هاوناز

هاوناز

هاوناز هێشتا زیندووە، کەچی گۆڕەکەی لەبەهەشتی زەهرای تارانە، لاشەکەی لەهەولێرە، چیرۆکەکەی لەهەڵەبجەیە، یادەوەرییەکانیشی لە مازندەران، هیچ شتێکی ئەو لە جێی خۆی نەماوە، تەنیا هەڵەبجە نەبێت.

هاوناز لە تەنیایی دەترسێت، هەمیشە بۆ پیاوێک دەگری، کە هەرگیز گوێی لە دەنگی نەبووە.

چارەکە سەدەیەکە مەریەمە، کەچی لەڕاستیدا هاونازە، کچە ونبووەکەی هەڵەبجە، ئەو ئێستا لە هەموو شتێکدا خاوەنی دووانە، دوو دایک، دوو باوک، دوو خێزان، دوو شار، دوو فەرهەنگ، دوو زمان و دوو نیشتمان، بەڵام نەهامەتییەکان هەزارانە.

چیرۆکەکانی هەڵەبجە ڕوون و ئاشکرا، بەڵام درێژن، منداڵەکان تیایدا بزر و گەورەکانیش حەسرەتبار، لە چیرۆکی هەڵەبجەدا هیچ کارەکتەرێک پێ ناکەنێت.

ئەو لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا، لەدایکی بزر دەبێت و لە شاری ساری مازندەرانی ئێران، دەخرێتە خانەی بێ سەرپەرشتانەوە، خانەوادەیەک هەڵی دەگرنەوە و ئیدی لەو کاتەوە ناوی دەبێتە مەریەم.

مەریەم گەورە دەبێت و لە کەس ناچێت، نە لەباوک و نە لەدایک و نەلەمنداڵەکانی تری خێزانەکەی، لێرەوە بەدووای نەژادی خۆیدا دەگەرێت.

سەرئەنجام، پشنکنینی D N A دووا بڕیار لە چارەنوسی دەدات. مەریەم هەڵەبجەییە، ناوی هاونازە، چارەکە سەدەیەک بەر لەئێستا، لە گێلاس ئەسکەندەر بزر بووە. باوکی ناوی ئەحمەد قادرە.

هاوناز ئێستا پاش نزیکەی سێ دەیە، پیاوێک دەلاوێنێتەوە، کە هەرگیز نەیدیوە. بەردەوام بۆی دەگری، هەمیشە فرمێسکی بۆ دەڕێژێت، ئەو پیاوەش ئەحمەد قادرە کە بە کیمیای بەعس، لە هەڵەبجە شەهید بوو، ئەحمەد قادر، باوکی حەق و دادی هاونازە، کچە ون بووەکەی هەڵەبجە.