فیچەر - چیرۆکی یاشار کەمال و پیرەمێردێکی کۆچەری

فیچەر - چیرۆکی یاشار کەمال و پیرەمێردێکی کۆچەری

کاتێک ناوی یاشار کەمال دەهێنی، بەتایبەت لەلایەن خوێنەر و نووسەر و سیاسەتمەدارانی کوردیش ناوێکی ئاشنایە، یەکێکە لە نووسەرە دیار و ناودارەکانی کوردە و لە جیهانیشدا ناسراوە.

یاشار کەمال لە ساڵی 1923 لە گوندی گۆگجەلی لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، یەکێک لە شاکارە هەرە ناودارەکانی رۆمانی حەمەدۆکە، کە بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراوە.

سادق گۆگجەلی، برازایەکی یاشار کەمالە و لە زۆربەی سەردانەکان لەگەڵی بووە، ئەو باسی چیرۆکێکی یاشار کەمال دەکات، کە رۆژێک بە لای چەند ماڵێکی کۆچەری لە باکووری کوردستاندا رەتبووەو دواتر گوتوویەتییە برازاکەی با سەردانێکی ئەو ماڵانە بکەین.

سادق دەڵێ :کە چووینە ماڵەکان پیرەمێردێکی تەمەن سەرووی 90 ساڵی لێبوو، منداڵێک پەرتووکێکی بۆ دەخوێندەوە، یاشار کەمال لێی پرسی ئەو پەرتووکە چییە. پیرەمێردەکەش دەڵێ ئەوە کتێبێکی زۆر بە نرخە، رۆمانی حەمەدۆکی یاشار کەمالە، رەنگە تۆ نەزانی یاشار کەمال کێیە، یاشار کەمالیش پێیدەڵێ بابا دەیناسم، من یاشار کەمال.

پیرەمێردەکە کاتێک دڵنیا دەبێتەوە کە ئەوە یاشار کەمالە باوەشی پێدا دەکات و دەڵێ سوپاس بۆ خوا لە کۆتاییەکانی تەمەنیشم بێت جارێک تۆم بینی، هەرچەندە خوێندەواریشم نییە، بەڵام رۆژانە چەند کاژێرێک ئەم منداڵە بۆم دەخوێنێتەوەو منیش گوێی لێدەگرم.

یاشار کەمال لە 28/2/2015 لە تەمەنی 91 ساڵی لە ئیستەنبووڵ کۆچی دوایی کرد.