شمشاڵ - پیرۆزترین ئامێری میوزیکی کوردی

شمشاڵ - پیرۆزترین ئامێری میوزیکی کوردی

شمشاڵ ئامێرێکی میوزیکی فوودارە، لەکۆنەوە لەنێو کورددا بەکاردەهێنرێت. لە هەندێک ناوچەی کوردستان، بە ئامێرێکی پیرۆز دادەنرێت، لە کوردستان شمشاڵژەنێکی بەناوبانگ هەیە بەناوی سەفەت کانیبۆتی، سەفەت لە تەمەنی 8 ساڵییەوە شماڵ لێدەدات،زۆربەی ئاوازەکانی شمشاڵ دەزانێت.

کاتێک گوێت لە دەنگی دەبێت. هەست بە ئارامییەکی قووڵ دەکەیت. ئاوازی کەمی هەڵپەڕکێکی هەیە، بەزۆری دەنگێکی ئارام و عاریفانەی هەیە. لە بۆنە ئاینی و تەسەوفییەکاندا بەکاردەهێنرێت، بەتایبەت لە مەولوودەکاندا.

لە هەندێک ناوچەی کوردستان، بەتایبەت لەنێو کوردانی ئێزدی، شمشاڵ بەئامێرێکی پیرۆز دادەنرێت. میری ئامێرە میوزیکییەکانە.

بەپێی لێکدانەوە مێژووییەکان، 1300 ساڵ پێشزایین شمشاڵ لەنێو کورددا بەکارهێنراوە.

لە باشووری کوردستان، شمشاڵ ژەنێکی بەناوبانگ هەیە، کە لە تەمەنی 8 ساڵییەوە دەستی بە شمشاڵژەنین کردووە.

سەفەت کانی بۆتی، تەمەنی نزیکەی 70 ساڵە، کاتێک باب و باپیرانی شوانکاری و مەڕدارییان کردووە، هەوڵی فێربوونی شمشاڵی داوە، دواتر بووەتە پێشمەرگە و بەردەوامبووە لەسەر شمشاڵژەنین.

سەفەت، خەڵکی گوندی کانیبۆتە لە دەڤەری بارزان. ناوچەیەکی شاخاوی و دارستانێکی چڕی هەیە. بە یەکێک لە خۆشترین و فێنکترین ناوچەی باشووری کوردستان دادەنرێت.

سەفەت کانیبۆتی، شمشاڵژەن دەڵێ "لە 8 ساڵییەوە دەستم بە شمشاڵژەنین کردووە، ئەوکاتە شوان بووم، بەتەنیا لە چیابووم، کەسی لێنەبوو شەرمی لێبکەم. حەزم لە هەر ئاوازێک بووایە لێمدەدا. هێدی هێدی فێرە شمشاڵ بووم. دوای ماوەیەک لە شمشاڵژەنە بەناوبانگەکان نزیکبوومەوە. بۆ ئەوەی بزانم چ ئاوازێک لێدەدەن. ئامۆزایەکی باوکم هەبوو، شمشاڵێکی زۆر خۆشی لێدەدا. لە نزیکیان دادەنیشتم تاوەکو ئاوازەکانیان فێربم. شمشاڵ زۆر جۆری هەیە، ئەوە دارە، لە دارگوێز دروستکراوە. ئەوە ئاسنە، زۆر ئاوازی شمشاڵ هەن، وەکو زەمبیل فرۆش و موریدەکان و پرسەکان و شەهیدەکان، هەتا مەولوودیشی پێ بەڕێوەدەچێ".

چەندین جۆر شمشاڵ هەن، هەندێکیان لە قامیش دروستدەکرێن و هەندێکیان لە ماددەکانی ئاسن و سفر و فافۆن. شمشاڵ بەهۆی کونەکانییەوە ئاوازەکانی دەردەکات، هەندێک شمشاڵ 6 کون و هەندێکیش 8 کونی تێدەکرێت، هەموو شمشاڵێک لە دواوە کونێکی تێدەکرێت بۆ هاوسەنگی ئاوازەکانی.

سەفەت کانیبۆتی، شمشاڵژەن دەڵێ "ئەم کونانە رۆڵی کەمیان هەیە، لە شمشاڵژەنین، بەڵام بەندەکانیان سووک دەکات، پاشکوونی شمشاڵ، لە بەتەنیا دروستکراوە، بە پەنجەی گەورە لێدەدرێت، رۆڵی هەیە بۆ دەستپێکردنی ئاوازێکی نوێ. واتە سەرەتای بەندەکان. هەر کونێک ئاواز و تۆنی تایبەتی خۆی هەیە. دەنگی شمشاڵی دار نەرمە. بەڵام دەنگی شمشاڵی ئاسن خۆشتر و سافترە".

هەروەها سەفەت دەڵێ "کاتێک شێخ ئەحمەدی بارزانی، مووریدەکانی کۆدەکردەوە، موریدەکان حاڵیان دەگرت و لەم کاتە دەگریان و تۆبەیان دەکرد. ئەوکاتە ئاوازێکی تایبەتیان بە شمشاڵ بۆ لێدەدرا".

لە گوندی کانیبۆت، بەردەوام دەنگی شمشاڵێکی خەمگین دەبیسترێت. سەفەت دەڵێ پشێتر ئاوازی هەڵپەڕکێی لێداوە، بەڵام ئێستا هەموو ئاوازەکان خەمگینن، ئەویش بەهۆی زۆری ئەو شۆڕشانەی لەم ناوچەیە هەڵگیرساون، کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی زۆر خەڵکی دەڤەرەکە. بۆیە بەردەوام شمشاڵی خەمگین و ئارامکەرەوە لێدەدات.