فیچەر - شوانەکانی چیای ئاسۆس - ژیانێکی ساکار لەنێو سروشتدا

فیچەر - شوانەکانی چیای ئاسۆس - ژیانێکی ساکار لەنێو سروشتدا

لە بناری چیای ئاسۆس، دوور لە ژاوەژاوی شارنشینی، چەند خێزانی کۆچەر ژیانێکی ساکار بەسەر دەبەن. ئەوان لە سەرەتای بەهارەوە هەتا کۆتایی پاییز لە گوندی لبانە کە سەر بە قەزای دووکانە نیشتەجێ دەبن. محەمەد عەبدوڵڵا، پازدە ساڵە شوانە، رۆژانە رێگای سەخت و دژواری کێوەکان دەبڕێت بۆ بەخێوکردنی رانەمەڕەکەی. زێی بچووک و دەشتە سەوزەکان، ئەم ناوچەیەیان کردووەتە لەوەڕگایەکی بەپیت. محێدین عەبدوڵڵا، ئاژەڵدارێکی بە ئەزموون، ئەم جوگرافیا تایبەتە بە بەشێک لە میراتی کولتووری خۆیان دەزانێت. شەوانە، کاتێک تاریکی باڵی بەسەر چیاکاندا دەکێشێت، شوانەکان بە نۆرە تا بەرەبەیان چاودێری مەڕەکانیان دەکەن و لە ترسی هێرشی گورگەکان بە ئاگاییەوە پاسەوانی دەکەن. سەرمای کوێستان، کە جارجار دەگاتە چوار پلەی سێلیزی، ناچاریان دەکات لە دەوری ئاگرێکی بچووک کۆببنەوە. بە خواردنەوەی چای گەرم و گوتنی گۆرانی کوردی، هێز بە جەستە ماندووەکانیان دەگەڕێتەوە. ئەمەیە چیرۆکی ژیانی ساکاری شوانکارەکانی ئاسۆس، ژیانێک کە رۆژانە لەگەڵ هەڵاتنی خۆر دەست پێدەکاتەوە، رەنگدانەوەی کولتوورێکی کۆنی کۆچەری کە هێشتا لە کوردستان بەردەوامە.