قوتابخانەی قوباد لە ئامێدی

قوتابخانەی قوباد لە ئامێدی

فیچەر - قوباد کۆنترین قوتابخانەی قەزای ئامێدییە. لەساڵی 1898 لە سەردەمی عوسمانییەکان دەست بە دروستکردنی کراوە. ماوەی 122 ساڵە خوێندن لە قوتابخانەی قوباد بەردەوامە.

قوتابخانەی قوباد دەکەوێتە ناوەندی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، لەسەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانی، قوتابخانە داخرا، دواتر لە ساڵی 1918 لەلایەن دەستەڵاتی بەریتانیا دووبارە کرایەوە.

حەمدی مەحموود، بەڕێوەبەری پێشووی قوتابخانەی قوباد دەڵێ "مێژوو ئەوەی سەڵماندووە، کە لە ئامێدی گرنگی زۆر بە خوێندن دراوەو پێش دروستبوونی حکوومەتی عێراق شەش قوتابخانەی ئایینی لە ئامێدی هەبوون. ئەوکات لە تورکیا قوتابی بۆ خوێندن دەهاتنە ئامێدی".

بێریڤان حەسەن، ئێستا بەڕێوەبەری قوتابخانەی قوبادە دەڵێ "بە هەزارەها نەوە لەم قوتابخانەیە بوونەتە دکتۆر و محامی و سەفیر و وەزیر".

نووسەری دیاری پارێزگای دهۆک موسەدەق تۆڤی دەڵێ "ئەو کاتەی ئەو قوتابخانەیە دروستکراوە، هیچ قوتابخانەیەک نەبوو، دەگوترێ لە ژوورێکی مزگەوت قوتابی وانەی خوێندووە".

لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکو ئێستا چوار دەستەڵاتی عێراقی بەڕێکردووە، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکی لەم قوتابخانەیە وانە گوتراوەتەوە. ئێستا لەم قوتابخانەیە 209 قوتابی وانە دەخوێنن.

 

ئەم فیچەرە لەلایەن هونەر رەشید ئامادەکراوە