کەباب یاسین
یەکێک لە کەبابخانە بەناوبانگەکانی شاری هەولێر کەبابه یاسینە، کە نزیکەی یەک سەدەیە بەردەوام کەباب بۆ میوانەکانی ئامادە دەکات، خاوەنی کەباب یاسین سەرەتا شاگردبووە، دوات دووکانێکی بەکرێ گرتووە، ناوی لێناوە کەباب یاسین، یاسین لە ساڵی 1992 کۆچی دوایی دەکات، بەڵام ئێستا کوڕەکانی کەبابخانەکەیان کردووەتە شوێنێکی گەشتیاری گەورە و رۆژانە زیاتر لە 2000 میوان بەڕێدەکەن.
ئێرە قەیسەری هەولێرە، یەکێکە لە کۆنترین بازاڕەکانی هەولیر، لەنێو ئەم بازاڕەدا دەیان دووکان و چێشتخانە و چایخانە هەن، کە نزیکەی 100 ساڵە باوک و کوڕ و نەوەکانیان کاری تێدادەکەن.
ئێستا دەچینە کەبابخانەی یاسین، ئەم کەبابخانەیە نزیکەی 100 ساڵە هەیە، خاوەنەکەی ناوی یاسین بوو، کەبابخانەکەش بەناوی ئەو ناوبانگی دەرکردووە.
یاسین، کەسێکی شاری هەولێر بوو و شاگردی کەبابخانەی عەبدوڵڵا بوو، لە ساڵی 1946 ئەو دووکانەی بەکرێ گرتووەو خۆی کەبابخانەی تێدا داناوە. ئێستا یەکێکە لە بەناوبانگترین کەبابخانەکانی شاری هەولێر.
جگە لە دووکاندارەکانی ناو قەیسەری، بەشی زۆری ئەو کەسانەی لە لێرە کەبابیان خواردووە، خەڵکی گوندەکان بوون. کاتێک هاتوونەتە بازاڕ نیوەڕۆکەی لەم کەبابخانەیە نانیان خواردووە.
کەمال محەممەد، خەڵکی گوندی گاینز، لە کەباب یاسین خەریکی کەباب خواردن بوو، باوکی کەمال پێشتر پاسی هەبووەو خەڵکی لە گوندەکانی دەوروبەری هەولێر هێناوە بۆ شار، کەماڵ سەربوردەلانی باوکی دەگێڕێتەوەو دەڵێ "بابم خوا عەفووی بکات، کە لە گوندەوە دەهاتە شار، خەڵکی گوندی دەهێنایە شار، کە دەگەڕایەوە خەڵک پرسیاریان لێدەکرد، ئەگەر کەبابتان نەخواردووە، واتە نەچووینەشار، کەباب بەمشێوەیە بەناوبانگ بوو. بەتایبەت کەباب یاسین، ناوبانگێکی زۆری هەیە".
سەرەتا کەباب یاسین تەنیا دووکانێک بوو و مێزێک و دوو کورسی تێدابوو، بەڵام ئێستا زۆر گەورەکراوە، چوکە ژمارەی سەردانکەرانی رۆژبەڕۆژ زیاددەبێت.
یاسین لە ساڵی 1992 کۆچی دوایی دەکات، کوڕەکانی لەسەر کارەکەی بەردەوامن و کەبابخانەکەیان فراوانترکردووە.
کەبابخانەی یاسین لە ساڵی 2017 بەشێوازێکی مۆدێرن لەسەر شەقامی 100 مەتری دەکرێتەوە، کە شوێنی نزیکەی 1000 کەس دەبێتەوە.
زەکەریا یاسین، خاوەنی چێشتخانەی کەباب یاسین، کەثێشتر لەگەڵ باوکی کاری کردووە دەڵێ "ئەوەی سەرەوە باوکمە، یاسین قەرۆک، ئەوەشیان حاجی عەبدوڵڵا عەبدوڵقادر کەبابچییە، کە ناسراوە بە حاجی عەبۆ، باوکم لەلای ئەو کاری کردووە، واتە پیشەکەی لەو وەرگرتووە".
