فیچەر - منداڵێکی 12 ساڵی کورد لە هۆڵەندا پاڵەوانی کیکبۆکسێنە

فیچەر - منداڵێکی 12 ساڵی کورد لە هۆڵەندا پاڵەوانی کیکبۆکسێنە
مەرد میکایل هەرکی، منداڵێکی کوردی 12 ساڵە کە لە هۆڵەندا لەدایکبووە، بەسەرکەوتوویی پاڵەوانەتیی کیکبۆکسینی هۆڵەندای بەدەستهێناوە و توانیوییەتی ئاڵای کوردستان لەسەر سەکۆی پاڵەوانەتییەکە بەرز بکاتەوە.
مەرد لە تەمەنی چوار ساڵیدا چووەتە هۆڵەندا و سەرەتا لە یاریی تۆپی پێدا دەستی بە وەرزش کردووە، بەڵام لە کاتی پەتای کۆرۆنادا رووی لە کیکبۆکسین کردووە. پاش ساڵانێک راهێنان و بەردەوامی، توانی هەر سێ قۆناغەکەی پێشبڕکێی هۆڵەندا بە سەرکەوتوویی تێپەڕ بکات و ببێتە پاڵەوان.
چیا میکایل هەرکی، باوکی مەرد، ئاماژەی بەوە کرد کە خێزانەکە هەموو پشتیوانیی لە کوڕەکەیان دەکەن و مەبەستیان ئەوەیە کە یەکەم بێت و ئاڵای کوردستان بەرزبکاتەوە. هەروەها گوتی کە سەرقاڵبوون بە وەرزشەوە هیچ کاریگەریی نەرێنی لەسەر خوێندنی مەرد نەبووە و لە ئاستێکی زانستی بەرزدایە.
سەڵاح هەرکی، باپیری مەرد، باسی هەستی کوردایەتی خێزانەکەی کرد و گوتی  لە منداڵییەوە مەرد ئارەزووی ئەوەی هەیە ئاڵای کوردستان بەرزبکاتەوە.
پلانی داهاتووی مەرد بریتییە لە بەردەوامبوون لەسەر یاریی کیکبۆکسین و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانییەتی ئەورووپا. 
مەرد بە هەستێکی نیشتمانپەروەرانەوە رایگەیاند کە دەیەوێت پشتێنەکەی بە دیاری بدات بە سەرۆک مەسعود بارزانی، چونکە ئەو کەسەیە کە ئاڵای کوردستانی بەرزکردووەتەوە.