فیچەر - دکتۆرێکی کورد لە ئەمریکا خەڵاتی رۆشنترین مێشکی ساڵی 2023 وەردەگرێت
پرۆدیوسەر: دیار کوردە
وينەگرتن: بەرزین سەعید
گەنجێکی کورد کە پڕۆفیسۆری یاریدەدرە لە زانکۆی هارڤەرد لە ئەمریکا، بەهۆی توێژینەوەو دۆزینەوەکانی لە بواری پزیشکی و شێرپەنجەی مێشک، خەڵاتی رۆشنترین مێشکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بۆ ساڵی 2023 وەردەگرێت.
ئەم گەنجە ناوی ئارام گەڵاڵییە، لەدایکبووی ساڵی 1982ە و لەکۆتاییەکانی 1997 وەکو کۆچبەر چووەتە سوێد.
د. ئارام گەڵاڵی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی هارڤەرد دەڵێ ''لە سلێمانی لەدایکبووم، لەتەمەنی منداڵیدا بەداخەوە باوکم شەهید بوو، دوای ئەوەش بارودۆخی کوردستان تێکچوو، شەڕی نێوخۆ دەستیپێکرد، ئیدی بەهۆی ئەم بارودۆخەوە بڕیارماندا کوردستان جێبهێڵین، کۆچمان کرد بۆ وڵاتی سوێد، بەڕێگەیەکی سەخت چووین و کاتێکی زۆری برد.''
لە سوێد خۆی فێری زمان دەکات و دەگەڕێتەوە بەرخوێندن، لەوێ ویستوویانە بیخەنە بەر خوێندنی پیشەیی و بەزووی بیخەنە سەرکارێک، بەڵام ئەو سووردەبێت لەسەر ئەوەی زانست بخوێنت و بەرەو لووتکە هەنگاوبنێت. د. ئارام گەڵاڵی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی هارڤەرد دەڵێ' ویستیان بمانێرن بۆ ئەو کۆلێژانەی ئامادەت دەکات بۆ ئیش، وەک نمونە ئیشی کارەبایی، فیتەری، پەرستاری وئەو کارانە، بەڵام من زۆر هەوڵمدا بچم بۆ کۆلێژی زانستی، دەیانگوت بیانییەکان ناچن بۆ کۆلێژی زانستی و شتی وا ناکرێت، باشترین قوتابییەکانی سوێد دەچنە ئەو بەشە، تۆ هەر دەرجەو نییە، هەوڵمدابوو کۆمەڵێک نمرە وەربگرم، ئەوانی دیکەم هیچ نەبوو، ئیدی بە کەلە رەقی خۆم، مامۆستاکە وتی دەتخەینە پۆلەکە تاوەکو تاقیکردنەوەی مانگانە دەبێت، کە تاقیکردنەوەی مانگانەبوو، خۆت بە گریانەوە دێیتەوە و دەڵێیت بمنێرە بۆ شوێنێکی دیکە. تاقیکردنەوەی یەکەم، تاقیکردنەوەی فیزابوو، بەرزترین نمرەم هێنا لە وانەکەیا، مامۆستاکە گوتی، تۆ لاڵی و زمان نازانی چۆن ئەو نمرەیەت هێناوە، گوتم لاڵم بەڵام دەتوانم بنووسم، ئیتر ئاوا ناوی نووسیم لە بەشەکە و دەستمکرد بە کۆلێژی زانست لە سوێد.''
گەشتە زانستییەکەی گەڵاڵی لەم هەنگاوە دەستیپێکرد، لەیەککاتدا دوو بەکالۆریۆسی خوێندووە، یەکێک لە بایۆ کیمستری و ئەوەی دیکەش لە بایۆ تەکنەلۆجی، هەرئەوکاتە ناوی لە یەکێک لە کۆلێژەکانی پزیشکی بەریتانیا دەردەچێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی گەشتکردن و وەڵاتینامەی سوێدی لەو خوێندنە بێبەش دەبێت، بەڵام لە سوێد درێژە بە خوێندنەکەی دەدات.
د. ئارام گەڵاڵی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی هارڤەرد دەڵێ ''دوایی دوو ماستەری جیاوازیشم خوێند، یەکێکیان لەسەر دۆزینەوەو تازە گەری لە دەرمانی تازە، دووهەمینیشیان لەسەر خۆپارستانە لە نەخۆشی شێرپەنجە. حەزیشم لە خوێندن بوو لەبەر ئەوە کۆلێژی ئەندازیاریم خوێند، ئەندازیاری مەدەنی ئەمە لەسەر تەکنیکە کیمیاییەکانە. دوای ئەوە بەردەوامبووم و زانکۆکەم گوازرایەوە بۆ زانکۆی کارۆلینسکا لەشاری ستۆکهۆڵمە لە سوێد، دکتۆرام خوێند لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندی جینە کوشندەکان، کە چۆن خانەکانی شێرپەنجە وادەکەن بە زیندوویی بمێننەوەو دوایی گەشە بکەن و بڵاوببنەوە، ئینجا دوای ئەوە پۆست دکتۆرای یەکمم کرد کە لەسەر پیسبوونی ژینگەیە کە لە ژینگەیەکی پیسدا ئێمە چۆن بەرکەوتەمان هەیە، لەگەڵ کۆمەڵێک ماددەدا کە چۆن نەخۆشی دروست دەکەن، ، من سەرنجم لەسەر ئەوەبوو، شێرپەنجە، رەبۆ و حەساسییەتیش.''
لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەک خەڵاتی لەبەرامبەر توێژینەوە زانستییەکان و کارەکانی وەرگرتووە، دوو خەڵات لەلایەن بنەماڵەی پاشای سوێد، لە ساڵەکانی 2011 و 2012، خەڵاتێکیشی لە کۆمەڵەی شێرپەنجەی منداڵانی سوێد لە ساڵی 2018 وەرگرتووە، خەڵاتێکیشی لە دامەزراوەی سوێدی ئەمریکی وەرگرتووە بۆ زانستی پزیشکی کە سەرکەوتووترین کەسایەتییەکانی ئەو بوارە لە ئەمریکا و سوێد و کەنەدا خەڵات دەکات، لە ساڵی 2021 خەڵاتی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکا بۆ یەکێک لە توێژینەوە زانستییەکانی وەردەگرێت. هەر ئەمەش وایکرد لە زانکۆی هارڤەرد کە یەکەمین زانکۆیە لەسەر ئاستی جیهان و دەکەوێتە شاری بۆستن لە ئەمریکا بانگهشتبکرێت.
د. ئارام گەڵاڵی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی هارڤەرد دەڵێ ''بۆ پۆست دکتۆرای یەکەم داوایانکرد بێمە ئەمریکا، بەڵام هەندێک هۆکاری کەسی تایبەتم هەبوو و نەمتوانی، بەڵام بۆ پۆست دکتۆرای دووەم بەخۆشحاڵییەوە لەساڵی 2017 بڕیارمدا هەرچی لێکۆڵینەوە زانستییەکانم هەیە لە کارۆلینسکاوە، لە سوێد بگوازمەوە بۆ هارڤەرد و پۆست دکتۆرای دووەمم لێرە دەستپێکرد ئەمە لەسەر دۆزینەوەی دەرمانی تازە، بەڵام کاتێک نەخۆشەکە زۆر لاوازبووە، شێرپەنجەکە بڵابووەتەوە بەلەشدا، لە زۆر شوێندا لوو و غودەو تموۆر دەدۆزیتەوە، بەداخەوە لەم قۆناخەی نەخۆشی شێرپەنجە دەرمان زۆر کەمە، من پۆست دکتۆرای دووەمم لەسەر ئەوەکرد و بۆ ئەوە هاتم.''
د. ئارام شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە دەکات و بیریشی لەوەکردووەتەوە لە داهاتوودا چەند کۆرسێک لە زانکۆکانی کوردستان بڵێتەوەو خزمەت بە گەلەکەی خۆشی بکات، پێشتریش لەرێگەی دامەزراوەی ڤیم هەندێک پڕۆژەی بچووکی کوردووەو چاویشی لەوەیە بەپێی دەرفەت کاری گەورەتر بکات.
د. ئارام رۆژانە لەم تاقیگەیە چەندین کاژێر کاردەکات بۆ پەرەدان بەو دەرمانەی شێرپەنجەی مێشکی منداڵ، کە گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار.
د. ئارام گەڵاڵی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی هارڤەرد دەڵێ ''ئیشەکەی من زیاتر لەسەر نەخۆشی شێرپەنجەیەکە کە بڵاوبووەتەوە، وەک باسمکرد کەسی نەخۆش لاوازە و شێرپەنجەکە لەزۆربەی ئەندامەکانی لەشیدا هەیە، جا ئێمە ئەمانەوێت ئەو گۆڕانکاریانەی لەو خانەیەی کە بڕیاردەدات دەڵێت شوێنەکەم دەگوازمەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکەی لەش. ئەو خانەیە لەگەڵ خانەکانی دیکەی لەش جیاوازیان هەیە، ئێمە دەمانەوێت ئەو جیاوازیانە بدۆزینەوە، لێیی تێبگەین و دەرمانێک دروستبکەین لەو جیاوازیانە بدات.''
د. ئارام گەڵاڵی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی هارڤەرد دەڵێ ''لە شێرپەنجەی مێشکی منداڵدا لە خانە و لە ئاژەڵ، تاقیمان کردووەتەوە، کە ئەو جیاوازیەمان دۆزیوەتەوە و بەدەرمان لێیی ئەدەین، یەکەم نەخۆشییەکە دەوەستێت، دووەمیش بڵاونابێتەوە بە لەشدا، وەک نمونە ناچێت بۆ بڕبڕەی پشت و ناچێتە شوێنەکانی دیکە، ئێستا ئێمە گەیشتووینەتە ئاستێک کە هەوڵبدەین دەرمانەکەمان بەرەوپێشتر ببەین و بتوانین لەسەر مرۆڤیش تاقیبکرێتەوە.''
