فیچەر - پەریسا کەبیرنژاد: دەنگێکی نوێ لە ئەدەبی ژنانی کورد

فیچەر - پەریسا کەبیرنژاد: دەنگێکی نوێ لە ئەدەبی ژنانی کورد
پەریسا کەبیرنژاد، مامۆستای قوتابخانە و نووسەری خاوەن بەهرە، لە ساڵی 1994 لەدایکبووە، بە نووسینەکانی چیرۆکی ژیان و خەباتی ژنان دەگێڕێتەوە.
لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆک کردووە. سەرەتا لە سەنتەری هونەری دەستی بە نووسینی کورتە چیرۆک و هەڵبەستی نوێ کرد. بەڵام دوای تەواوکردنی زانکۆ، روویەکی نوێی لە نووسیندا هەڵبژارد کاتێک سەرنجی چووە سەر دیاردەی خۆکوشتنی کچان لە ناوچەکەیدا.
لە یەکەم پرۆژەی گەورەیدا، پەریسا لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی لەسەر خۆکوشتنی کچان ئەنجامدا. لەم توێژینەوەیەدا، لەگەڵ زیاتر لە پێنجسەد کچدا کاری کردووە، زۆربەیان لە ناوچە کوردنشینەکان بوون. ئەم کارە بووە بنەمای یەکەم پەرتووکی کە تیشک دەخاتە سەر ژیانی کچانی نەوجەوان.
لە ساڵی 2020، پەریسا پرۆژەیەکی گەورەتری دەستپێکرد، ئەویش نووسینی رۆمانێکی مێژوویی کە چیرۆکی خۆشەویستی نێوان کچێکی ئاشووری و کوڕێکی کورد دەگێڕێتەوە. کە کۆمەڵێک چیرۆکی راستەقینەی کورد، ئاشووری و ئەرمەنی دەگێڕێتەوە.
لە دواین پرۆژەیدا، پەریسا 34 نامەی بۆ کوڕەکەی نووسیوە کە هێشتا لەدایکنەبووە. دەربڕینێکی هونەری و هەستیار لە پەیوەندی نێوان دایک و منداڵ پێش لەدایکبوون. 
پەریسا پێیوایە تەنیا رێگای بوون بە نووسەر، نووسین و خوێندنەوەی بەردەوامە. وەک خۆی دەڵێت: "مەترسن، بنووسن، بنووسن، بنووسن. بنووسن و بخوێننەوە." بۆ ئەو، نووسین تەنها هونەر نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئازادی ژنان.
بەم شێوەیە، پەریسا کەبیرنژاد سنوورەکانی نووسینی ژنانی بەزاندووە و بووەتە دەنگێکی گرنگ و پێویست لە ئەدەبی هاوچەرخی کوردیدا. لە رێگەی نووسینەکانییەوە، هەوڵدەدات دەنگی ئەو ژنانە بگەیەنێت کە خەون بە ئازادی و یەکسانییەوە دەبینن.