وەستا زەکەریا، کە بە منداڵی لەلایەن یاسینی باوکی کاری کردووە، سەرپەرشتی تەواوی کەبابخانەکە دەکات. رۆژانە کاژێر 6 تاوەکو 12ی شەو خواردن پێشکەش بە میوانان دەکات
زەکەریا یاسین، خاوەنی چێشتخانە دەڵێ "شەممان و پێنجشەممان زۆر قەرەباڵخ دەبێ،شەممان کە دەوام نییە، خەڵک دێتە بازار بۆ کڕینی پێداویستییەکانی، پێنجشەممانیش لەبەر ئەوەی نیودەوامە، ئەوەی لە دەوام تەواودەبێ، دێتە بازاڕ و کارەکانی خۆی دەکات، دواتر کەبابیش دەخوات".
زەکەریا دەڵێ بەڕێوەبردنی چێشتخانە، کارێکی زۆر زەحمەتە و خاوەنەکەی زۆر ماندوو دەکات، چونکە دەبێ دڵی هەموو میوانەکان رازی بکەین و خواردنەکانیان زۆر بە باشی بۆ دابنێین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بێنەوە لامان.
زەکەریا یاسین، خاوەنی چێشتخانە لەبارەی زەحمەتی کارەکەی ئاماژە بەوەدەکات کە "هەموو رۆژێ لێرە ژن هێنانە، ئەوتوو گەورەترین کێشەت ئەوەیە، کە بەیانی ژن بۆ خۆت یاخود برایەکت دەهێنی، چۆن ئەو خەڵکەی دەعوەت بکەی، چۆن نانیان دەدەیێ، ئێمە هەموو رۆژێ لێرە ئەو دەعوەتەی دەکەین، هی ژن هێنانێ".
زۆرکەس داوای کەباب یاسین دەکات و بۆ میوانەکانی دەباتەوە ماڵەوە، خاوەنی کەباب یاسین دەڵێ، کەبابمان بۆ چەندین وڵاتی ئەوروپی بە سەفەری ناردووە. "سەفەریمان بۆ ئەڵمانیا دەڕوات بۆ سوید دەڕوات، بۆ نمونە کەسێک دێت دەڵێ 15ی مان سەفەرم هەیە، 50 کەبابم بۆ دابنێ، حافیزە هەیە، کەبابەکان دەبرژێنین، دواتر ساردی دەکەینەوەو دەیخەینە ناو ساردکەرەوەو دەیبەستی، ئەو رۆژەی دەڕوات دەریدەهێنین و دەیبات، هەتا دەگاتە وڵاتەکەی هەر بەستراوە، ئەو رۆژەی دڵی دەچێتە کەباب، دوو سێ کەبابی دەردەهێنی و دەیخاتە ناو فڕن یاخود ناو مایکڕۆی، دەڵێ کە گەرمدەبێتەوە وادەزانم تازە لە کەباب یاسین بۆم دانراوە".
زۆربەی ئەو شاندوو میوانە بیانیانەی سەردانی هەرێمی کوردستانیان دەکەن، لەلایەن والی هەولێر دەهێنرێنە کەبابخانەی یاسین، وەکو دەبێنین وێنەی زۆربەیان لە کەبابخانەکە دانراوە.
زەکەریا یاسین، خاوەنی چێشتخانە دەڵێ "کونسوڵەکانی وڵاتان، ئەو باڵیۆز و میوانانەی دینە هەولێر و سەردانی کاک نەوزادی دەکەن، نیوەڕۆ هەموویان دێنە کەباب یاسین، کاک نەوزاد بەخۆشی لەگەڵیان دێت، دوای کەبابەکەی دەیانباتە چایخانەی مام خەلیلی".
کەم کەس هەیە لە هەولێر ناوبانگی کەباب یاسینی نەبیستبێ، زۆربەشیان تامی ئەو کەبابەیان کردووە، ئێستاش لە گوندەکانی دەوروبەری هەولێر خەڵک بۆ کەباب خواردن روو لە بازاڕ دەکەن زۆربەشیان دەچنە کەباب یاسین.
بهشی بكه لە