ژنانی عەمارلوو لە پارێزگای گیلان
عەمارلوو ناوچەیەکی شاخاوی و کوێستانی پارێزگای گیلانە، لە باکووری خۆراسان. لەم ناوچەیە 350 خێزانی کورد هەن. ژنانی ئەم ناوچەیە بە رەنگ و شێوە هەر لە ژنانی پارچەکانی دیکەی کوردستا دەچن.
لە زەحمەتییەکانی ژیان هێندەی پیاوان جێپەنجەیان دیارە. هەندێکیان کارەکانی ماڵەوە دەکەن و هەندێکیشیان پڕۆژەی بچووک لە گوند و لە شارەکانیان بەڕێوەدەبەن.
ستارە قووڵی پوور، ژنێکی کوردی تەمەن 60 ساڵی ناوچەکەیە، زۆربەی تەمەنی لە ماڵەوە بە دروستکردنی خواردن بۆ خانەواەکەی بەسەر بردووە.
ستارە قووڵی پوور، دەڵێ "کەلانە دروستدەکەین، لەنێو کەلانەدا پیاز و گوێزی تێدەکەین، زۆرجار برنج ئامادە دەکەین، بۆ زۆربەی خواردنەکان گوێز بەکاردێنین، لەلای ئێمە ئەو کەلانەیە خۆشترین و هێزێکی زۆرت پێدەدات. پێشتر کە ئامێری گوێز چاککردنمان نەبوو، بەم شێوەیە بە بەرد گوێزەکانمان ورد دەکرد".
کچانی ئەو ناوچەیە هاوشێوەی کوڕان، بەشێک لە کارەکانی دەرەوەی ماڵ دەکەن و رۆژانە لە گوندەکانەوە دەچنە شارەکان. مەرزییە سلێمانی تاکە کچی ماڵەوەیە و تەواوی کارەکان خۆی دەیکات.
مەرزییە دەڵێ "بەڕای من هیچ جیاەوازییەک لەنێوان کوڕ و کچ نییە، دەبێ کچانیش هانبدرێن، من زۆر حەزم بە لێخوڕینی ماتۆڕ بوو، بە باوکمم گوت و ئەویش رێگەی پێدام، خۆی فێری لێخوڕینی ماتۆڕی کردم، ئێستا خۆم دەچمە شار و گەندەکانی دیکە، هەرشتێکمان پێویستبێت دەیهێنم".
بەشێکی زۆری ژنانی عەمارلوو، جگە لە کاروی ماڵەوەو ئاژەڵداری، پڕۆژە و کاری بچووکیان هەیە، گۆرەوی و پاڵتۆ و بووکەلەی منداڵان دروستدەکەن و دەیفرۆشنەوە. بەشێکیش لە کچەکانیان دەچنە شار بۆکار و هەر لە شاریش ژیای هاوژینی پێکدێنن و ناگەڕێنەوە گوندەکان.