فیچەر - ژنێکی کوردستانی-ئەمریکی ڤێلایەک بۆ پشیلە بێ خاوەنەکان دەکڕێت

فیچەر - ژنێکی کوردستانی-ئەمریکی ڤێلایەک بۆ پشیلە بێ خاوەنەکان دەکڕێت
لە شاری زاخۆ، خانمێکی کوردستانی-ئەمریکی بە ناوی S.R پرۆژەیەکی مرۆیی و بێوێنەی دەستپێکردووە بۆ چاودێریکردنی پشیلە بێخاوەن و بریندارەکان. ئەم خانمە کە نایەوێت ناوی ئاشکرا بکرێت، ڤێلایەکی گەورەی کڕیوە و کردوویەتی بە پەناگەیەک بۆ ئەو پشیلانەی کە بەهۆی کارەساتی جۆراوجۆرەوە برینداربوون یان پێویستیان بە چاودێرییە.

S.R، کە لەگەڵ خوشکەکەی لە ئەمریکاوە گەڕاونەتەوە، بە سەرمایەی تایبەتی خۆی و بەبێ وەرگرتنی هیچ یارمەتییەک لە لایەنێک، خزمەتی زیاتر لە 300 پشیلە دەکات لە ناوچەکانی دهۆک و زاخۆ. ئەو تەنانەت یەکێک لە قوتابخانەکانی خۆی بە بڕی 2 ملیۆن دۆلار فرۆشتووە بۆ ئەوەی بتوانێت باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە پشیلەکان بکات.

''کاتەکانم هەمووی بۆ ئەوانە، تەنها چەند کاژێرێکی خەو نەبێت،" S.R بەم جۆرە باسی پابەندبوونی خۆی دەکات بە پرۆژەکەیەوە. ئامانجی ئەو تەنها چاودێریکردنی پشیلەکان نییە، بەڵکو دەیەوێت کولتورێکی نوێ لە کۆمەڵگادا دروست بکات بۆ بەزەیی هێنانەوە بە گیانلەبەران.

لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، S.R سەردانی زیاتر لە 10 وڵاتی کردووە، لە نێویاندا وڵاتانی ئەوروپی، ئەمریکا و کۆریای باشوور، بۆ دۆزینەوەی باشترین دەرمان و ئامێری ڤێتێرنەری بۆ چارەسەری پشیلەکان. هەروەها کلینیکێکی پێشکەوتووی دامەزراندووە کە خزمەتگوزاری بێبەرامبەر پێشکەش بە پشیلە بێخاوەنەکان دەکات.

د. ئیبراهیم نووری، پزیشکی ڤێتێرنەری لە کلینیکەکە دەڵێت: "کلینیکی ئێمە هەموو ئامێری پێشکەوتووی هەیە... پشیلەی شەقامەکان کە پێویستیان بە چارەسەری هەیە، بێ بەرامبەر چارەسەریان دەکەین."

پرۆژەکە هاوکاری چالاکوانانی ژینگەپارێزی وەک نالین زاخۆیی و کاروان دێوالی وەردەگرێت، کە پشیلە برینداربووەکان دەدۆزنەوە و دەیانهێنن بۆ کلینیکەکە. تا ئێستا زیاتر لە 20 پشیلەیان بردووەتە تورکیا بۆ نەشتەرگەری و چارەسەری پێشکەوتوو.

هەروەها پرۆژەکە بەرنامەیەکی تایبەتی هەیە بۆ بەخێوکردنی پشیلەکان، کە تێیدا خەڵک دەتوانن پشیلەیەک بەخێو بکەن و هەموو خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی بێبەرامبەر بۆیان دابین دەکرێت، بەو مەرجەی کە نەفرۆشرێت و ئەگەر نەیانتوانی بەخێوی بکەن، دەتوانن بیگەڕێننەوە.

ئەم پرۆژەیە نموونەیەکی بەرچاوە لە کاری خێرخوازی و خۆبەخشی کە دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگا دروست بکات و هاوکات یارمەتی گیانلەبەرە بێتاوانەکان بدات.