د. ئارام گەڵاڵی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی هارڤەرد دەڵێ ''لە هارڤەرد ئێستا ئیشی لەسەر دەکەن، کۆمەڵێک ناوەند هەن کە ئەو ئاستەی من دۆزیوومەتەوە بەکاری دەهێنن، ئینشائەڵڵا لە چەند ساڵی داهاتوودا لەو بڕوایەدام دەرمانی تازە بگەیێنینە نەخۆش.''
ساڵانە ژمارەیەک خوێندکاری پزیشکی زانکۆی هارڤەرد لەلایەن دکتۆر ئارامەوە وانە دەخوێنن و هەروەها راهێنانی تاقیگەیی وەردەگرن، ئەمەش بەشێکە لەو کارەی ئێستا لە زانکۆی هارڤەرد دەیکات، هەموو ئەو کارانە و بەتایبەتیش دۆزینەوەکەی لەبواری چارەسەری شێرپەنجەی منداڵ وایکردووە لەلایەن زانکۆی هارڤەرد خەڵاتی رۆشتنترین مێشکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقای پێبدرێت.
د. ئارام گەڵاڵی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی هارڤەرد دەڵێ ''ئەم خەڵاتە لەلایەن حاکمی دووبەی، شێخ محەممەد بن خەلیفە ئالمەکتووم، لە ساڵی 2014 دامەزراوە، بەڵام کۆمەڵێک شازادەی دیکەش هاوکاریان کردووە بۆ پێداویستییەکانی، خەڵاتەکە بەناوی شازادە وەلید بن تەڵاڵەوەیە، بەڵام کە پێداویستییەکانیان بۆداناوە، داویانە بە زانکۆی هارڤەرد، زانکۆی هارڤەرد ساڵانە دەیدات بە سەرکەوتووترین کەسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، کە تایبەتە بە توێژینەوەی زانستی لە بواری زانستی پزیشکیا، واتە بۆ هەموو مەجالەکان نییە، بەس بۆ زانستی پزیشکییە، منیش خۆشحاڵ بووم کە ساڵی 2023 ئەمەم وەرگرتووە.''
هاوکارەکانی د. ئارام لە زانکۆی هارڤەرد شایەدی بۆ کارەکانی دەدەن و دۆزینەوەکانی بە گرنگ بۆ زانستی پزیشکی و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە ناودەبن.
د. ڤیکتۆر فێپتۆری، پزیشک و پسپۆڕی ئازار لە زانکۆی هارڤەرد لەبارەی د. ئارام گەڵاڵی دەڵێ ''دەتوانم بڵێم دۆزینەوەکانی د. ئارام، دۆزینەوە ناوازە و توێژینەوە داهێنەرەکانی بەراستی رێگای و روانینی زانستی گۆڕیووە لەبارەی شێرپەنجەی گوێزراوە، هەر لەبەر ئەمەش لە ئەوروپا و ئەمریکا خەڵاتکراوە، دڵنیاشم دەتوانێت یەکێک لە ئامانجەکانی ژیانی بەدیبهێنێت کە بریتییە لە بەرەوپێشبردنی کواڵیتی ژیانی نەخۆش و درێژکردنەوەی ژیانی ئەو نەخۆشانەی کە شێرپەنجەی گوێزراوە، شێرپەنجەی توون و درێژخایەنیان هەیە.''
دانیێڵ پیتەر، پۆست دکتۆرا لە زانکۆی هارڤەرد دەڵێ'' دۆزینەوەی گەورە رەنگە پێنج، دە یان پانزدە ساڵ بخایەنێت، بەڵام لەم دوو ساڵەدا کە ئەو کار لەسەر ئەم جۆرەی شێرپەنجەی مێشک دەکات، ئەو لە ئێستاوە کەسی وەرگری دۆزیووەتەوە، ئەمەش زۆر گرنگە لە رووی خراپتووشبوون بەو جۆرەی شێرپەنجە، هەروەها کار لەسەر جۆری گواستنەوەی ئەم شێرپەنجەیەی لە مێشک و بەشەکانی دیکەی لەش، بۆیە کارەکانی ئەو بەراستی سەرسامکەرن و چاوەڕێی ئەنجامەکانی دەکەم، چونکە دەزانم ئەمە گۆڕانێکی گەورە لە بوارەکەدا دروستدەکەن.''
ژیانی کۆچبەری و بێ باوکی و دوور لە نیشتمان نەبوونە هۆی وەستاندنی ئارام لە چوونە پێشەوە لە بواری زانست و پزیشکیدا، بەڵکو ئێستا بووەتە هیوای گەورەی ناد.وەندێکی زانستی بەناوبانگی وەک زانکۆی هارڤەرد تاوەکو بتوانن چارەسەری نەخۆشییەکی کوشندەی وەک شێرپەنجەی مێشکی منداڵ بدۆزنەوە و شۆڕشێکی گەورە لە زانستی پزیشکیدا بەرپابکەن.