فیچەر - ئۆرکسترای کەنارە دەنگی میوزیک بۆ ئاشتی

فیچەر - ئۆرکسترای کەنارە دەنگی میوزیک بۆ ئاشتی
ئۆرکسترای کەنارە، کە لە ساڵی 2014 لە قەزای حەمدانییە دامەزراوە، میراتێکی گرنگی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا بەرجەستە دەکات لە ڕێگەی میوزیکەوە. ئەم گروپە هونەرییە لە 65 ئەندام پێکهاتووە کە زۆربەیان گەنجی کریستیانن لە قەرەقوش، بەرتلە و موسڵ.

قەشە دۆریت بەربەر، بەڕێوەبەری ئۆرکسترا، باس لەوە دەکات کە گروپەکە لە کاتی ئاوارەیی دوای هێرشی داعش دامەزراوە. وەک دەڵێت: "لە جیاتی ئەوەی مرۆڤ چەک هەڵبگرێت، بڕیارماندا ئامێری میوزیک هەڵبگرن." ئەگەرچی لە 2014 دەستی پێکرد، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی لە 2017 دامەزرا و یەکەم کۆنسێرتی لە 2019 پێشکەشکرد.

ئەم ئۆرکسترایە گرنگییەکی تایبەت بە پاراستنی میراتی کەلتووری مەسیحییەکان دەدات و بە چەندین زمان سروود و گۆرانی پێشکەش دەکات، لەوانە: سریانی، ئارامی، کلدانی، ئاشووری، عەرەبی و کوردی. ئامێرە میوزیکییەکانیش جۆراوجۆرن، وەک کەمان، گیتار، ڤیۆلا، چەلۆ و ئامێرە کوتراوەکان.

حیبە عەبدولباری، ژنە ئەندامێکی ئۆرکستراکەیە دەڵێ "میوزیک ئاشتییە، ڕۆڵی ژن و کچ لە ئۆرکسترادا زۆر زۆر پێویستە، ئەوان شتێکی جوان پێشکێش دەکەن." ئۆرکسترای کەنارە سنووری عێراق و هەرێمی کوردستانی تێپەڕاندووە و کۆنسێرتی لە چەندین وڵاتی ئەوروپا پێشکەشکردووە، وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا.

فادی نوئێل عەزۆ، کە لە ئوستراڵیاوە گەڕاوەتەوە بۆ بەشداریکردن وەک گوێگر، دەڵێت: "لە ڕێگەی ئەم ئۆکسترایەوە ئەمڕۆ هەموو یادەوەرییەکانی ساڵانی پێشوو، لە ماوەی ئاوارەیی و سەختییەکانی ژیاندا گەڕاندەوە."

ئۆرکسترای کەنارە لە کەنیسەی تاهیرەی گەورە لە قەرەقوش، کە یەکێکە لە گەورەترین کەنیسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەردەوامە لە پێشکەشکردنی بەرهەمە هونەرییەکانی. پەیامی سەرەکی ئەم گروپە هونەرییە بڵاوکردنەوەی ئاشتی و ناساندنی میراتی کەلتووری کریستیانەکانی عێراقە بە جیهان، لە رێگەی زمانی میوزیک کە هەموو سنوورەکان تێدەپەڕێنێت.