مەلا مستەفا لە هەولێر چیکرد؟
دوای رووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، مەلا مستەفا بارزانی نەیتوانی لە باشووری کوردستان بمێنێتەوە، بەهۆی هێرشی سوپای عێراقەوە. بۆیە لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگەی بارزانی پەنابەری یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بوون.
مەلا مستەفا تاوەکو دوای ئینقیلابی عەبدولکەریم قاسم، لە یەکێتی سۆڤیەت دەمێنێتەوە، دواتر لەسەر داوای عەبدولکەریم قاسم دەگەڕێتەوە عێراق.
عوسمان موفتی یەکێکە لە کوڕەکانی رەشاد موفتی، ئەوکات تەمەنی 10 ساڵ بوو. باسی ئەو رۆژە دەکات کە مەلا مستەفا بۆ یەکەمجار هاتووەتە قەڵای هەولێر و شەوێک لە قەڵا ماوەتەوە.
عوسمان موفتی دەڵێ "دوای رووخانی کۆماری کوردستان و هێرشەکانی جەیشی مەلەکی لە عێراق، رووی لە رووسیا کرد لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگەی بارزانی. کاتێک عەبدولکەریم قاسم وینقیلابی کرد، داوایان لە بارزانی کرد کە بگەڕێتەوە، ئەویش لە رێگەی میسر گەڕایەوەو چاوی بە جەمال عەبدولناسر کەوت، دواتر لە رێگەی ئاوی هاتە بەسرە و لەوێوە هاتە بەغدا، چەند رۆژێک لە بەغدا مایەوە، کە زانی هیچ بۆ کورد ناکەن، گەڕایەوە هەولێر و شەوێک لە ماڵی ئێمە مایەوە، ئەو شەوە لەگەڵ رەشاد موفتی باوکم ئیتیفاقێکیان کرد، باوکم بەیعەتی پێدا و وەکو سەرکردەیەکی کورد هاوکاری بێت لە شۆڕشکردن. ئەوکاتە شەمسەدینی مامم و عەدنانی برام پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد".
ئەوکاتە هەولێر تەنیا قەڵابوو، بازاڕێیکی بچووک کە لە چەند دووکانێک پێکهاتبوو لەخوارەوەی قەڵاهەبوو، خەڵکی دانیشتووی قەڵا هەموویان لەبەردەم ماڵی رەشاد موفتی کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی مەلا مستەفا ببینن.
عوسمان موفتی دەڵێ "هەواڵەکە چۆن ئاگر لەناو پووش بڵاودەبێتەوە، لە هەموو قەڵات بڵاوبۆوە. بەیانییەکەی گەنج و پیر و منداڵ هەموویان هاتنە لای ماڵی ئێمە و کۆبوونەوە. هەتا مەلا مستەفا بێتە دەرێ و بیبینن. کە مەلا مستەفا هاتە دەرەوە خەڵکەکە بە هوتاف و بە چەپلە پێشوازیان لێکرد. لێرە شیو؛ی هەبوون پارتی و ئیخوان موسلیمین و تەیاری مەلەکیش هەبوون، مەلا مستەفا لەلایەن هەموویان خۆشەویست بوو. هەتا دەرگەی قەڵاتێ بەدوای سەیارەکەیەدا چوون".
ماڵی رەشاد موفتی، داوایان کرد کە ئەو خانووە بکرێتە مۆزەخانەی مەلا مستەفا بارزانی لە هەولێر، ئێستا خانووەکە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی نۆژەندەکرێتەوەو دواتر وەکو مۆزەخانەیەک دەکرێتەوە.
فیچەر, سەرنجڕاکێشترین بابەتی رۆژنامەوانییە. بابەتێکی درامی، هونەریی و داهێنەرانەیە، بایەخ بە لایەنی جوانی دیمەن و قسەی خۆش و کولتوور و بابەتە سەرنجڕاکێش و سۆفتەکانی ژیان دەدات. هەندێک چیرۆکی سەرنجڕاکێشی ژیان هەن، کە ناکرێ بە هەواڵ بڵاوبکرێنەوە، لە فیچەرێکی 5 خولەکیدا بەشێوەیەکی هونەری سەرنجڕاکێش پێشکەش بە بینەران دەکرێن.
ئێمە زیاتر گرنگی بە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان و کوردانی تەواوی جیهان دەدەین، لەگەڵ چیرۆکە سەرنجڕاکێشە جیهانییەکان.
لە هەر فیچەرێک تەنیا بایەخ بە یەک لایەنی بابەتەکە دەدەین و بە شێوەیەکی ورد و جوان بۆ بینەرانی رووندەکەینەوە.