فیچەر - زوبەیدا عامر کچە قوتابییەکی پیشەوەر لە موسڵ

فیچەر - زوبەیدا عامر کچە قوتابییەکی پیشەوەر لە موسڵ
لە گەڕەکی "حەمام مەنقوشە" لە شاری موسڵ، زوبەیدا عامر، قوتابیەکی تەمەن 17 ساڵ، چیرۆکێکی سەرکەوتووی نووسیوەتەوە کە نموونەیەکی بەرچاوە بۆ ژنانی شارەکە.
ئەم کچە گەنجە کە سەرەڕای ئەرکی خوێندن، توانیوییەتی پیشەیەکی سەرکەوتوو دەست پێ بکات، لە ماڵەوە بەرهەمی جوانکاری دروست دەکات و لە دووکانەکەیدا دەیفرۆشێت. 
زوبەیدا بە کەرەستەی سادە وەک ڤازلین، زەیتی گوێزی هیندی و زەیتی جۆنسن، جۆرێک لە کرێمی بۆندار و سابوونی چارەسەرکار دروست دەکات.
دووکانەکەی زوبەیدا لە شەقامی فاروقە، کە تێیدا ڕیزێک لە بەرهەمی جۆراوجۆری جەستە و دەموچاو، سابوونی جۆراوجۆر، مۆمی بۆندار، و زۆر بەرهەمی دیکە ڕێکخراون. هەموو ئەم بەرهەمانەی بەدەستی خۆی دروستی کردوون.
لە نێو بەرهەمەکانیدا سابوونی گوڵی محەمەدی، سابوونی نیلی شین، شەبی عەتری میسک، و مۆمی جوان هەیە کە لەسەر شێوازی شوێنەوارە کولتوورییەکانی موسڵ دروستکراون.
زوبەیدا ڕۆژانە دووکانەکەی دەکاتەوە و کاتەکانیشی بەشێوەیەک ڕێکدەخات کە هەم خوێندن و هەم کارەکە بەڕێوە ببات. ئەو دەڵێت: "سوپاس بۆ خودا ئێستا خەڵکێکی زۆر دەمناسن و دێن و شت دەکڕین".
یاسر گۆیانی، دانیشتووی موسڵ، ئاماژەی بەوە کرد کە کچانی موسڵ چوونەتە خولی فێربوونی دروستکردنی مۆم و سابوون و کارە دەستییەکان. ئەو زۆر بە دڵخۆشییەوە باسی ئەوە دەکات کە ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆری کچیان هەیە کە بە دەست کاردەکەن.
چیرۆکی زوبەیدا عامر نموونەیەکە لە سەرکەوتن و خۆڕاگری لە دوای قۆناغی داعش، کە دەریدەخات چۆن ژنان و کچانی موسڵ چالاکانە بەشداری لە بووژاندنەوەی ئابووری شارەکەیان دەکەن و ببوونەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ نەوەی نوێ.