فیچەر - نەواف میرۆ: لە جیهاندا کوردم و لەنێو ئێزیدخاندا تەنیا ئێزدیم

فیچەر - نەواف میرۆ: لە جیهاندا کوردم و لەنێو ئێزیدخاندا تەنیا ئێزدیم
نەواف میرۆ هۆزانڤانێکی دیاسپۆرانشینی خەڵکی باکووری کوردستانە، ئەو خەڵکی وێرانشاری سەر بە رووهایە و لە دایک و باوکێکی ئێزدی لەدایکبووە، شیعرەکانی نێو 5 دیوانە چاپکراوەکانی لەنێو خوێنەرانی کورد، بەتایبەتیش ئەوانەی بە کورمانجی دەخوێننەوە دەستاودەست دەکەن و دەگوترێنەوە. 
خەڵکی باکووری کوردستانە، هەلبەستڤان، رۆماننووس، چیرۆکنووس و وەرگێڕە. سنگی پڕە لە خۆشەویستیی کوردستان و ئێزیدخان، زمانی کوردی بۆ ئەو زیاترە لە ئامرازێکی لێکتێگەیشتن، نەواف میرۆ لەدایکبووی ساڵی1968ی خێزانێکی ئێزدیی وێرانشاری باکووری کوردستانە، لە ساڵی 1987ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی، لەو وڵاتە خوێندوویەتی و کاری کردووە.
نەواف میرۆ - هەلبەستڤان و رۆماننووس:
ئەڵمانەکان هیچ کاتێک کەموکورتییەکانی خۆیان ناشارنەوە، ناڵێن کەموکوڕیمان نەبووە، ناڵێن پێشینەمان بێگوناه بوونە، لە ئەڵمانیا کولتووری لێبووردەیی هەیە، چونکە ئەگەر تۆ هەڵەیەکت کرد... هەر شتێک روویدابێت، ئەگەر پێشینەکانت کردبێتیان، تۆ دەتوانیت ئەمڕۆ سەری خۆتی بۆ دانەوێنی، یان ئەژنۆ دابدەیت، دەتوانیت بڵێیت داوای لێبووردن دەکەم.

زیاتر لە نیوەی تەمەنی لە ئەڵمانیا بەسەر بردووە و ئەزموونی دیاسپۆرا، زیاتر بە ئێزدیاتی و کوردبوونەوەی بەستووەتەوە.
نەواف میرۆ - هەلبەستڤان و رۆماننووس:
ئەگەر کوردبوون و ئێزدیبوونی ئێمە هێندە لە بنەڕەتدا نەبووایە، بێگومان دەستبەرداری دەبووین و ئەو زمان و خۆشەویستییەش نەدەبوو، بۆ من ئەرکی گەورەی نووسەر ئەوەیە لەگەڵ لاوازەکاندا بێت، بۆ کۆمەڵگەکەی بێت، لەگەڵ ئەو مرۆڤانەدا بێت کە پێویستییان بە پاراستنە؛ ئەوانەی دەبێت بیانپارێزێت، لە جیهاندا خۆم وەک کوردێک دەبینم، هەر لەبەرئەوەشە بە کوردی دەنووسم، من لەنێو کوردستان و ئێزیدخاندا تەنیا ئێزدیم، نامەوێت پێمبگوترێت کوردی ئێزدی، تەنیا ئێزدیم.
دەنگی سرووشتی... نەواف میرۆ هۆنراوەیەکی خۆی دەخوێنێتەوە
نەواف میرۆ خاوەنی پێنج دیوانی شیعری چاپکراوە، دەربارەی جوانترین و شیرینترین فۆرمی ئەدەبی دەڵێت:
نەواف میرۆ - هەلبەستڤان و رۆماننووس:
شیعر، دەستپێکێکی بێکۆتاییە، ئازارێکە، ئازارێکی ئەویندارانەیە کە یەکدی تەواو دەکەن، چونکە لە ژیاندا مرۆڤ تا هەست بە ئازار بکات دەژی. واتە ئازار خۆی ژیانە. ئەگەر نەتوانین هەست بە ئازار بکەین، ئەوە واتای وایە ئێمە لە ژیان تێناگەین و ناژین. مرۆڤ چەند بتوانێت بگری، ئەوەندە بەرامبەرەکەشی ئازار نادات.
هەرچەندە هێشتا گەنجە و دەرفەتی بەر هەمی زیاتریشی هەیە، نەواف خاوەنی هەشت رۆمانە و یەکێکیان وەک زانستی- خەیاڵی (ساینس فیکشن) هەژمار دەکرێت.
نەواف میرۆ - هەلبەستڤان و رۆماننووس:
هەشت ڕۆمانم هەیە لە هەشت بابەتی جیاوازدا و هەوڵمداوە بتوانم لەڕێگەیانەوە ئاستی رۆمانی خۆم... ئاستی رۆمانی کوردی، ئەو کوردییەی پێی دەنووسم ئەم دیالێکتەی ئێمە کورمانجیی سەروو، ئاستی بەرزبکەمەوە. چەندین جۆری نووسین هەن، بۆ نموونە یەکێکیان وەک یەکەمین رۆمانی زانستی- خەیاڵی هەژمار کراوە.
بە گوتەی نەواف، زمانی کوردی بۆ مرۆڤی ئێزدی، تایبەتمەندی و گرنگییەکی جودای هەیە.
نەواف میرۆ - هەلبەستڤان و رۆماننووس:
زمان بۆ هەموو کەسێک گرنگە، بەڵام بۆ ئێزدییەکان دوو هێندە گرنگترە، چونکە هەموو قەول و بەیت و زانین و چیرۆک و داستان و لاوکەکانمان بەم زمانەیە. هۆنینەوەی زمان وەک پەرستنێک دەبینم، واتە دەتوانم بڵێم بە شێوازی خۆم پەرستنێکم بۆ ئەم زمانە کردووە.
دەنگی سرووشتی... نەواف میرۆ هۆنراوەیەکی خۆی دەخوێنێتەوە...
 نەواف بە پلان و بەرنامە نووسین دەکات، بەڵام دەیەوێت دەرفەت و تەمەن یارمەتیدەری بن بۆ زیاتر کارکردن لەسەر ئێزدیاتی.
نەواف میرۆ - هەلبەستڤان و رۆماننووس:
مەبەستەکە ڕیکلام نەبوو، واتە بۆ ئەوە نەبوو یارمەتیدەر بێت بۆ ناوبانگ، بەڵکو بابەتێکە من زۆر دەمەوێت لێرەدا کاری لەسەر بکەم، بەو شێوەیەی من باسی دەکەم. بابەتی ئێزدیاتی، زۆر هێما و رەمز و ناو هەن، بەڵام نەهۆنراونەتەوە، نەبوونەتە دیمەنێک تاوەکو لە مێشکی مرۆڤدا بچەسپن، هەروەها لێکدانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی نێو ئایینەکەش کەمە، لێکدانەوەی دوعا و وشەکانیش لەو ئاستەدا نییە کە هەموو کەسێک لێی تێبگات.
نەواف، کە باوکی سێ منداڵی هەرزەکارە، چەندین پەرتووکی چیرۆکی بۆ منداڵان و خێزانەکان نووسیوە. هەروەها کاری وەرگێڕانیشی لە زمانی ئەڵمانییەوە کردووە.