مفەوەز شەماڵ
شەماڵ عەباس عەلی، یان شەماڵی سەید عەباس، ناسراو بە مفەوەز شەماڵ، گەنجێکی شاری سلێمانی بوو، لە هەڕەتی لاویدا، فیتەرێکی کارامەبوو لە دوکانی براکانیدا، پاشان کە تەمەنی نزیکدەبێتەوە بۆ سەربازی، بۆ ئەوەی خۆی قوتار بکات، دەبێتە پۆلیس، دواتر بەهۆی بڕوانامەکەیەوە، پلەکەی بەرز دەبێتەوە بۆ مفەوەز، ئیدی لێرەوە، بەماوەیەکی کەم، دەبێتە ناوێکی تۆقێنەر بۆ گەنجانی سلێمانی و لە گوێی تێکڕای خەڵکی شاردا، دەزرنگێتەوە.
شەماڵ، لەدایک بووی ساڵی ١٩٦٣ی شاری سلێمانییە و حەوتەم منداڵی خانەوادەکەی بووە، ئامادەیی پیشەسازی تەواوکردووە، بەوتەی خانەوادەکەی، چووەتە شاخ تاوەکو ببێتە پێشمەرگە، بەڵام وەرنەگیراوە و گەڕاوەتەوە. لێرەوە دەبێتە ئەو مفەوەز شەماڵەی کە هەندێ لەو کەسانەی لەشاری سلێمانیدا ئازاریان بە دەستییەوە چەشتووە، بە ملازم موحسینی کوردی ناوی دەبەن.
ئەو ناوە سەرەتایەکی نەرم و کۆتاییەکی خوێناوی هەبوو، مفەوەز شەماڵ، ئەو کەسەی کە خۆی لە سەربازی هەڵدێ و کەچی دواتر، هەموو گەنجی شار لە دەستی ئەو هەڵدێن.
وەفاداری ئەم گەنجە بۆ حیزبی بەعس و ڕژێمەکەی، دەگاتە ئاستێک، کە سروشتێکی تایبەتی بۆ دروستدەکات، بەڕادەیەک دڵ ڕەقییەکەی هەڵدەکشێ، کە زۆربەی ئەوانەی دەستگیریان دەکات، دۆست و هاورێ و ناسراوەکانی خۆیەتی.
تەنانەت سڵی لەبراکەی خۆیشی نەکردووەتەوە، گوڵاڵەی براژنی تاوەکو دوا ساتیش قسەی لەگەڵیدا نەبوو، چونکە مێردەکەی گوڵاڵە بە گرتن دەدات کە برای خودی مفەوەز شەماڵ بوو.
لە 7ی ئازاری 1991 لە ڕۆژی ڕاپەڕینی سلێمانی، دەکەوێتە دەست خەڵکی ڕاپەڕیوی شارەکە و لەبەردەرکی سەرای سلێمانی هەڵواسرا، تاوەکو ڕۆژی دواتر تەرمەکەی لەو مەیدانەدا بە هەڵواسراوی مایەوە.
شەماڵ، دوو ژن و دوو منداڵ و تەمەنێکی کورت و چیرۆکێکی درێژی لەپاش خۆی بەجێهێشت.
بهشی بكه لە