شاد دەنگبێژی رۆژئاوای کوردستان

شاد دەنگبێژی رۆژئاوای کوردستان

شاد هونەرمەندێکی ناوداری رۆژئاوای کوردستان، لە ساڵی 1976 لە شاری کۆبانێ لەدایکبووە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، ئاوارەی شاری رووها بووە لە باکووری کوردستان، ئەو لەوێ بە دەنگە خۆشەکەی، کول و دەردی نیشتمان و عەشق و خۆشەویستی دەردەبڕێت.

لە شاری کۆبانێ بە ستران و حەیران دەڵێن دەلال، ئەو بە دەلالەکانی دڵی ئەو کەسانە خۆشدەکات، کە گوێی لێدەگرن.

شاد لە ماڵباتێکی ئاینی لەدایکبووە، لە خوێندنی قورئان دەنگی زۆرشبووە. "ئەو کاتەی لە کۆبانێ بووم زیاتر کاری هونەریم دەکرد. ئەلبووم دروستدەکرد و کۆنسێرتم دەکرد. زۆرجار بۆ کۆنسێرت، چوومەتە رووسیا، ئۆکراینا، ئیمارات، جەزائیر و گورجستان".

شاد لە ساڵی 2014 ئاوارەی شاری رووها بووە، وەکو باسیدەکات، پەنابەری زۆر ئێش و ئازاری هەیە، "پەنابەری هەر دەرد و جەفایە".

شاد هەڵبەستی زۆر هۆیزانڤانی کردووەتە گۆرانی، بەڵام زۆرترین هەڵبەستی مەلای جزیری کردوونەتە، دەلال و کەلام. شاد دەڵێ "میوزیک، نەتەوەو زمان و ئاینی نییە، دەنگ و میلۆدی نێودەوڵەتییە. زۆر گوێ لە میوزیکی بیانی بە هەموو جۆرەکانییەوە رادەگرم".