بەیت لەحم - پیرۆزترین شاری مەسیحییەکان
لەودیو سنووری ئیسرائیل، لە فەلەستین شاری بەیت لەحم وەستاوە، شارێکی سنوورییە و بە 10 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووی ئۆرشەلیم. بەڵام ئەم دوو شوێنە هێشتا بۆ سەردانکردنیان دەبێت بە خاڵی پشکنیندا تێپەڕیت، بەهۆی ئەو دیوارەی لەنێوانیان دروستکراوە.
بەیت لەحم بە ناوەندی رۆشنبیری و گەشتووگوزاری فەڵەستین دادەنرێت. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە بە 30 هەزارکەس دادەنرێت.
سەمیر حەزبوون-سەرۆکی ژووری بازرگانی بەیت لەحەم دەڵێ "لە بەیت لەحم خەڵکی دەتوانن سەردانی شوێنی دیکەی مێژوویی بکەن. بۆ نموونە دەتوانن سەردانی باتر بکەن، کە لەلایەن یۆنیسکۆوە بە بەشێک لە شوێنە مێژووییە نێودەوڵەتییەکان ناسراوە".
ئەم شارە بۆ باوەڕدارانی مەسیحی شوێنێکی گرنگ و پیرۆزە، چونکە باوەڕوایە کە شوێنی لەدایکبوونی عیسای مەسیحە، لە بەیت لەحم ژمارەیەکی زۆر کەنیسە هەن، کە گرنگترینیان کەنیسەی مەهدە. کەنیسەی مەهد لە ساڵی 330 لەلایەن ئیمپراتۆری رۆمانی کۆنستانتین دروستکراوە. ئەو کەنیسەیە بە پیرۆزترین کەنیسە لەسەر رووی زەوی دادەنرێت.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر باوەڕدارانی مەسیحی لە تەواوی جیهانەوە سەردانی بەیتلەحم دەکەن، بۆ سەردانکردنی شوێنی لەدایکبوونی عیسای مەسیح.
جان-گەشتیاری ئەمریکییە لەگەڵ هاوژینەکەی سەردانی ئەم شارەی کردووە دەڵێ " ئەمە شتێکی باش و مەزنە کە بەم شوێنانەدا بڕۆیت و کە پیایاندا عیسای مەسیح رۆیشتووە، من نەمتوانیوە سەردانی هەموویان بکەم بەڵام دەستپێکێکی باشە".
لانێدا-گەشتیاری ئەمریکی و هاوژینی جان دەڵێ "باشە، کەنیسەکە جوانە و ئەوەی کە لە ئینجیل پێمانگوتراوە لێرە دەیبینین. هەموو شتێكی نێو ئەم کنیسەیە بەسوودە".
سەردانیکردنی بەیت لەحم شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا هەستێکی لەڕاددەبەدەر چێژبەخشە. چونکە ئەم شوێنە کە کتێبی پیرۆزی ئینجیلدا باسکراوەو ئاماژەش بەوە کراوە، کە شوێنی پێخەمبەر داودیشە.
پۆل-گەشتیاری کەنەدییە دەڵێ "ئەمە بەڕاستی شتێكی زۆر سەرنجڕاکێشە، زۆر لەبارەی بەیت لەحم-مان لە ئینجیل خوێندەوە، بەڵام ئەوە لە تەمەنی منداڵی بوو، ئێستاش کە لێرەین هەستێکی زۆر خۆشمان پێدەدات. بەڕاستی شتێکی بەهێزە".
مەسیحییەکان 40%ی دانیشتووانی ئەم شارە پێکدەهێنن. ژمارەی کاتۆلیکەکان 5 هەزارکەس دەبن و ئەوانی دیکە ئەرسۆدۆکسی یۆنانی و ئەرمەنە مەسیحییەکان و ئەرسۆدۆکسە قوبتییەکان و لوتەرەکانن.
رەمزی ئەبوو خەلیل، مەسیحی فەڵەستینی دەڵێ" ئەمە سەرزەمینی مەسیحە، سەرزەمینی ئاشتییە. ئێمە شانازی پێوەدەکەین. هەموو مەسیحییەک دەبێت ئەمڕۆ بێتە ئێرە. ئەم رۆژە بۆ ئێمە پیرۆزە کە رۆژی حەجکردنمانە بۆ شوێنی لەدایکبووی مەسیح".
زۆربەی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە موسڵمانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەنێوان بڵندگۆی مزگەوتەکان، هێمای کەنیسەکانیش دەردەکەون. دیارترینیان کەنیسەی مەهدە، ئەو ئەشکەوتەی کە تێیدا مەریەمی پاک، عیسای مەسیحی تێدا هێنایە دونیا.
نەسرین ئەمیرە، موسڵمانێکی بەیت لەحەمە دەڵێ "ئێمە لێرەین بۆ پشتگیریکردنی برا مەسیحییەکانمان کە پێیان بڵێین ئێمە و ئێوە خاوەن یەک ئازارین و پێکەوە ئاهەنگی لەدایکبوونی مەسیح دەگێڕین".
لە بەیت لەحم هەموو رۆژێک کریسمسە، کەش و هەواو دیکۆری دەرەوەی کەنیسەکانی جۆرێکی دیکەن. بەو مێژووە دەوڵەمەندەی لە بەیت لەحم هەیە، ساڵانە جیهان بە لەدایکبوونی پێخەمبەرێکی مەزنی وەکو عیسای مەسیح رازاوەتر دەکاتەوە.