نانی بەیانی ئامەد

نانی بەیانی ئامەد

نانی بەیانی لە جیهاندا یەکێکە لەو ژەمە خواردنانەی گرنگیی و تامێکی تایبەتی هەیە، لە ئامەدی باکووری کوردستان، ئەو خواردنە کولتوورێکی زۆر نایابی هەیە، لە تەواوی چێشتخانەکانی ئەم شارە نانی بەیانی هەیە، کە خەڵکی باکووری پێیدەڵێن تێشت، کوردانی باکوور لە ئامەد لەگەڵ نانی بەیانی بیبەری توندیش دەخۆن، ئەگەر چوونە ئامەد کاژێر 6 نانی بەیانی بخۆن.

لە فەرهەنگی کوردیدا، هەر ناوچەیەکی کوردستان، لە گۆڕ شێوەزاری تایبەتی خۆی، ناوێکی لە خواردنی بەیانی ناوە وەکو "تێشت، تاشتێ، فتوور و قاوڵتی".

سەیفی خاوەنی خواردنگەیەکی خواردنی بەیانییە لە ئامەد دەڵێ "پێشتر خەڵک لە دەرەوە کەمتر تێشتیان دەخوارد. بەڵام ئێستا ئەم چاندە فراوانتربووە. خەڵک دێنە ئەم خواردنگانە و نانی بەیانی دەخۆن. نانی بەیانی ئامەد زۆر بەناوبانگە، تەنیا لە ئامەد نا، بەڵکو لە زۆر وڵاتی دیکەی ئەوروپا، خەڵک دێنە ئێرە بۆ خواردنی نانی بەیانی".

فرۆشتنی نانی بەیانی لە شاری ئامەد، وەکو رەمزێکی گەشتیاری لێهاتووە، ئەو گەشتیارانەی دێنە ئێرە. جگە لە گەڕان بەنێو ئامەد و خواردنی جگەری ئامەد، نانی بەیانی ئەرکی یەکەمی دەستپێکی هەموو رۆژێکیانە.

هۆزان مەنسوور، هونەرمەندێکی کوردە و لە ئامەد لەگەڵ هاوژینەکەی نانی بەیانی دەخوات. ئەو لە چێشتخانەکە گۆرانییەک بۆ ئامادەبووان دەڵێ، لەبارەی نانی بەیانی ئامەدەوە دەڵێ "لەژێر تاوەرەکانی ئامەد، مرۆڤ نان و پیازیش بخوات هەر خۆشە. بەڵام من دەبینم، کە لەو ساڵانەی دواییدا قاوڵتیی ئێمە ناوبانگی لە جیهان دەرکردووە".

لە شاری ئامەد 335 تێشتفرۆش لە ژووری تێشتفرۆشان تۆمارکراون، ساڵانە 50 تێشتفرۆشی دیکە زیاد دەبن.

فیچەر, سەرنجڕاکێشترین بابەتی رۆژنامەوانییە. بابەتێکی درامی، هونەریی و داهێنەرانەیە، بایەخ بە لایەنی جوانی دیمەن و قسەی خۆش و کولتوور و بابەتە سەرنجڕاکێش و سۆفتەکانی ژیان دەدات. هەندێک چیرۆکی سەرنجڕاکێشی ژیان هەن، کە ناکرێ بە هەواڵ بڵاوبکرێنەوە، لە فیچەرێکی 5 خولەکیدا بەشێوەیەکی هونەری سەرنجڕاکێش پێشکەش بە بینەران دەکرێن.
ئێمە زیاتر گرنگی بە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان و کوردانی تەواوی جیهان دەدەین، لەگەڵ چیرۆکە سەرنجڕاکێشە جیهانییەکان.
لە هەر فیچەرێک تەنیا بایەخ بە یەک لایەنی بابەتەکە دەدەین و بە شێوەیەکی ورد و جوان بۆ بینەرانی رووندەکەینەوە.