فیچەر - کوردێک لە ئەڵمانیا زانست دەکاتە چەکی سەرکەوتنی نەوەی نوێی کۆچبەران

فیچەر - کوردێک لە ئەڵمانیا زانست دەکاتە چەکی سەرکەوتنی نەوەی نوێی کۆچبەران
کوردێک لە ئەڵمانیا زانست دەکاتە چەکی سەرکەوتنی نەوەی نوێی کۆچبەران 
لە وڵاتی ئەڵمانیا کە یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی خانەخوێی کوردانە، ئۆرهان یەڵدرم، گەنجێکی کوردی خەڵکی نسێبینی باکووری کوردستان، زانست و پەروەردەی کردووەتە پردێک بۆ پەڕینەوەی نەوەی نوێی کۆچبەران لە ئاستەنگەکانی ژیان و گەیشتن بە سەرکەوتن.
ئۆرهان کە لە تەمەنی چوار ساڵیدا وەک پەنابەر ڕووی لە ئەڵمانیا کردووە، بەهۆی ئەوەی خۆی لە پرۆسەی خوێندن و فێربووندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە، بڕیاری داوە ناوەندێکی فێرکاری دامەزرێنێت بۆ یارمەتیدانی منداڵان. لە ساڵی 2015، ناوەندی "کلوگ ڤال" (Klug-Wahl)ی دامەزراند کە بە کوردی واتای "بژاردەی ژیرانە" دەگەیەنێت.
ئەم ناوەندە لە سەرەتادا بە شێوەیەکی بچووک و بە وتنەوەی وانە بە تەنها پێنج منداڵ دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی پێویستیی زۆری کۆمەڵگەی پەنابەران و کۆچبەران، بە خێرایی گەشەی کرد. 
ئێستا "کلوگ ڤال" لە شەش شاری جیاوازی ئەڵمانیادا لقی هەیە و وانەی بیرکاری، ئینگلیزی، فیزیک و چەندین بابەتی دیکە بە منداڵان دەڵێتەوە. 
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئۆرهان، فێرکردنی خێرای زمانی ئەڵمانییە بەو منداڵانەی کە تازە گەیشتوونەتە وڵاتەکە، چونکە زمان بە کلیلی سەرەکیی تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە و سەرکەوتن لە سیستەمی خوێندندا دەزانێ.
ئۆرهان یەڵدرم تەنها کار بۆ فێرکردنی بابەتە زانستییەکان ناکات، بەڵکو گرنگییەکی تایبەت بە ناساندنی منداڵانی کورد بە زمان، مێژوو و چاندی نەتەوەکەیان دەدات. پێیوایە کە "پێویستە بزانن نەتەوەکەیان چ نەهامەتییەکی بەسەر هاتووە، لە کاتێکدا کە خۆیان لە وڵاتێکی نامۆدان."
یەکێک لە پڕۆژە نوێیەکانی ئۆرهان، پڕۆژەی "Klug-Wahl Digital"ە، کە ئامانجی دروستکردنی وەشانێکی دیجیتاڵییە بۆ ناوەندەکەی. ئەمەش دەرفەت بۆ منداڵان لە هەر شوێنێکی جیهان دەڕەخسێنێت کە بە شێوەی ئۆنلاین بەشداری لە وانەکاندا بکەن و کۆمەڵگەیەکی فێربوون لەسەر ئاستی جیهان دروست ببێت.
خەونی ئۆرهان کە ڕۆژێک لەلایەن کەسانی نزیکییەوە بە "ئەستەم" ناودەبرا، ئەمڕۆ بووەتە ڕاستییەک و هیوا بە هەزاران منداڵی کۆچبەر دەبەخشێت. چیرۆکی سەرکەوتنی ئۆرهان یەڵدرم، نموونەیەکی زیندووی ئەو باوەڕەیە کە زانست و خوێندن باشترین چەکن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و بنیادنانی داهاتوویەکی گەشتر.