گوندەکانی کوردستان-زەڵم

گوندەکانی کوردستان-زەڵم
کە نزیکدەبیتەوە لە گوندی زەڵم، هاژەی بەخوڕی ئاوی زەڵم و گوندە سەر سەوزەکە و ئەو خانوانەی، کە بە دەست و بازووی دانیشتووانەکەی لە بەردی شاخەکان دروستیانکردووە، سیمایەکی هێندە جوان داوەتە گوندەکە، ئەستەمە لە خەیاڵی مرۆڤدا بسڕێتەوە.

ئەو گوندە لە دوای راپەڕێنی ساڵی 1991 دووبارە ئاوەدانکراوەتەوە.

پیرەمێردێکی گوندەکە دەڵی "لە ناوی زێوە هاتووە، زەڵم مانای زێ، بە ناوی ئەو ئاوەوە نراوە، جادەمان نەبوو، دوو ساڵە جادەمان بۆ دروستکراوە، پێشتر پیادەڕا بوو، وڵاخەڕای تێدابوو، ئەگینا جادەی باشی تیانەبوو، خانووەکان قوڕ و بەردە، بەردی شاخەکان، وەکو چیمەنتۆ وایە، مەحکەمە، ناڕووخێت، زۆربەی دیوارەکان هی کۆنن ماونەتەوە"

کچێکی گوندەکە دەڵی "جوانی سروشتەکەی دوای ئەوەش ئێمە خەڵکی گوندەکەین، هاتووینەتەوە ئێرە، لەو کاتەوەی ئێمە لێرە دانیشتووین بە دەگمەن خەڵک چووەتە شارەکان بۆ ژیان، من حەز ناکەم بچمە شار بژیم".

هەروەها کچەکە دەڵێ "ئەوە پەیوەندی بە رابردوو و ئێستاوە هەیە، ئیدی کارئاسانی کراوە، ئەو کاتەی کە ئەم خانوانە کراون بە بەرد، رەنگە پێدوایستییەکی وایان دەستنەکەوتبێت، بە بەرد کردوویانەوە، ئەوکاتە جادەشی نەبووە ئێرە، یەعنی کارئاسانی وا نەبووە، بەڵام ئێستا ئێستا کە کارئاسانی کراوە، خانوو بە ئاسانتر دروسدەکرێت".

نهێنی دڵگیری گوندی زەڵم، زیاتر لە سەچاوەی زەڵم و دارگێزە چڕ و بەژن بڵندەکانییەتی، لە رابردوودا زیاتر لە 150 ماڵی تێدابوو، بەڵام ئێستا 40 ماڵی تێدایە و دانیشتوانەکەشی بە کاری ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن.

سەرچاوەی ئاوی زەڵم تاڤگەیەکی بەرزە و بە قەد چیای هەورامانەوە وەک بەفرێکی سپی دێتەخوارەوە، ئاوێکی شیرین و سازگارە، لەگەڵ ئاوی سیروان و تانجەڕۆ یەکدرگرن و پێکەوە دەڕژێنە دەریاچەی دەربەندیخان.

بە گوتەی خەڵکی گوندەکە، نازانرێت سەرچاوەی ئاوەکە لە کوێوە دێت، دانیشتوانی هەورامان و شارەزوور بۆ باخ و کشتووکاڵ سوودی لێوەردەگرن.

گەشتیارێک دەڵێ "گوندی زەڵم تاکە گوندە لە هەوراماندا، ئاوێکی زۆری هەیە و هاوینەهەوارێکی زۆر خۆشی هەیە، دەتوانم بڵێم گوندی زەڵم بە شیوەی سروشتی خۆی ماوەتەوە، ئەم هاوینەهەوارە بووەتە سەرچاوەی داهاتی خەڵکنی ناوچەکە، ئەو خانوو و شوێنانەی تۆ لێرە دەیبینی، بە پشتی وڵاخ هێنراون و دروستکراون".

چەند هەنگاوێکی کەم لە دووری گوندەکە، سەڕچاوەی ئاوی زەڵم هەیە، جگە لەوەی بووەت مایەی خێر و بەرەکەت بۆ گوندەکە، هەروەها لە چوار وەرزی ساڵدا گەشتیاران پێیان لەم هاوینەهەوارە دڵڕفێنە نابڕن، لە سێبەری دارگوێزەکان و لە قەراغ هاژەی بە خوڕی ئاوەکەدا، رۆژە گەرمەکان لە بیریخۆیان دەبەنەوە.

گەشتیارێکی دیکە دەڵێ "ئێرە شوێنێکی زۆر خۆشە، گوندی زەڵم و ئاوەکە پێکەوەیە، من هاتووم بۆ سەیران، بۆ تۆمارکردنی یادگارییەک لەگەڵ هاوڕێکانم، بۆ وێنەگرتن و خۆشی خۆمان، بەڕاستی ئێرە خۆشە، گوندەکەشم بینی زۆرخۆشبوو، خۆشییەکی زۆرمان لێبینی".

گوندی زەڵم دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شارۆچکەی خوورماڵ، ئەگەرچی رێگەی گەیشتن بەم گوندە سەختە، بەڵام نەبووەتە رێگر بۆ ئاوەدانکردنەوەی، سیمای سەیرانگەی زەڵمیش ئەگەرچی دەستکردی گوندەکە خۆیەتی و کۆنە، بەڵام بووەتە سەرچاوەی خۆژێنی هەندێک لە خێزانەکانی گوندی زەڵم.