فیچەر - دەرهێنەرێکی کورد بەڵگەفیلمێک لە موسڵ بەرهەمدەهێنێت

فیچەر - دەرهێنەرێکی کورد بەڵگەفیلمێک لە موسڵ بەرهەمدەهێنێت
لەسەر دەرگای ماڵێک، لە گەڕەکی مەیدانی موسڵی کۆن، وێنەی دوو شێر هەیە. ئەم شێرانە بەردەوام خەونی گەڕانەوەیان بینیوە.
گەڕانەوە بۆ ڕۆژانێک کە شارەکەیان شاهیدی جەنگ و وێرانی نەبووە. دەرهێنەرێکی کورد ئەم چیرۆکەی کردووەتە بەڵگەفیلمێک، بەناوی شێرەکان لەسەر رووباری دیجلە.
زەردەشت ئەحمەد، دەرچووی بەشی تەلەفزیۆن و سینەمایە لە زانکۆی ستاڤەنگەر لە نەرویج. سی ساڵە لە نەرویج دەژی، چوار ساڵە کاری دەرهێنانی بۆ ئەم بەڵگە فیلمە کردووە.
بۆ یەکەمجار فیلمەکە لە فێستیڤاڵێک لە دانیمارک پێشکەشکراوە، بەهۆی بەرزی کوالێتی فیلمەکە، بۆ چەندین فێستیڤاڵی دیکەش بانگهێشت کراوە.
کارەکتەری سەرەکی بەڵگەفیلمەکە، کەسانی هەژاری ناو شاری موسڵن. بەشار یەکێکە لە ئەکتەرەکان و کەسێکی هەژاری شارەکەیە. ئەو چەندین نەخۆشی هەیە و لە رووی داراییەوە ژیانی زۆر خراپە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هیواوە دەژی بۆ ئاوەدانکردنەوەی موسڵ.
بەشار محەممەد، ئەکتەری سەرەکی بەڵگەفیلمەکە دەڵێ ''زۆردایمان بەرامبەر دەکرا، لزۆرداری ئەوەیە کە ئێمە ناچارکراوین و هەر دەمێنینەوە، نە دەتوانین خۆمان راست بکەینەوە و نە رێگە دەدەین راست بکرێینەوە. مەبەست لە زۆرداری ئەوەیە کە رێگری تێدایە. نە مووچە هەیە، نە چاودێری، نە یارمەتی. بڕوانە دەستم چۆنە. شەکرەم هەیە و نەخۆشی دەروونیم هەیە، واتە تەندروستیم باش نییە. دەمەوێت خانووەکەم ئاوەدان بکەمەوە و تێیدا دابنیشم، بەس ناتوانم، دەمەوێت خانوەکەم وەکو خۆی لێبێتەوە. بەڵام کرێی خانوو زۆر گرانە، بەخوا زۆر گرانە، من و دوو کوڕەکەم پێکەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی کرێی خانوو دەربکەین. نەخۆشیم هەیە و ناتوانم کار بکەم، هەموو بارگرانییەکە لەسەر شانی کوڕەکەمە''.
سەفا ئیلیاس هاوژینی بەشار محەممەدە. کارەکتەری دووەمی بەڵگە فیلمەکەیە، ئەو سەرەتا رازینەبووە لە بەردەم کامێرا دەربکەوێ، زۆر شوێن گەڕاوە، بۆ ئەوەی کەسێک خانووەکەیان بۆ نۆژەن بکاتەوە، بەڵام دوای ئەوەی بێهیوا دەبێت لە هاوکاری خێرخوازان بەشداری لە بەڵگە فیلمەکە دەکات، بەهیوای ئەوەی خانووەکەی بۆ نۆژەن بکەنەوە.
سەفا ئیلیاس، ئەکتەری سەرەکی بەڵگەفیلمەکە دەڵێ ''ئێمە هیوادارین کەسانێک هەبن یارمەتیمان بدەن، خێرخوازانێک هەبن کە دڵیان بە ئێمە بسوێت و هاوکاریمان بکەن. ئێستا لە خانوویەکی بچووکی کرێدا دەژین، منداڵەکانم لەگەڵدان و بە زەحمەت بژێوی ژیانمان دابیندەکەین و کرێی خانوو دەدەین. پێشتر لە ماڵی باوکم دەژیاین، لەناو خێزاندا، تەنانەت خانووی خۆمان نەبوو. سوێند بە خودا، چوار ساڵە بەردەوام ماندووین. هەر کەسێک دێت و وێنەمان دەگرێت، دەڵێت هیچ نییە، خۆڕاگر بن، خۆڕاگر بن، بەڵام هیچ شتێک ناگۆڕێت. هیوادارین کەسێک قەرەبوومان بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر پارچە زەوییەکیش بێت بە دڵی خۆمان بینا بکەین، یان بڕێک پارەمان بداتێ و ژیانمان ئاسانتر بکات''.
دەرهێنەر هیوادارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانێت فیلمەکە لە موسڵدا نمایشبکات، بۆ ئەوەی خەڵکی شارەکە چیرۆکی خۆیان لەسەر شاشە ببینن.
ئەم فیلمە تەنyا دۆکیومێنتێک نییە، بەڵکو دەنگێکە کە لە دڵی بێدەنگییەوە هەڵدەستێت. دەنگی ئەو کەسانەیە کە جیهان لەبیری کردوون، دەنگی ئەو شارەیە کە هەوڵدەدات لە دڵی وێرانیدا ژیان بەردەوام بهێڵێتەوە.
"شێرەکان لەسەر ڕووباری دجلە" چیرۆکی گەڕانەوەیەکە. گەڕانەوەی هیوا، گەڕانەوەی ژیان بۆ شارێک کە شایانی باشتر بووە.