فیچەر - حوجرەی گەناو تەمەنی 400 ساڵە
لەگوندی گەناوی سەر بەقەزای پشدەر، حوجرەیەکی کۆن هەیە، کە تەمەنی 400 ساڵە. ئەوێ حوجرەیە ئایینییە و بەپەی زانیارییەکان زیاتر لە 100 فەقێ لەم گوندە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکی لەم حوجرەیە خوێندوویانە.
حوجرەکە لە لایەن مەلا زەینەدینی بەڵاتی کوردی کە خەڵکی گەناو بوو، لە گوندی کۆنە گەناو دامەزراوە. دوای کۆچی دوای مەلا زەینەدین ماوەیەک حوجرەکە داخراوە، پاشان لەسەردەمی حکومڕانی ئەوڕەحمان پاشا لە ساڵی 1789 تاوەکو 1813 جارێکی دیکە لەلایەن مەلا غەزایی بابانی بوونیاد نراوەتەوە.
مەلا غەزایی یەکێکە لە نەوەکانی مەلا غەزایی و بەناوی باپیرەیەوە ناو نراوەتەوە، ئەو تەمەنی 87 ساڵە. لەسەر ئەو گوندە دەژی کە باپیرە گەورەی حوجرەکەی لێ بونیاتناوەتەوە. لە ماڵباتی غەزایی ئەو پیاوە بە تەنیا ماوەتەوە.
مەلا غەزایی دەڵێ: ئێمە لە بنەچەوە هەر مەلابووین، حوجرەمان هەبوو لێرە.
حوجرەکە لە چوار ژوور پێکهاتووە، شوێنی مانەوە و خواردن و خەرجی فەقێکان لەسەر ئەرکی یازدە گوندی ئەم دەوروبەرەبوو.
گوندی گەناو بەدووری 29 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی قەڵادزێ، ئێستا نزیکەی 15 ماڵی لێ دەژین، کە پیشەی سەرەکییان کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە.