کۆتری گرانبەها
چایخانەیەک لە گەڕەکی تەعجیل، لەشاری هەرولێر، ڕەنگە تاکە چایخانە بێت لە باشوری کوردستان، کە هیچ باس و خواسێکی سیاسی تێدا ناکرێت...
لەو چایخانەدا، هەموو دیالۆگێک بە کۆتر دەست پێ دەکات و بە کۆتریش کۆتایی پێ دێت.
کۆترێک بە دوودەفتەر دۆلار سەودا و مامەڵەی پێوە دەکرێت، کۆترێکی دی، کڕیاری چوار دەفتەر دۆلاری بەسەرەوەیە و خاوەنەکەی نایدات، نە قەیرانی ئابوری هەرێم و نە دوواکەوتنی موچە، کاری نەکردووەتە سەر نرخی کۆترەکان.
کۆتربازەکان لەهەر شارێکی باشوری کوردستاندا جیهانێکی تایبەت بەخۆیان هەیە، کۆترێک کە لەنێو کۆتربازەکانی هەولێردا بە دوو دەفتەر دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، لەنێو کۆتربازەکانی سلێمانیدا، بەهای ١٥٠ دۆلاری نیە.
جیهانەکە تەواو لۆکاڵییە، جیاواز لەبازاڕی نەوت و بۆرسە، لێرە کۆتر ئەو کاڵایەیە کە هیچ کەس ناتوانێت نرخی دابەزێنێت و هیچ کەسیش ناتوانێت نرخەکەی بەرز بکاتەوە.
کۆتربازەکانی شار، ساڵانە لەنێو خۆیاندا پێشبڕکێ ساز دەکەن و هەریەکەیان گرانترین و نایابترین جۆری کۆتر بەشداری پێ دەکەن، کۆترێک کە نرخەکەی تەنیا سێ هەزار دینار بێت، گەر لەپێشبڕکێکەدا یەکەم بێت، نرخەکەی دەچێتە سێ تا چوار دەفتەر دۆلار.
فەیسەڵ عەلی ماوەی ١٥ ساڵە کۆتربازە، لەسەر ئاستی هەموو هاوڕێ کۆتربازەکانی خۆی لە شاری هەولێر، ئەو خاوەنی گرانترین جۆری کۆترە، کە نرخەکەی چوار دەفتەر دۆلارە.
لەسەربانی ماڵەکەیدا سەدان کۆتری گرانبەها بەخێو دەکات، ئەو ڕێگە بەکەس نادات بچێتە سەربانەکە و لەکۆترەکانی نزیک بێتەوە...
فەیسەڵ، بەنیازە ئەمساڵیش کۆترەکەی، پلەی یەکەمی پێشبڕکێی کۆتربازەکانی شار بەدەست بهێنێت. گەر ئەمساڵیش سەرکەوتوو بێت، نرخەکەی دەگاتە شەش تا حەوت دەفتەر دۆلار !
کۆترەکەی فەیسەڵ تائێستا لە چوار پێشبڕکێی لۆکاڵی کۆتربازەکانی شاری هەولێرەدا، پلەی یەکەمی بۆ خاوەنەکەی بەدەست هێناوە. ئەم کۆترانە تەنیا نرخی خۆیان گران ناکەن، بەڵکو نرخی نەوەکانیشیان گران دەبێت. هەر هێلکەیەکیشیان بە پێنج هەزار دۆلار لەنێو کۆترفرۆشاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت !
بۆ شکاندنی ڕیکۆردی کۆترەکەی فەیسەڵ، کۆتربازەکان ساڵانە بایی نزیکەی ١٠٠ دەفتەر دۆلار کۆتر ئامادە دەکەن.
بۆ کەسێکی ئاسایی و نەشارەزا، زۆربەی کۆترەکان هەم لەڕەنگ و هەم لەشێوەدا لەیەک دەچن، کاتێک سەیری دەکەیت، بە ئاستەم جیاوازییەکی ئەم کۆترەت لەگەڵ کۆترەکانی دیکەدا بۆ دەردەکەوێت، بەڵام کە کۆتربازەکان قسەی لەسەر دەکەن، دەیان جیاوازی لەسەر دەژمێرن، کە ڕەنگە بەلای کەسێکی ئاساییەوە بە جیاوازی ئەژمار نەکرێن.
ڕزگار حسێن کۆتر باسێکی دیکەی هەولێرە و وەک خۆی دەڵێ: لە منداڵییەوە خولیای کۆتر و کۆتربازی هەبووە. ئەو هەموو ڕۆژێک لەچایخانەی کۆتربازانە، هەموو باسێکیشی لەسەر کۆترە.
کۆتر لەپۆلی باڵدارەکانە و تێکڕای تەمەنی ٥ بۆ ٦ ساڵە، تا قەبارەی کۆترەکە گەورەتر بێت، ەمەنیشی زۆرترە، هەر نێر و مێیەکی کۆتر، لەساڵێکدا نزیکەی ١٢ جوجکەی لێ پەیدا دەبێت.
بهشی بكه لە