چێشتخانەی کوردی لە وڵاتی چین
شاخەوان گەنجێکی شاری هەولێرە، لەساڵی 2007 چووەتە چین و دوای دووساڵ کارکردن چێشتخانەیەکی داناوە، کە تەواوی بازرگانە کوردەکان لەخۆی
کۆدەکاتەوە، لە چێشتخانەکەی تەنیا خواردنی کودەواری هەیە. جگە لە کورد، خەڵکی چینیش زۆر حەز بە خواردنەکانی شاخەوان دەکەن و سەردانی دەکەن.
سفرەی کوردەواری لە جەرگەی چین. لە کەناری شاری ئییۆ چەند کوردێک بە دانانی چەند چێشتخانەیەک خوانی کوردەواریان سازکردووە.
ساڵی 2009 شاخەوان دوای دووساڵ کارکردن لەچین ئەم چێشتخانەیەی دامەزراندووە. بۆن و بەرامەی خواردنی کوردیی ئەم ناوە دادەگرێت.
چێشتخانەکەی شاخەوان، بووەتە ماڵی دووەم بۆ کورد و چینی و بیانییەکان. سفرەی شاخەوان هەمووانی بە دەوری خۆیدا کۆکردووتەوەو خەمی غەریبیان بەخواردنی کوردی لەبیردەباتەوە.
کە دێیتە ئییۆ و دەچێتە چێشتخانە کوردییەکان. هەزاران کیلۆمەتر دوورتر لە کوردستان، بەبۆن و تامی خواردنی کوردەواری بۆ چەن ساتێک دەگەڕێیتەوە کوردستان و تەمی غەریبیت لەسەر دڵ دەڕەوێتەوە. هەر ئەمەش وایکردووە، کە کوردای ئییۆ ساتەکان بژمێرن بۆ کاتی ژەمەکان و لە دەوری یەکدی و لەسەر سفرەی کوردەواری دابنیشن.