ئاوی کانی سپی زەمزەمی ئیزدییەکانە
کانی سپی بەنێوبانگترین کانییە لەلایەن کوردانی ئیزدی و دەکەوێتە نێو پەرستگەی لالش. هەموو پەیڕەوانی ئایینی ئیزدی دەبێ جارێک بە ئاوی ئەم کانییە خۆیان بشۆن. بەپێی بیروباوەڕی ئێزدی ئەو قوڕەی ئادەمی لێدروستکراوە بەم ئاوە گیراوەتەوە. بەپێی بیروباوەڕی ئێزدی هەر ژن و پیاوێک پێکەوە بچنە نێو ئەو کانییە دەبنە خوشک و برا. بەپیی قسەی سەرپەرشتیاری کانییەکە، هەتا ئێستا ئاوەکەی کەم و زیادی نەکردووە
سێوێ هەشت مانگە بووەتە داۆیرە، لەگەڵ کەسوکاری خۆی نەوەکانی هێناوە مۆریبکات. لەلای ئەوان هەڵکەوتێکی پیرۆزە. مۆرکردن لەلایەن ئەوان بەم ئاوە ئەرکێکی ئاینییە.
سێوێ دەڵێ "زۆر خۆشحاڵم کە نەوەکەم بەم ئاوە مۆرکراوە، هەموو کوردێکی ئێزدی دەبێ نەوەکانی خۆی مۆربکات".
جگە لە منداڵان کەسانی گەورەش خۆیان مۆردەکەن، ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات لەدایکبوون دێن و خۆیان مۆردەکەن، لەبەر ئەوەی ئەرکێکی ئاینییە و دەبێ لە تەمەنی خۆیاندا جارێک خۆیان مۆربکەن.
سۆنیا سەعید، کوردێکی ئێزدییە و لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە کوردستان و دەڵێ "من بۆ ئەوە هاتووم تاوەکو لە کانیا سپی خۆ مۆربکەم، دەمەوێ خۆم پیرۆزبکەم، زۆر خۆشحاڵم. پیویستە هەموو کوردێکی ئێزدی خۆیان مۆربکەن".
هەر منداڵێکی ئێزدی تەمەنی 7 رۆژی تەواو بکات، دایک یان باوک دەتوانێ بیهێنێ و مۆریبکات. بەڵام نابێ ژن و پیاو پێکەوە بێنە نێو کانییەکە.
پیر موراد، سەرپەرشتیاری کانی سپی، دەڵێ "ئەم کانییە زۆر پیرۆزە". وەکو باسدەکرێ تاوەکو ئێستا ئاوی کانی سپی کەم و زیادی نەکردووە.
کانی سپی دەکەوێتە نێوەڕاستی پەرستگەی لالش، 15 کیلۆمەتر لە باکووری شێخان.