کراسی بووکێنی - ئاواتی هەموو کچێک
کاتێک کچ و کوڕێی دەیانەوێ هاوسەرگیری بکەن، یەکەم شت کچەکە بیری لێدەکاتەوە کراسێکی جوانی بووکێنییە. کێشەی زاوا ئەوەیە کە زۆر هەست بە ماندووبوون دەکات، کاتێک زۆر بەدوای کراسی بووکێنیدا دەگەڕێت، بەڵام ناشیەوێ دڵی دەزگیرانەکەی بشکێنێ.
بووک و زاوایەکی هەولێر، زۆر شوێن و دووکانی جیاواز دەگەڕێن بۆ ئەوەی کراسێکی جوان هەڵبژێرن، چونکە دەزانێ لە رۆژی هاوسەرگیریدا، هەموو کچەکان سەیری کراسەکەی دەکەن، بۆیە دەیەوێ بە جوانترین شێوە دەرکەوێت.
لە جیهاندا زۆر شێوازی جلووبەرگی بووکێنی هەن، ساڵانە بایی سەدان هەزار دۆلار لە تورکیا و ئێران و وڵاتانی عەرەبی کراسی بووکێنی دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان، کە هەریەکەیان جۆر و شێواز و دیزایینی جیاوازی هەیە.
رەنگە بووکەکان مۆدێلی کراسەکەی بەدڵ نەبێت، یاخود قەبارەکەی گەورە و بچووک بێت. بۆیە گەورەترین کێشەی بووکەکان کراسی بوکێنییە.
گۆران عوسمان، گەنجێکی شاری هەولێرە، چەند ساڵێکە کاری دیزایینی جلوبەرگ دەکات لە هەولێر، ئەمەش ئەرکی ئەو کچانەی ئاسانکردووە، کە دەیانەوێ ئاهەنگی هاوسەرگیری بکەن.
گۆران باسی مۆدێلەکانی کراسی بووکێنی دەکات، وەکو باسی دەکات ئێستا لە جیهاندا سێ مۆدێل زۆر باون و لە زۆربەی وڵاتان بووکەکان ئەم جۆرە کراسانە بەکاردێنن.
دیزایینکردنی کراسی بووکێنی ئاسان نییە، چەندین قۆناخی هەیە، کە تاوەکو کراسێک تەواودەبێ، نزیکەی 8 تاوەکو 10رۆژی پێدەچێ. چونکە زۆربەی کارەکانی کراسی بووکێنی بە دەست دەچنرێ.
لە زۆر وڵاتی ئەورووپا داوای مۆدێل و کراسەکانی بووکێنی هەولێر دەکرێت، بۆ ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری. گۆران دەڵێ "زۆر کراسی بووکێنیم بۆ وڵاتانی ئەوروپا ناردووە".
کراسی بووکێنی چەندین مۆدێل و رەنگی جیاوازی هەیە، هەموو رەنگە جیاوازەکان بۆ رۆژی مارەکردن لەبەردەکرێن، زۆر داخوازی لەسەر رەنگی پەمەییە بۆ ئەم رۆژانە، بەڵام بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری، تەنیا رەنگی سپی لەبەردەکرێت. ئەو مۆدێلەی زۆرترین داخوازی لەسەرە کراسی بووکێنی ساندرێلایە.
فیچەر, سەرنجڕاکێشترین بابەتی رۆژنامەوانییە. بابەتێکی درامی، هونەریی و داهێنەرانەیە، بایەخ بە لایەنی جوانی دیمەن و قسەی خۆش و کولتوور و بابەتە سەرنجڕاکێش و سۆفتەکانی ژیان دەدات. هەندێک چیرۆکی سەرنجڕاکێشی ژیان هەن، کە ناکرێ بە هەواڵ بڵاوبکرێنەوە، لە فیچەرێکی 5 خولەکیدا بەشێوەیەکی هونەری سەرنجڕاکێش پێشکەش بە بینەران دەکرێن.
ئێمە زیاتر گرنگی بە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان و کوردانی تەواوی جیهان دەدەین، لەگەڵ چیرۆکە سەرنجڕاکێشە جیهانییەکان.
لە هەر فیچەرێک تەنیا بایەخ بە یەک لایەنی بابەتەکە دەدەین و بە شێوەیەکی ورد و جوان بۆ بینەرانی رووندەکەینەوە.