ماڵێک لە شقارتە
کەم کەس هەیە لە جیهاندا شقارتەی بۆ ئاگرکردنەوە بەکارنەهێنابێت، بەڵام ئێستا بەکارهێنانی کەمبووەتەوە، شێخ سەفین کەسێکی شاری هەولێرە هیوایەتی کۆکردنەوەی شقارتەیە، بۆیە لەلایەن هاوڕێ و خزمانی بە پیاوی شقارتەکە ناسراوە، ئەو لە ساڵی 1983 تاوەکو ئێستا 1023 شقارتەی کۆکردووەتەوە، کە هەر شقارتەیەک دیزاینێکی جیاواز و هی وڵاتێکی جیاوازە، لەم فیچەرەدا چیرۆکی پیاوی شقارتەکە دەبیستین.
بۆ ئاگرکردنەوە کەم کەس هەیە لە ژیانیدا شقارتەی بەکارنەهێنابێت. ئەگەرچی ئێستا بەکارهێنانی کەمبووەتەوە، بەهۆی بەکارهێنانی چەرخی گازی. بەڵام ئێستاش لە هەندێک ناوچە شقارتە بەکاردەهێنرێت.
شقارتە، چیلکەیەکی بچووکە، کە سەرێکی بە کبریت رووپۆشدەکرێت بۆ ئاگرکردنەوە.
یەکەمجار شقارتە لەلایەن کیمیازانی بەریتانی جۆن وکەر لە ساڵی 1826 داهێنرا. دواتر لە جیهاندا بڵاوبوویەوە. بۆ ئەوکاتە یەکێکبوو لە داهێنانە گرنگەکانی مرۆڤایەتی، کە شێوازی ئاگرکردنەوەی ئاسانترکرد.
دوای ئەوە چەندین کارگەی دروستکردنی شقارتە لە وڵاتانی جیهاندا دامەزران، هەر یەکە و بە شێواز و قەبارە و ئەندازەی جیاواز دروستدەکران.
ئێستا کەسێک لە شاری هەولێر هەیە، هاوڕێکانی پێیدەڵێن پیاوی شقارتەکە، لەبەرئەوەی لەو کاتەی کۆلیژ بووە تاوەکو ئێستا هیوایەتی کۆکردنەوەی شقارتەیە. لە ماڵەکەیدا 1023 شقارتەی هەیە، هەر شقارتەیەکی جۆرێکە، یاخود لە وڵاتێک بەکارهاتووە.
شێخ سەفین، پیاوی شقارتەکە دەڵێ "هەزار و بیست و دوو، هەزار و بیست و سێ، شقارتەم هەیە، قەبارەی جۆراوجۆریان هەیە، ئەم شقارتەیە خزمێکم لە بەریتانیا بۆی ناردووم. ئەمە دەنکەکەیەتی، بەم تەنیشتەش پێدەبێت. ئەمەیان جۆرێکە، ئەمشیان جۆرێکی دیکەیە، هەروەها شقارتەی لوبنانیم هەیە. ئەمە شقارتەی لوبنانییە، ئەم چواردانەیە لوبنانین، باغەنە. هەروەها ئەم شقارتەیە بەگوێرەی پاکەتەکەی هەمووی رەسمە، کە دەیکەیەوە، هەمان وێنە لەسەر شقارتەکان هەن، هەریەکە و دەنکی خۆی تێدایە".
شێخ سەفین لە ساڵی 1984، لەگەڵ هاوڕێیەکی بڕیاردەدەن شقارتە کۆبکەنەوە. ئەوکاتە ماڵیان لە گەڕەکی خانەقا بوو، کە یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری هەولێر.
لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا شقارتە کۆدەکاتەوە.
شێخ سەفین، پیاوی شقارتەکە دەڵێ "ساڵای 1984 بوو لەگەڵ هاوڕێکەم بیرۆکەی کۆکردنەوەی شقارتەم بۆ هات. بەزۆری لەم ژوورە دادەنیشتم، ئەوکات شقارتەکانم لەنێو کانتۆر دادەنا، چونکە ژمارەیان زۆرنەبوو. ژمارەیان لەنێوان 150 بۆ 200 شقارتە دەبوون. هەر پێوانێکم دەهات، سەیری شقارتەکانی دەکرد، دەستخۆشی لێدەکردم. جاری واهەبوو لەنێو بازاڕ دەگەڕام بەدوای شقارتەدا، لە چێشتخانە و لەنێو دەلالخانەی کۆن".
شێخ سەفین لە بازاڕ و ئەو شوێنانەی بۆی چووە بەدوای شقارتەدا گەڕاوە. لە هەرشوێنێک شقارتەی بینیبایە، داوایدەکرد.
زۆرجاریش کاتێک هاوڕێ و خزمەکانی سەردانی شارێک یاخود وڵاتێکیان دەکرد، تەنیا داوای شقارتەی ئەو وڵاتەی لێدەکردن.
ئێستا شقارتەی نزیکەی 50 وڵاتی جیهانی لە ماڵەکەیدا کۆکردووەتەوە.
فەرمان یەکێکە لە خوشکەزاکانی شێخ سەفین، گەشتی زۆر وڵاتی کردووە. لە زۆربەی گەشتەکانیدا شقارتەی بۆ خاڵی هێناوەتەوە. زۆرجاریش داوای لە هاوڕێکانی کردووە، ئەگەر شقارتەی دەگمەنیان بینی، بۆی بێننەوە.
فەرمان مامەند، خوشكەزای شێخ سەفین دەڵێ "لەبیرمە بە منداڵی، لە ماڵماندا شقارتە نەبووبێ، داوای شقارتەیان لە خاڵم کردووە، بۆ ئاگرکردنەوە، بەڵام پێینەداون و تەنانەت یەک دەنکیشی پێنەداون. پارەی پێداون شقارتە بکڕن، بەلام نەیهێشتووە شقارتەکانی ئەو بەکاربهێنن".
شێخ سەفین، بەڕێوەبەری راگەریاندنە لە بەڕێوەبەرایەتی کشتووکاڵی هەولێر. ئەوکاتانەی لە دەوام دەگەڕێتەوە، لە ماڵەوە چەند کاژێرێک چێژ لە پاککردنەوەی شقارتەکانی وەردەگرێت.