فیچەر - کانگاڵ ناودارترین سەگی کوردی
ئەمە سەگی کانگاڵە، یەکێکە لە سەگە کوردییە ناودارەکان و لە باکووری کوردستان بەخێودەکرێت.
لە ناوچەی ئاڵتن یایلا، گەورەترین کێلگەی بەخێوکردنی سەگی کانگاڵ هەیە. ئەمە کێڵگەی سەگی ئاڵتن کانداڵە لە سێواسی باکووری کوردستان.
ئومێد تاشدەلەن، خاوەنی کێلگەی سەگی کانگاڵ دەڵێ "سەگی کانگاڵ خاوەن باشترین پێکهاتە و کارەکتەرە، تایبەتە بە شارۆچکەی ئاڵتن یایلای سێواس و سەگێکی سێواسییە. بەهۆی ئەوەی هێزێکی زۆری هەیە و بە باشی بەرگەی سەرما و سۆڵە دەگرێت، ئەو ئاژەڵە لە سێواس زۆر تۆکمەتر دەبێت. لێرە لە شارۆچکەی ئاڵتن یایلا و لە کێڵگەی ئاڵتن کانداڵ کە تایبەتە بە بەخێوکردنی سەگ، نزیکەی 200 سەگی دابەستەمان هەیە. کەشێکی تایبەتمان بۆ سازکردوون و زاوزێیان پێ دەکەین. بەگوێرەی پێویست بەو کەسانەیان دەدەین کە دەیانەوێت، بەتایبەتی خاوەن کارگەکان و ئەوانەی مێگەلی ئاژەڵیان هەیە. بێگومان ئەوان بە مەبەستی پاسەوانی بەکاریدەهێنن".
ناو و دەنگی سەگی کانگاڵ بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، بێچووەکانیان بەم زیرەکی و توانایەی هەیانە، بوونەتە جێگەی سەرنجی خەڵک، سەگی کانگاڵ توانای ژیان و مانەوەی پلەی گەرمی ژێر 40 پلەی سیلۆزیدا هەیە.