بۆزی سینا- ناوچە کوێستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

بۆزی سینا- ناوچە کوێستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
بۆزی سینا، یەکێک لە شاخە بەرز و ناوچە کوێستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەنێوان شارەکانی شنۆ و ورمێ لەنزیک باشوور و باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە.

هەڵکەوتەی جوگرافی و بەرزییەکەی بووەتە هۆی ئەوەی، بە ناوچەی چاڵە بەفر ناوبانگ دەربکات، زۆرجار هەتا کۆتایی هاوین چاڵ و رنووە بەفرەکانی دەمێننەوە. ناوی بۆزی سینا، بەهۆی تاشەبەردە سەهۆڵینەکانییەوە هاتووە.

لەوەتەی ئەم ناوچەیە هەیە، شوێنی خاوەن ئاژەڵ و رەوەندەکانی شاری ورمێ و دەڤەری مەرگەوەڕ بووە، جگە لە کورد هیچ نەتەوەیەکی دیکە لەم ناوچەیە نەژیاوە.

حاجی ئیسماعیل، تەمەنی 65 ساڵە، باب و باپیرانی لەم ناوچەیە ئاژەڵداربوونە، خۆشی تاوەکو ئێستا لەم ناوچەیە دەژی، وەکو باسی دەکات، هیچ نەتەوەیەکی دیکە جگە لە کورد لە ناوچەی مەرگەوەڕ نەژیاوە، هەروەها بۆزی سینا کوێستانی کوردانی کۆچەرییە.

ئیسماعیل گیسیان، دەڵێ "تەمەنم 65 ساڵە، پێنج ساڵ هیچ کە منداڵ بووم. لە شەست ساڵی هەتا ئێستا بابم بۆی گێڕایمەوە. لە زەمانی پەهلەوی یەکەم، نەک پەهلەوی دووەم. ئەم ناوچەیە پێیدەڵێن ناوچەی مەرگەوەڕ. لە خوارێ دەڵێن تەرگەوەڕ. لە دەستی راست دەڵێن دەشتەبێ. ئەم چیایە دەبینی پێیدەڵێن ئاس. بێرەدادێی بەم چیایە دەڵێن بەرزی زەرد، سوارێ زەرێ. سوارێ زەرێ ئەتوو دەزانی. سوارێ زەرێ کوردییە. دروستە؟ بۆزی سینا. بەم چیایە بڵندە دەڵێن بۆزی سینا. بەخودای ئەگەر برادەرەک بە مێوانی هاتبی. ئەگەرنا لە کورد زیاتر هیچ کەس بۆی نەهاتووە".

بەرزی بۆزی سینا 3480 مەتر لە ئاستی رووی دەریا بەرزە، بەهۆی کانیاو و جۆگەلەی بەفراوی تواوەی چیاکە، ناوچەیەکی لەبارە بۆ رەوەندەکان.

هەموو ساڵێک لەسەرەتای وەرزی هاوین تاوەکو کۆتایی، رەوەند و مەڕدارەکان روو لەم کوێستانانە دەکەن.

لە وەرزە گەرمەکاندا، پلەی گەرمی لە بۆزی سینا، لە رۆژدا 20 پلەیە، بەلام لە شەودا نزمدەبێتەوە بۆ ژێر سفر، ئەم ئاو هەوا فێنکە سەرنجی گەشتیارانی لە تەواوی ئێران راکێشاوە.

خەڵکی ناوچەکە و ژینگە دۆستان گلەیی ئەوە دەکەن، کە گەشتیاران ناوچەکە بە پیسی دەهێڵنەوەو نایلۆن و پلاستیکی زۆر لەوێ فڕێدەدەن.

ئیبراهیم حەبیبی، دەڵێ "کاتێک سەیرمان دەکرد، خەڵکێکی زۆر دەهاتن بۆ خۆشی و سەیران، بەڵام بەداخەوە، ئەوەی دێتە ئێرە، زبڵ و خاشاکەکەی لەدوای خۆی بەجێدێڵێ. ئێمە پێشتر خۆمان ئامادەکردبوو، هەندێک نایلۆنمان لەگەڵ خۆمان هێنان. ئێمە ژینگەپارێز و چیاوانەکان، هەرکەس بە ئەرکی خۆمان هەڵساین و زبڵەکەمان کۆکردەوە. چونکە راستی دڵمان بە ژینگەکەمان دەسووتێ. کارێکی زۆر زەحمەت نییە، هەر خانەوادەیەک هەر بنەماڵەیەک. کەدێتە ئێرە هەرکەس زبڵەکەی خۆی لەگەڵ خۆی کۆبکاتەوە، هندە زبڵە لە چیا نامێنێتەوە. کە گەیشتییە یەکەم حاوییەی شارەوانی دایبنێن، هێندە زەحمەت نییە".

چەندجارێک لەلایەن شاخەوانی تورک وق فارس و ئازەرییەکان، ناوی چیاکە گۆڕاوەو نوسراوی سەر چیاکەیان بە زمانی خۆیان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام شاخەوانانی کورد، گێڕاویانەتەوە سەر ئەسلی خۆی، کە ناوچەیەکی کوردییە.

سەولەت محەممەدی، دەڵێ "ئەمڕۆ 6ی پوشپەڕ، لە سەرچیای بۆزی سیناین، دوو پەیامی گەورەمان هەیە، یەکەم ئەوەیە ناوی بۆزی سیناو هەموو چیاکانی دیکەی جیهان بکەینەوە ناوی خۆی، ناوەکانیان نەشێوێنین. دەمانەوێ بچینە هەر خاڵێکی بۆزی سینا ناوەکەی بپارێزین. بۆ ئەوەی چیاکانمان نەبنە هی کەس و نەتەوەی دیکە، چونکە نەوەی دوای ئێمەش. پێویستیان بەم چیایانە هەیە، بۆی بگەڕێن، بۆ سەوزایی و جوانی".

ساڵانە شاخەوانانی کورد لە هەرچوار پارچغەی کوردستان کۆدەبنەوەو چەند رۆژێک لەسەر چیای بۆزی سینا بەڕێدەکەن، بە گۆرانی و هەڵپەڕکێی کوردی، بە هەموو نەتەوەکانی ئێران دەڵێن ئەمە ناوچەیەکی کوردییە، هەروەها تابلۆکانیش ساڵانە بە کوردی دادەنێنەوە.
 
فیچەر, سەرنجڕاکێشترین بابەتی رۆژنامەوانییە. بابەتێکی درامی، هونەریی و داهێنەرانەیە، بایەخ بە لایەنی جوانی دیمەن و قسەی خۆش و کولتوور و بابەتە سەرنجڕاکێش و سۆفتەکانی ژیان دەدات. هەندێک چیرۆکی سەرنجڕاکێشی ژیان هەن، کە ناکرێ بە هەواڵ بڵاوبکرێنەوە، لە فیچەرێکی 5 خولەکیدا بەشێوەیەکی هونەری سەرنجڕاکێش پێشکەش بە بینەران دەکرێن.
ئێمە زیاتر گرنگی بە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان و کوردانی تەواوی جیهان دەدەین، لەگەڵ چیرۆکە سەرنجڕاکێشە جیهانییەکان.
لە هەر فیچەرێک تەنیا بایەخ بە یەک لایەنی بابەتەکە دەدەین و بە شێوەیەکی ورد و جوان بۆ بینەرانی رووندەکەینەوە.