فیچەر - مستەفا ناوپردانی | شەهیدی راپەڕین
رۆژی 11ی ئاداری ساڵی 1991 راپەڕینی هەولێر دەستیپێکرد. پێش دەستپێکردنی راپەڕین، لە ماڵی مستەفا ناوپردانی پلانەکە دانرا و هەر لەوێش دەستپێکرا. مامەند مەمی خەلی، فەرماندەیەکی پێشمەرگەیە و بەشداربووی راپەڕینە دەڵێ : دوو هەفتە پێش راپەڕین راو تەگبیری راپەڕین دەکران، نامەی سەرۆک بارزانی و بەرەی کوردستانیمان بۆهات و ئامادەکارییەکان دەستپێکران.
بەرەبەیانی رۆژی 11ی ئاداری 1991 یەکەم تەقەی راپەڕینی هەولێر لە شاوێس دەستیپێکرد. مامەند مەمی خەلی دەڵێ : تاریک و روونی بەیانی شەڕمان دەستپێکردوو لە سێ لاوە لێماندان و بەرگریان دەکرد، بەڵام خۆیان رانەگرت و بە پێی ئەو پلانەی دامان نابوو رۆشتینە پێش.
شەڕەکی قورس لەنێوان راپەڕیوان و سەربازانی بەعس دروستبوو، سەربازەکان خۆیان رانەگرت و پاشەکشەیان کرد، بەڵام بە تۆپ و هاوەن لە راپەڕیوەکانیان دەدا.
خۆشەوی ناوپردانی یەکێک لە بەشداربووانی راپەڕین و برای مستەفا ناوپردانی گوتی : هاوەنێکمان بەناوکەوت، من برینداربووم و مستەفای برام شەهیدبوو، یەکێکی دیکەش بەناوی کاک سەلیم برینداربوو دوو رۆژ دوای ئەوە شەهیدبوو. بەڵام رێگەمان نەدا خەڵکەکە ساردبنەوەو لە هێرشکردن بەردەوام بوون.
نافیز ناوپردانی کوڕی مستەفا ناوپردانی دەڵێ : کە باوکم شەهیدبوو زۆر تووڕەبووین، کەتیبەکەمان بە تەواوی دەستگیرکردن و بەرپرسەکانمان هێنان، گوتیان لە شوێنی شەهیدبوونی باوکت بیانکوژنەوە، بەڵام ئەو کارەمان نەکرد و تەسلیمی بەرەی کوردستانیمان کردن.