فیچەر - لە کەرەج کورد و فارس تەمبوور دەژەنن

فیچەر - لە کەرەج کورد و فارس تەمبوور دەژەنن
لە شاری کەرەجی ئێران، کە ژمارەیەکی زۆر کوردی لێ دەژین، بەردەوام دەنگی تەمبوور دەبیسترێت.
کۆمەڵێک کوردی کرماشان، کە لەسەر بیروباوەڕی یرسانن. دەنگی مێژووی گەلێک و ئیمانی ئاینێکیان پاراستووە.
تەمبوور، ئامێرە پیرۆزەکەی یارسانە و لە خزمەتی هەموو کورد دایە، نەوە دوای نەوە پارێزراوە.
ئەمانە کۆمەڵێک میوزیکژەنی کوردن لەم شارە، بوونەتە پارێزەری ئەم ئامێرە و بەردەوام ئەم میوزیکە زیندوو دەکەنەوە.
قوباد قوبادی، تەمبوورژەن دەڵێ "من خەڵکی کرماشانم، لە دایکبووی وڵاتی داڵاهۆم. بە پاڵپشتی باوکم کە وەلییەک بوو لە مامۆستایانی گەورەی تەمبوور، هاتمە ناو دنیای تەمبوورەوە. توانیم لەناو ئەو مەجلیسانەدا، لەو شوێنانەی کە تایبەت بوون بە مۆسیقای تەمبوور، مۆسیقای یارسان، بەشداری بکەم و شانازیی ئەوەم هەبێت شاگردی ئەوان بم."
قوباد نەک تەنیا تەمبوورژەنێکی بەتوانایە، بەڵکو لە دروستکردنی ئەم ئامێرە پیرۆزەشدا دەستێکی رەنگینی هەیە.
قوباد قوبادی، تەمبوورژەن دەڵێ "نزیکەی سێ ساڵە لە شاری کەرەجین، لەناو کارگەکەی خۆماندا سەرقاڵی کاری تەمبوورسازین. بڕیارمان داوە تایبەت کار لەسەر ئەوانە بکەین کە پەیوەندییان هەیە بە مۆسیقای مەقامی تەمبوورەوە. بەتایبەتی مەقامەکان هەموویان، حەفتا و دوو مەقام هەیە کە لە خزمەتی ئەواندا دەبم."
سوهەیلە گۆردی، ژنێکی تەمبوورژەنە، ئەو خاوەنی دکتۆرای ئەدەبیاتی فارسییە، بەڵام ئاوێتەی هونەرە کۆنەکانی کوردی بووەو دەیەوێ بە تەواوی مەقامەکانی کوردی بە تەمبوور فێربێت.
سوهەیلە گۆردی، تەمبوورژەن – فارس دەڵێ ماوەی چەندین ساڵە حەزم بە فێربوونی تەموورە هەبووە، چونکە لە خێزانێکدا بووم کە یارسان بوون و خۆشم دکتۆرای ئەدەبی فارسی­م هەیە. لەبەر ئەدەبیاتی قەنی گۆران و ئەدەبیاتی یارسان حەزم دەکرد کە لە رێگەی مامۆستا قوبادی­یەوە کە یەکێک بوو لە سەرکەوتووییەکانی ژیانم، توانیم فێری میوزیکی تەموورەی گۆران ببم. ئێستاش چەند مانگێکە دەستم پێ کردووە و سوپاس بۆ خودا بۆ من زۆر بەسوود بووە.
قوباد قوبادی و هاواکرەکانی جگە لەوەی میوزیکی کوردی و یارسانی دەپارێزن، هەوڵی فێرکردنی گەنجانیش دەدەن.
نەوەی نوێی وەک ئالان کرماشانی، بەرەو فێربوونی ئەم هونەرە هەنگاو دەنێن.
ئالان کرماشانی، فێرخواز دەڵێ "چوار مانگە بە جددی کار لەسەر تەمبوور دەکەم. هەرچەندە مەقامەکان زۆر قووڵن، بەتایبەت مەقامەکانی حەزرەت و سوڵتان، بەڵام چێژ لە فێربوونی شیعر و تەکنیکەکانی وەردەگرم. هیوادارم بتوانم بەردەوام بم و باشتر پەرە بەم هونەرە بدەم."
لە نێوان نەوەی پێشوو و داهاتوودا، تەمبوور وەک پردێک، کەلتوورێک و ڕۆحێک بەردەوامە. 
لە دەستی قوباد قوبادی بۆ سوهەیلە گەردی و ئالان کرماشانی، ئەم هونەرە پێمان دەڵێت مێژوو لە ڕێگەی دەنگەوە گوازراوەتەوە، و تا دەنگی تەمبوور هەبێت، مێژووی نەتەوەیەک زیندوو دەمێنێتەوە.