عەلی رەزا سپاهی- نوسەری کوردی خوڕاسان

عەلی رەزا سپاهی- نوسەری کوردی خوڕاسان


عەلی رەزا سپاهی لاین، یەکێکە زمانناس و پارێزەری کولتوور و زمانی کوردی لە خوراسان.

لە ساڵی 1970ی زایینی لە گوندی سەنگدیوار لەدایکبووە. بەڵام بەناوی گوندی لایین ناوبانگی دەرکردووە، چونکە بەشی زۆری ژیانی منداڵی لەم گوندە بەسەربردووە.

گوندی لایین دەکەوێتە نێوان شارەکانی کەلات نادر و دەرگەز، لە سنووری تورکمانستان.

سپاهی خوێندنی زانکۆی لە مەشهەد تەواوکردووەو بڕوانامەی لە زمانی فەرەنسی لە زانکۆی فیردەوسی بەدەستهێناوە. هەر لەوکاتەدا لە بەشی کورمانجی رادیۆی کوردی دەبێتە بێژەر. هەروەها بەدوای بنەچە و مێژووی نەتەوەکەیدا دەگەڕێت.

عەلی رەزا کاری بێژەری و رۆژنامەوانی و نووسینی وتاریشی کردووە، بەڵام زیاتر گرنگی بە ئەدەب و شیعر داوە، هەڵبەستەکانی لەلایەن هونەرمەندانی کوردی خوراسان کراونەتە گۆرانی.

تاوەکو ئێستا 15 پەرتووکی بە زمانی فارسی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام بەرهەمە کوردییەکانی چاپنەکراون.

سپاهی هەر بە نووسینی پەرتووکەوە نەوەستاوە، بەڵکو لە ماڵەکەیدا، ژوورێکی دابینکردووە، بۆ ئەوەی منداڵانی کورد، فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی بکات بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کورمانجی.

بەهۆی چالاکییە نەتەوەیی و نووسینە کوردانەکانی، چەندینجار لەلایەن دادگای شۆڕش لە شاری مەشهەد دەستبەسەرکراوە، بەڵام دوای ماوەیەک ئازادکراوە.

سپاهی باس لە پاراستنی خوراسان دەکات لە هێرشی و دوژمانان و هەروەها پێشکەوتنی کورد لە خوڕاسان، کە بوونەتە نەتەوەی یەکەم و توانیویانە باڵا دەستبن لەم پارێزگایە.

لە خوراسان دەیان تیپی گۆرانی و هەڵپەڕکێی کوردی هەن، کە لە کچان و کوڕانی کورد پێکهاتوون و هەروەها چەندین گرووپی میوزیکی تێکەڵ لە نەتەوەکانی دیکەشیان هەن، کە لەلایەن کوردانەوە سەرپەرشتی دەکرێن.

لە پارێزگای خوڕاسان کە دەکەوێتە باکووری ئێران نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کورد هەن، کە لەلایەن شا عەباسی سەفەویدا راگوێزراون، بە مەبەستی بەرگریکردن لە سنووری ئیمپراتۆریەتی سەفەوییەکاندا، بەڵام ئەو کوردانە توانیویانە کولتوور و زمانی خۆیان بپارێزن و لە ماڵاندا وانە و زمانی کوردی بە نەوەکانیان دەڵێنەوە.