لەیلا قاسم بووکی کوردستان
لەیلا قاسم، یەکێکە لە ئافرەتە شۆڕشگێڕەکانی کورد، یەکەم ئافرەتی کوردە لەسەر سیاسەت لەسێدارەدرابێ، لەیلا قاسم لە گوندی بامیلی سەر بە قەزای خانەقین لەدایکبووە، لە ساڵی 1970پەیوەندی بە یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە کردووە. 46 ساڵ پێش ئێستا لە ساڵی 1974، لەیلا قاسم لەگەڵ چوار هاوڕێی بە نێوەکانی "جەواد هەمەوەندی، نەریمان فواد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران" دەستگیرکران، لە بەرەبەیانی رۆژی 12/5/1974 لەسێدارەدران. سەبیحە قاسم، خوشکی گەورەی لەیلا قاسم یادەوەرییەکانی لەیلا قاسم لەم فیچەرەدا دەگێڕێتەوە.
تاوەکو ساڵی 1974 هیچ ئافرەتێک لە عێراق لەسێدارە نەدراوە، لەو ساڵەشدا یەکەم ئافرەت کە ملی بەر پەستی سێدارە کەوت، لەیلا قاسم بوو.
سەبیحە قاسم، خوشکی گەورەی لەیلا قاسم، چیرۆکی دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی لەیلای خوشکی دەگێڕێتەوە، دەڵێ ئەو رۆژەی کە دەستگیریان کردووە، ئەو لە ماڵەوە نەبووە.
لەیلا قاسم، لە ساڵی 1952 لە گوندی بامیلی سەر بە قەزای خانەقین لەدایکبووە، لە ساڵی 1970 پەیوەندی بە یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە کردووە.
لەیلا قاسم، وەکو خۆی باسیکردووە بۆیە، بەم شێوەیە خەباتی کردووە، تاوەکو بیسەڵمێنی، کە ژنانیش دەتوانن لە پێناو نیشتماندا خەبات بکەن و خوێن بڕێژن.
لەیلا لە ساڵی 1971 لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلیژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە، وەکو باسدەکرێ قوتابییەکی زیرەکبووە، بۆیە مامۆستاکان زۆر خۆشیاندەویست
لە ساڵی 1974 لە سەرەتای تێکچوونی پەیوەندی سەرکردایەتی شۆڕش لەگەڵ حکوومەتی عێراق، لەیلا قاسم لەگەڵ چوار هاوڕێی بە نێوەکانی "جەواد هەمەوەندی، نەریمان فواد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران" دەستگیرکران، راگەیاندنی بەعس لەیلا قاسمیان وەکو گێرەشێوێن و تیرۆریست ناساند، بەبێ ئەوەی خۆی دانی پێدابنێ.
پێش ئەوەی لەسێدارە بدرێ، لەیلا ئەگوستیلەکەی بە کەسێکی خەڵکی جەلەولا بۆ خوشکەکەی دەنێرێتەوە.
لە کاژێر 7ی بەرەبەیانی 12/5/1974، لەیلا قاسم و هەرچوار هاوڕێکەی لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەسێدارەدران.
ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، لە میدیا جیهانییەکانی ئەوکات بڵاوکرایەوەو لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، وەکو لەسێدارەدانی یەکەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراق لە میدیاکان بڵاوکرایەوە.
بەپێی گێڕانەوەکان، ئەوکاتەی لەیلا قاسم لە بەندیخانە بووە، داوای لە دایکی کردووە، ئەگەر ئەو جارە سەردانی کرد، مقەسێک و جلە کوردییەکەی بۆ بێنن، دایکیشی بۆی دێنێ، بە مقەسەکە کەمێک لە قژی خۆی دەبڕێ و دەیداتە دایکی پێیدەڵێ وەکو یادگاری لەلای خۆت هەڵیبگرە، چونکە چەند رۆژێکی دیکە دەگەمە کاروانی شەهیدان و بە جلی کوردییەوە دەبمە بووکی کوردستان.
لەو کاتەوە نازناوی بوکی کوردستان، بۆ لەیلا قاسم یەکلایی کراوەتەوە.
فیچەر, سەرنجڕاکێشترین بابەتی رۆژنامەوانییە. بابەتێکی درامی، هونەریی و داهێنەرانەیە، بایەخ بە لایەنی جوانی دیمەن و قسەی خۆش و کولتوور و بابەتە سەرنجڕاکێش و سۆفتەکانی ژیان دەدات. هەندێک چیرۆکی سەرنجڕاکێشی ژیان هەن، کە ناکرێ بە هەواڵ بڵاوبکرێنەوە، لە فیچەرێکی 5 خولەکیدا بەشێوەیەکی هونەری سەرنجڕاکێش پێشکەش بە بینەران دەکرێن.
ئێمە زیاتر گرنگی بە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان و کوردانی تەواوی جیهان دەدەین، لەگەڵ چیرۆکە سەرنجڕاکێشە جیهانییەکان.
لە هەر فیچەرێک تەنیا بایەخ بە یەک لایەنی بابەتەکە دەدەین و بە شێوەیەکی ورد و جوان بۆ بینەرانی رووندەکەینەوە.