فیچەر - پیشە کۆنەکانی دهۆک لە مەترسیی لەناوچوون دان

فیچەر - پیشە کۆنەکانی دهۆک لە مەترسیی لەناوچوون دان
لە کاتێکدا شاری دهۆک بە خێرایی بەرەو پێشکەوتن و گەشەسەندن دەڕوات، پیشە کۆنەکانی ئەم شارە مێژوویە بەرەو لەناوچوون دەچن و تەنها ژمارەیەکی کەم لەم کەسانە کە ئەم پیشە کۆنانە دەکەن، لە کارکردن بەردەوامن.
تەخویب ئەحمەد قەرۆ، یەکێک لە کۆنترین سەعاتچیەکانی دهۆک، ئەم پیشەیەی لە باوکییەوە وەرگرتووەو لە ساڵانی حەفتاکانەوە بەم کارە خەریکە. "ئەمە پیشەیەکی زەحمەتە، چونکە کەس نییە بتوانێت یارمەتیت بدات،".
محەمەد عەلی، بۆیاخچیی لە دهۆک، نزیکەی 60 ساڵە لەم پیشەیە بەردەوامە. ئەو لە شەقامی سینەمای نەوروز، لە کاژێر 8ی بەیانییەوە هەتا بانگی مەغریب، زیاتر لە 30 جۆری بۆیاخ دەفرۆشێت.
ئیدریس بانکی، کۆنترین سۆسفرۆشی دهۆک، چیرۆکی دەستپێکی پیشەکەی دەگێڕێتەوە بۆ ساڵی 1991، کاتێک لە دوای هاتنەوە لە کۆچ، ئەم پیشەیەی دەستپێکرد "کوڕەکانم حەز لەم کارە ناکەن، ئەوان ئەم تاقەتەیان نییە، چونکە زۆر زەحمەتە،" 
شاری دهۆک لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە. لە شارێکی چەند هەزار کەسییەوە گەیشتووە بە زیاتر لە ملیون و پێنجسەد هەزار کەس، بەڵام ئەم گەشەسەندنە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پیشە کۆنەکان هەبووە.