حەسەن حەفارە-شوفێرێکی جیاواز
حەسەن حەفارە یەکێکە لە شوفێری ئامێرە گەورەکانی وەکو حەفارە و شۆفڵ، بەهرەدارێکی بلیمەتە، بە راهێنان لەسەر وردبوونەوە لە لێخوڕین، داهێنانی جیاواز لە شوفێرەکانی دیکە دەکات. یەکێک لە داهێنانەکانی بە دەمی حەفارە دەرزی دەخاتە نێو کونی سووژن، لە دووری 4 مەتر.
حەسەن عەلی، دەڵێ "حەزم لەم کارەیە، سەیری وڵاتانی ئەوروپا دەکەم، کەسی زیرەکیان هەیە، بەڵام تەنیا کوردستانیش کەسی زیرەکی و بەهرەمەندی هەیە. رۆژانە 5 بۆ 10 خولەک راهێنان لەسەر ئەم کارە دەکەم، خەڵک لە سەرکێشییەکانم ناترن و خۆشی لە هونەرەکانم وەردەگرن".
لە ماوەی رابردوو چاڵێنجێکی جیهانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە، کە ئەویش کردنەوەی سەری دەبە بوو بە قاچ، حەسەن ئەم چاڵێنجە دووبارە دەکاتەوە بە دەمی حەفارەکەی دەیکاتەوە.
سیپان گەنجێکی شاری دهۆکە لەبارەی حەسەن دەڵێ "حەسەن کەسێکی زیرەکە و هەر کارێک بیەوێ دەتوانێ بیکات. جارێکیان بە دەمی حەفارەکەی ئاوی بەسەر سەری مندا دەکرد و سابوونی لەسەرم دەدا منیش خۆم دەشۆرد. ".
کاری سەرەکی حەسەن، هەڵکەندنی گۆڕە لە گۆڕستانی شاخکێ لە شاری دهۆک، فەرمانبەری شارەوانییە، لە ماوەی 3 بۆ 5 خولەک گۆڕێک هەڵدەکەنێ. لە ساڵی 2009 دەستبەکاربووە، تاوەکو ئێستا گۆڕی هەموو کەسەکانی لە دەفتەرەکەی تۆمارکردووە.
فیچەر, سەرنجڕاکێشترین بابەتی رۆژنامەوانییە. بابەتێکی درامی، هونەریی و داهێنەرانەیە، بایەخ بە لایەنی جوانی دیمەن و قسەی خۆش و کولتوور و بابەتە سەرنجڕاکێش و سۆفتەکانی ژیان دەدات. هەندێک چیرۆکی سەرنجڕاکێشی ژیان هەن، کە ناکرێ بە هەواڵ بڵاوبکرێنەوە، لە فیچەرێکی 5 خولەکیدا بەشێوەیەکی هونەری سەرنجڕاکێش پێشکەش بە بینەران دەکرێن.
ئێمە زیاتر گرنگی بە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان و کوردانی تەواوی جیهان دەدەین، لەگەڵ چیرۆکە سەرنجڕاکێشە جیهانییەکان.
لە هەر فیچەرێک تەنیا بایەخ بە یەک لایەنی بابەتەکە دەدەین و بە شێوەیەکی ورد و جوان بۆ بینەرانی رووندەکەینەوە.