جەژنی جەما- پیرۆزترین جەژنی کوردانی ئێزدی
جەژنی جەما یەکێکە لە جەژنەکانی کوردانی ئێزدی، ئەم جەژنە لە مانگی 10 دەستپێدەکات و ماوەی 7 رۆژ دەخایەنێت. چەندین رێوڕەسمی ئایینی کوردانی ئێزدی لەم جەژنەدا بەڕێوەدەچێت. کە پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە سەرتاسەری جیهان روو لە پەرستگەی لالش دەکەن.
رێورەسمەکانی جەژنی جەمای ئێزدی هاوشێوەی رێورەسمەکانی حەجە لە ئایینی ئیسلامدا، چۆن لە ئیسلامدا ئاوی زەمزەم هەیە، بە هەمان شێوە ئاوی کانیی سپی لەلایەن کوردانی ئێزدی پیرۆزە.
هەموو کەسێک دەبێ لە ژیانیدا جارێک بە ئاوی کانیی سپی مۆر بکرێت، هەروەها ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن، ساڵانە دەگەڕێنەوەو بە ئاوی کانییەکە خۆیان مۆردەکەن. جگە لەوەش ئەو کەسانەی لە دەستی داعش رزگاردەکرێن، بە ئاوی کانییەکە مۆردەکرێنەوە، بۆ ئەوەی خودا لە گوناحەکانیان خۆشبێت.
رێورەسمەکان بەسەر 7 رۆژی ئەم حەفتەیە دابەشدەکرێن، رۆژی یەکەم رێوڕەسمی بەیتی ئێوارە و سەمایی ئایینی بەگوێرەی ئایینی ئێزدی بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووەم تەوافی تەواوی مەزارەکانی پەرستگەی لالش بە راکردن بەڕێوەدەچێت. رۆژی سێیەم و چوارەم ئەم رێورەسمانە دووبارە دەکرێنەوە. رۆژی پێنجەم رێورەسمی 7 پەری بەڕێوەدەچێت. لەم رۆژەدا 7 کچ وەکو 7 پەری دەڕازێنرێنەوە بە جلی سپی، وەکو ئاماژەیەک بۆ 7 فریشتەی ئاسمان.
رۆژی شەشەم، رێورەسمی "قەباغ" بەڕێوەدەچێت. لەم رێورەسمەدا گایەک سەردەبڕن و وەکو قوربانی بۆ خوداوەندی رۆژ. گۆشتەکەی دەبێتە زادێکی پیرۆز و پێیدەڵێن سمات.
رۆژی حەوتەم رێورەسمی "بەربەرسوارکردن" بەڕێوەدەچێت، بە مانای ئەوەی رێورەسمی جەژنەکە تەواوبووە.
دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر شنگال، ئەنجوومەنی رۆحانی کوردانی ئێزدی ئەم جەژنەیان نەکرد، بۆ ماوەی 4 ساڵ رێوڕەسمەکانی ئەم جەژنە راوەستان. دوای ئەوە یەکەم جەژن لە ساڵی 2018 کرایەوەو دواتر ساڵانە بەردەوام بوو.
فیچەر, سەرنجڕاکێشترین بابەتی رۆژنامەوانییە. بابەتێکی درامی، هونەریی و داهێنەرانەیە، بایەخ بە لایەنی جوانی دیمەن و قسەی خۆش و کولتوور و بابەتەسەرنجڕاکێش و سۆفتەکانی ژیان دەدات. هەندێک چیرۆکی سەرنجڕاکێشی ژیان هەن، کە ناکرێ بە هەواڵ بڵاوبکرێنەوە، لە فیچەرێکی 5 خولەکیدا بەشێوەیەکی هونەری سەرنجڕاکێش پێشکەش بە بینەران دەکرێن.
ئێمە زیاتر گرنگی بە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان و کوردانی تەواوی جیهان دەدەین، لەگەڵ چیرۆکە سەرنجڕاکێشە جیهانییەکان.
لە هەر فیچەرێک تەنیا بایەخ بە یەک لایەنی بابەتەکە دەدەین و بە شێوەیەکی ورد و جوان بۆ بینەرانی رووندەکەینەوە.