کەچێ عەمێ، سترانبێژی ئێزدی

کەچێ عەمێ، سترانبێژی ئێزدی

کەچێ عەمێ یەکێکە لە سترانبێژە بەنێوبانگەکانی کوردانی ئێزدی، لە ساڵی 1907 لە گوندی تێرەف لەدایکبووە، لەتەمەنی 11 ساڵی دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە. تاوەکو کۆچی دواییکرد 200 سترانی ئەڤینی و نیشتمانی تۆمارکردووە.

هیچ کەسێکی دیکە لە بنەماڵەی کەچێ عەمێ، ئێستا گۆرانی ناڵێن. مەچۆ کەچێ، کوڕی کەچێ عەمێیە، دەڵێ "کاری باوکم ئەوەبوو لە دیوەخانەکان دادەنیشت و ستران و گۆرانی دەگوت، بەهۆی سترانەکانیشی یەکەم بوو".

کەچێ عەمێ، زمانی ئینگلیزی زۆر بەباشی دەزانی، کاتێک بەریتانییەکان هاتنە عێراق، کەچێ عەمێ ماوەی سێ ساڵ وەکو وەرگێڕ دەچێتە بەغدا و لەگەڵ ئینگلیزەکان دەبێ. هەروەها لەگەڵ کاوێس ئاغا، سترانێکیان لەسەر مەلا مستەفا گوتووە، دوای ئەوە لەبەر رژێمی بەعس هەڵاتن.

کەچێ عەمێ دوو ژنی هێنابوو، 4 کوڕ و 5 کچی هەبوون. لە ساڵی 1988 کۆچی دواییکردووە. تەرمەکەی لە گۆڕستانی مەزارگەی شەڕەفەدین نێژراوە.

ئێستا نزیکەی 10 کەس لە شنگال سترانەکانی کەچێ عەمێ دەڵێنەوە. عوسمان عەباس، سترانبێژێکی کوردی ئێزدییە و دەڵێ "کەچێ هاوڕێی من بوو، نزیکەی 10 ساڵ پێکەوەبووین. ئەو منی فێری ستران کرد".

لە شنگاڵ 60 دەنگبێژ هەبوون، 24 لەوانە کۆچی دواییان کردووە.