار سروودی ئایینیش دەڵێت، زۆر کەس دێنە دەرەوەو خورما و ئاوی پێشکەش دەکەن.

سائیر سەبری، خەڵکی موسڵ دەڵێ :کاتێک دەهۆڵکوت لەنێو موسڵ دەبینم دڵخۆشدەبم، هەستدەکەم جارێکی دیکە رۆژەکانی پێشوو گەڕاونەتەوە.

لەمێژە دەهۆڵکوتین لە موسڵ هەیە، غوفران دەیەوێ ئەم کولتوورە لە موسڵ بپارێزێ و بە درێژایی شەوانی رەمەزان بەناو کۆڵانەکانی موسڵدا گەڕاوەو دەهۆڵی کوتیوە.