ئامەد- شاری شارستانییەتەکان

ئامەد- شاری شارستانییەتەکان

شارێک هەیە کە ئاسەواری ١٠ هەزار ساڵی بەسەرەوەیە، شارێکە کە دەیان شارستانیەتی لەخۆ گرتووە، شارێکە کە مرۆڤایەتی لێرەدا کشتوکاڵ و ئاژەڵە کێویەکانی ماڵیی کردووە، ئەو شارە ئامید، ئامیدا، دیکرانا گەت، دیاربەکر یاخود ئامەدە.

ئامەد ماڵی هەموو مرۆڤایەتییە، لە حووری و میتانییەکانەوە بگرە تاوەکو ئاشووری ئارامییەکان، لە ئۆرارتۆییەکانەوە تا ماد و ئیسکیت یاخود سەکاکان، پارس، مەکەدۆن، پارت، تیگران و رۆمانییەکان، لە ئەیووبی و مەڕوانییەکانەوە تاوەکو ئاککۆیونییەکان، ئاسەوای مێژووی مرۆڤایەتی لەسەر رووی ئەم شارەدا نەخشێنراوە.

شێخمووس سەفەر- کۆمەڵناس و هۆزانڤان دەڵێ "ئامەد لە دوای چین بە بەردەکانی بە شاری دووەم دادەنرێت ، چین لەبارەی تەناهییەوە بەوەی کە شوورایەکی دووردرێژە بەبێ ئەوەی مێژووێکی وای هەبێت، هەرچی بورجەکانی ئامەدن مێژووێکی دێرینی هەیە. مرۆڤ دەتوانێ باس لە زۆر تایبەتمەندیی مێژووییەکانی بکات، ئامەد شارێکی وەهایە هەر کەسێک جامێک ئاوی ئەم شارەی خواردبێتەوە دەبێتە سەوداسەری جوانییەکەی، هەروەها ئامەد بزۆتێکی ئاگری دڵە بۆ ئەوانەی لێی دوور دەکەونەوە".

شێخمووس سەفەر- کۆمەڵناس و هۆزانڤان دەڵێ "ئێمە لە ساڵی ٢٠١٢دا کۆنفرانسێکمان ساز کرد،  چەند کوردێکی ئێمە لە ئۆراسیاوە هاتبوون، کاتێک لە وێستگەدا پێشوازیمان لێ کردن، گریان، چەند نووسرێک بوون، گوتیان باش بوو ئامەدمان بینی، ئیدی ئەگەر بشمرین خەممان نییە. ئەمە نیشانی دەدات کە ئامەد بۆ کوردان چ ڕۆڵیکی هەیە لە بواری نەتەوەیی و وەک پایتەختێکی گەورە لە هەرچوار پارچەی کوردستان. شارەکان وەک ناسنامەن و هەر شارەو ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە".

شێخمووس سەفەر- کۆمەڵناس و هۆزانڤان دەڵێ "ئەگەر ئامەد بەم شێوە و ڕووکارەیەوە ئەگەر توانیبای هەبوونی خۆی بپاراستبا، دەبوو یەکێک لە شارە هەرە پێشکەوتوو و بەرچاوەکان ەبواری گەشتیاری و حەزی بینینی ئەم شارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەر کەسێک حەلەبی بینیبێت تێدەگات کە ئامەد هیچی کەمتر نییە لەو شارە، یان بڵێین کەسێک لە  شارە بەناوبەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیبێت لە هز و بیری ئەواندا ئامەدیش شوێنێکی تایبەتی دەبێت".

کلامی تێلیێ، کە دەنگبێژی بەناوبانگ حوسێن فارێ دەیڵێ لە دیوەخانی ماڵی جەمیل پاشا دەنگی دەبیستین، دیوەخانی ماڵی جەمیل پاشاش یەکێکە لەو شوێنەوارە ١٣٠ ساڵییەکانی ئامەد، هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە، زەینەب یاش لەم دیوەخانەدا میراتەکانی ئەم شارە کۆدەکاتەوە.

زەینەب یاش- لێکۆڵەرێکی شاری ئامەدە و دەڵێ "ئەگەر باس لە شاری ئامەد بکەیت کە چوار دەرگای هەبوون، کلتوورێکی گەورەی تێکەڵی هەبوو، ئەگەر بە گشتی باس بکەین،  لە دەوروبەری شاری ئامەد وەک فارقین، ناوچەکانی دیکەی کە دەکەونە ئەو سنوورە، کولتووری جیاواز دەبینی، هەروەها کلتووری شاری تایبەت بە خۆیشی هەیە".

مێژوو رۆڵێکی وەهای بە شاری ئامەد بەخشیوە کە بووەتە کەناری کلتووری گەلانی جۆربەجۆر، بیروباوەڕی جودا، فۆلکلۆر و بێژەی جیاواز و هەموویان لەم کەنارەدا تێکەڵ بوونە.

زەینەب یاش- لێکۆڵەرێکی شاری ئامەدە و دەڵێ "کالتووری شاری ئامەد چی بووە؟  کولتووری شاری ئامەد کولتووری ناوچەکە بگرە کولتووری جیهانیش وەک رووم، وەکو چەرکەز و عەرەب و میللەتانی دیکە، هەروەها کورد و سووریانی و ئاشووری و تورکیش بەشێوەیەکی خۆجێی بەیەکەوە ژیاون. کولتوورێکی تێکەڵ هەیە، وەک فۆلکلۆریش هەم فۆلکلۆری تێکەڵ هەم فۆلکلۆری سەربەخۆش هەن، فۆلکلۆری کوردی وەک نموونە لەنێو شاردا هەیە ئەگەرچی زەحمەتیشە دەستنیشانی بکەین بەڵام لە بۆنە و ئاهەنگەکان مرۆڤ دەتوانی فۆلکلۆری کوردی یاخود سوریانی بناسیتەوە".

ماڵی دەنگبێژان کەوتووەتە نێو سووری ئامەد و دەنگە رەسەنەکانی لێنابڕێن، ئەم دەنگبێژانە بوێرانە و مێرخاسانە لە بەرامبەر هەموو ئەو فشارانەی لەسەر مێژووی کوردان هەبووە بەرەنگار دەبنەوە و تیشک دەخەنە سەر مێژووی شاراوە و قەدەخەکراو.

سەعیدخانی بۆیاخچی ئامەد، بە دڵێکی سووتاوەوە دەلاوێنێتەوە و بەسەر نهێنی ئەو بەردە رەشانەی کە نەخشی و جوانکاریی شاری ئامەدن.